|
ئێران، مۆڵگه‌ی تیرۆریستان
و: ره‌شید حه‌یده‌ری
2ی ئوتی 2004
لێكۆڵه‌رانی ئورووپایی ده‌ڵێن ئێران، سه‌ره‌ڕای
سه‌ركوتی جارناجاری تۆڕی تیرۆریستیی ئه‌لقائیده، بووه‌ته داڵده
و په‌ناگه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كه سه‌ربه‌و رێكخراوه‌یه‌ن و
گومانی جێبه‌جێ كردنی په‌لاماری تیرۆریستیی به‌به‌رنامه‌یان له
ئورووپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌دا لێده‌كرێ و وێ‌ده‌چێ له
وه‌ڕێ‌خستنی بشێوی له ئێراقیش‌دا ده‌ستیان هه‌بێت.
لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجامدراو له فه‌رانسه،
ئیتالیا، ئیسپانیا و وڵاتانی دیكه له‌دوای 11ی سیپتامبه‌ره‌وه،
ئاماژه به حوزووری ئه‌ندامانی ئه‌لقائیده له ئێران‌دا ده‌كه‌ن
كه له نێویان‌دا رێكخه‌ری گومانلێكراوی ته‌قاندنه‌وه‌ی
شه‌مه‌نه‌فه‌ری ئیسپانیایی ئه‌م ساڵ له "مادرید" و
ته‌قینه‌وه‌كانی ساڵی پاری عه‌ره‌بستانی سعوودی هه‌ن.
لێكۆڵه‌ران ده‌ڵێن سیاسه‌تی فره‌ڕه‌نگ و
گوماناویی ئێران كۆسپی وای خستووه‌ته سه‌رڕێ كه نه‌كرێ شێوه و
سروشتی پێوه‌ندیی كاربه‌ده‌ستانی ئێران و تۆڕی تیرۆریستیی
ئه‌لقائیده دیاری بكرێت.
پێوه‌ندیی نهێنیی نێوان ئێران و ئه‌لقائیده،
مانگی رابردوو به دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتی كۆتایی
كومیسیونی 11ی سیپتامبه‌ر سه‌رنجه‌كانی بۆ لای خۆی راكێشا.
راپۆرته‌كه ده‌ریخست كه هه‌شت كه‌س له فڕۆكه‌ڕفێنه‌كان به
ئێران‌دا تێپه‌ڕیون. به‌ڵام كومیسیۆنه‌كه به‌ڵگه‌ی زۆری
له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌تیی ئێران و ئه‌لقائیده به‌ر له
هێرشه‌كانی 2001 نه‌خسته به‌رده‌ست.
ئه‌وه‌ی بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانیی
كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تیی له وڵاتانی رۆژئاوادا، هه‌ڕه‌شه و
مه‌ترسی‌یه‌كانی تاقمی تیرۆریستیی ئه‌لقائیده‌یه و نموونه‌ی
ئه‌و مه‌ترسی‌یانه‌ش بریتین له تێوه‌گلانی ئه‌و تاقمه له
رووداوه‌كانی ئێراق، هێرشی كوشنده بۆ سه‌ر ئورووپا، باكووری
ئافریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست.
كاربه‌ده‌ستانی ئورووپایی ده‌ڵێن له حاڵێك‌دا
جووڵانه‌وه‌كه‌ی "بین- لادین" له ساڵی 2001 ه‌وه خۆی
رێك‌خستووه‌ته‌وه، ئێران ناوبه‌ناو، بووه‌ته په‌ناگه‌ی ئه‌و
مۆره گرینگانه‌ی ئه‌لقائیده كه به‌هۆی كه‌م‌ڕه‌نگ بوونه‌وه‌ی
خودی "بین- لادین" له مه‌یدان‌دا، بایه‌خ و گرینگی و
سه‌ربه‌خۆیی‌یان وه‌ده‌ست خۆ خستووه.
كاربه‌ده‌ستێكی باڵای فه‌رانسه، كه نه‌یویست
ناوی خۆی ئاشكرا بكات، گوتی " ئێران دوو- ڕۆڵ یاری ده‌كات.
ئه‌وه‌ی بۆ زیان‌گه‌یاندن به ئامریكایی‌یه‌كان له ده‌ستیان
بێت، بێ یه‌ك و دوو لێ‌كردن، ده‌یكه‌ن. دوو رۆڵی‌یه‌كه
له‌وه‌دایه كه كه‌سانی گرینگی سه‌ربه ئه‌لقائیده‌یان
ده‌سگیركردووه به‌ڵام له هه‌مان كات‌دا، رێگایان به كه‌سانی
گرینگی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه داوه كاری تیرۆریستی به‌ڕێوه
به‌رن. ئه‌وه شێواز و میتۆدی كلاسیكی ئێرانه كه پڕه له
شك‌وگومان و فڕوفێڵ.
ئێران به‌رده‌وام پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه
كه هه‌موو چه‌شنه تۆڕێكی تیرۆریستیی له نێو خاكی خۆی‌دا
لێك‌هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌م وڵاته له‌م دوایی‌یانه‌دا رایگه‌یاند: " ئێران هیچ
وێكچوون و نزیكایه‌تی‌یه‌كی له‌گه‌ڵ تالیبان و ئه‌لقائیده‌دا
نییه و به قسه و به كرده‌وه‌ش ئه‌مه‌مان سه‌لماندووه."
لێكۆڵه‌رانی ئورووپایی وای بۆ ده‌چن كه
پشوودرێژی و بێده‌نگیی كاربه‌ده‌ستانی ئێران له ئاست
ئه‌لقائیده له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و تاقمه وه‌ك ئامرازێك له
خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی ژیئوپۆلیتیكی ئێران له ئێراقی دراوسێ و
هه‌روه‌ها له دژی دوژمنانی سه‌ره‌كیی ئێران‌دایه كه بریتین له
وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا، ئیسرائیل و عه‌ره‌بستانی
سعوودی.
لێكۆڵه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه هه‌ر
چه‌شنه یارمه‌تی‌یه‌كی ئێران به ئه‌لقائیده ناڕاسته‌وخۆ و
سنووردار ده‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و جیاوازی‌یه
بنچینه‌یی‌یانه‌ی له‌نێوان جووڵانه‌وه‌ی سوننی مه‌زهه‌بی "بین-
لادین" و رێژیمی شیعه‌مه‌زهه‌بی تاران‌دا هه‌یه. هیندێك له
پسپۆڕان هه‌روه‌ها له نێوان رێبه‌رایه‌تیی سیاسیی تاڕاده‌یه‌ك
نه‌رمڕۆی ئێران و هێزی ئاساییشی توندڕۆی ئه‌م وڵاته،
به‌تایبه‌ت سپای پاسدارانی شۆڕش، كه وه‌ك " ده‌وڵه‌ت له نێو
ده‌وڵه‌ت"دا كار ده‌كه‌ن، جیاوازی داده‌نێن.
مسته‌فا ئالانی له ئه‌نیستیتۆی یه‌كگرتووی
پاشایه‌تی كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگریی بریتانیایه ده‌ڵێ: "
كاتێك حكوومه‌تی ئێران ده‌ڵێ پێوه‌ندیی به ئه‌لقائیده‌وه نییه،
راست ده‌ڵێت. ئه‌وه حكوومه‌ت نییه كه پێوه‌ندیی به‌و
رێكخراوه‌وه هه‌یه به‌ڵكوو سپای پاسدارانه."
" ئێمه له‌سه‌ر سپایه‌ك ده‌دوێین كه به‌ته‌نیا
سرویسێكی ئیتلاعاتی نییه به‌ڵكو هێزێكی ئیدئۆلۆژیكی‌یه و
له‌ڕاستی‌دا سیاسه‌توانان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریان‌دا نییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌لقائیده‌دا جۆرێك له هاوپه‌یمانه‌تی هه‌یه و
به‌پێی ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تی‌یه سپای پاسداران له ئاست
چالاكی‌یه‌كانی ئه‌و رێكخراوه له ئێران‌دا چاوپۆشی ده‌كات.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگا و لێكۆڵه‌ران له ئورووپا،
ئه‌و مۆرانه‌ی ئه‌لقائیده كه له ئێران‌دا
كاریان كردووه، بریتین له "ئه‌بوو موزعه‌ب زه‌رقاوی" ، خه‌ڵكی
ئوردون كه وه‌ك رێبه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی ئێراق و تۆڕێكی
به‌ربڵاوتری نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌یری ده‌كرێت، "سه‌یف عادل"ی
میسری كه به سه‌رۆكی نیزامیی ئه‌لقائیده داده‌نرێت و
سه‌ره‌نجام "مسته‌فا ست‌مه‌ریه‌م نه‌سار" شه‌ڕكه‌رێكی خاوه‌ن
ئه‌زموونی سپانیایی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك سووریه‌یی كه له لایه‌ن
پۆلیسی سپانیاوه به رێكخه‌ری ئیحتیمالیی هێرشه‌كانی مادرید
ده‌ناسرێت.
لێكۆڵه‌رانی پایه‌به‌رزی ئیسپانیایی ده‌ڵێن
راپۆرتی ئیتلاعاتیی ساڵی پاری ئاژانسه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات
شوێنی نیشته‌جێ بوونی "نه‌سار"یان به ئێران داناوه. هه‌ر
به‌گوێره‌ی هه‌مان لێكۆڵه‌ران، "نه‌سار"، كه
پرۆپاگه‌نده‌چی‌یه‌كی پێشوو له له‌نده‌ن و فه‌رمانده‌ری
كامپێكی راهێنان له ئه‌فغانستان بووه، وه‌ك مۆره‌یه‌كی ناسراو
له گروپێك‌دا كه له "بین- لادین" دووری گرتووه، خۆی
ده‌رخستووه.
هه‌رچه‌ند وێده‌چێت "بین- لادین" و پیاوی
ده‌سته راستی ئه‌و، "ئه‌یمه‌ن زه‌واهری"، له نێوان سنووره‌كانی
ئه‌فغانستان و پاكستان‌دا خۆیان حه‌شاردابێت به‌ڵام
كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن مۆره گرینگه‌كانی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه،
پاش هه‌ڵاتن له ئۆپراسیونه نیزامی‌یه‌كانی ئا‌مریكا له
ئه‌فغانستان له كۆتایی 2001 دا، له ئێران داڵده دراوون.
كاربه‌ده‌ستێكی به‌رزی ئیسپانیایی ده‌ڵێ
راپۆرتی ئیتلاعاتیی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه
ئه‌ندامانی "شورای رێبه‌ری" له باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران‌دا
گیرساونه‌ته‌وه. ناوبراو له درێژه‌ی قسه‌كانی‌دا ده‌ڵێت: "
ئێرانی‌یه‌كان له بواری زانیاری و ئیتلاعات‌دا هاوكاری ناكه‌ن.
ئه‌وان حاشا له هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه روون نییه چی
رووده‌دات. ده‌یانه‌وێ خۆیان به رێفۆرمخواز و كراوه به‌ڕووی
خۆرئاوادا بناسێنن، به‌ڵام گومانی ئه‌وه ده‌كرێت كه له نێو
رێژیم‌دا گرووپی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وتۆ هه‌بن كه پشتیوانی له
ئه‌لقائیده ده‌كه‌ن.
چه‌ند پسپۆڕێكی ئورووپایی ئیستیدلالی ئێران‌یان
لا دروسته كه ده‌ڵێت حوزووری میلیشیاكان زیاتر له ناوچه
سنووری‌یه به‌ربڵاوه‌كان‌دایه كه كۆنترۆڵ‌كردنیان كارێكی
دژواره. به وته‌ی كاربه‌ده‌ستێكی پایه‌به‌رزی دژه تیرۆری
فرانسه‌وی، ئێران مۆره‌گه‌لی ناسراوی وه‌ك "سه‌عد" ی كوڕی
"بین- لادین" ی ده‌ستگیر كردوون. به‌م حاڵه‌ش ئێران زانیاریی
كه‌می له‌سه‌ر گومانلێكراوانی وه‌ك "سه‌عد" ی كوڕی "بین-
لادین" و "عادل"، كۆماندۆی پێشووی میسر و فه‌رمانده‌ی نیزامیی
ئه‌لقائیده، پێشكه‌ش كردووه. هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سته
فه‌رانسه‌وی‌یه‌كه گوتی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كاربه‌ده‌ستانی
ئا‌مریكا هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی "عادل"یان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه
راگه‌یاند كه‌چی ئێران گرتنه‌كه‌ی پشتڕاست نه‌كرده‌وه. راپۆرتی
كاربه‌ده‌ستانی دژه‌تیرۆر نیشان ده‌ده‌ن كه ئێرانی‌یه‌كان
"ئازادیی هاتوچۆی سنووردار" به هیندێك له رێبه‌رانی ئه‌لقائیده
ده‌ده‌ن.
كاربه‌ده‌ستانی ئورووپایی ده‌ڵێن "عادل"
گومانلێكراوی سه‌ره‌كیی ته‌قینه‌وه‌كانی عه‌ره‌بستانی
سعوودی‌یه و فه‌رمانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ته‌قینه‌وانه له
ئێرانه‌وه ده‌رچووه.
هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانی فه‌رانسه‌وی ده‌ڵێن
كه ئێران پێوه‌ندیی به ته‌قینه‌وه خۆكوژی‌یه‌كانی
"كازابلانكا"ی "مه‌راكیش"ه‌وه هه‌یه كه چوار رۆژ دوای
ته‌قینه‌وه‌كانی "ریاز" روویان دا. ته‌قینه‌وه‌كانی
"كازابلانكا" ش، به نۆره‌ی خۆیان، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌كانی
شه‌مه‌نده‌فه‌ری مادریددا یه‌ك‌ده‌گرنه‌وه.
لێكۆڵه‌ران ده‌ڵێن كاتێك ئه‌لقائیده سێ ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر بۆ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر رۆژئاوا خۆی ئاماده ده‌كرد،
ئێران، بۆ پێداتێپه‌ڕین به‌ره‌و كه‌مپه‌كانی راهێنان له
ئه‌فغانستان‌دا، رێگایه‌كی قه‌ره‌باڵخ بوو. به‌گوێره‌ی تۆماری
به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا، له وتووێژێك‌دا كه له 10ی مانگی مارسی
2001 له لایه‌ن پۆلیسی ئیتالیاوه تۆماركراوه، ئه‌ندامی
شانه‌یه‌كی تیرۆریستی له شاری "میلان" ده‌ڵێت هاوڕێیانمان له
كاتی تێپه‌ڕبوون به نێو ئێران‌دا هیچ ترسێكیان نه‌بوو.
"تاریق چه‌رابی" كه خه‌ڵكی تونیسه و دواتر
به‌تۆمه‌تی پێوه‌ندی به كاری تیرۆریستی‌یه‌وه حوكوم درا،
ده‌پرسێت: "له ئێران‌دا مه‌ترسی نییه؟"
هاوڵاتی‌یه‌كی لیبی به ناوی "لاسێد بن حه‌نی"
له‌وه‌ڵامی "تاریق"دا ده‌ڵێت: "نه‌خێر، چوونكه رێكخراوێك
هه‌یه كه ئه‌ركی یارمه‌تی‌دانی برایانی موجاهیدی بۆ په‌ڕینه‌وه
له سنوور له ئه‌ستۆدایه. له‌گه‌ڵ ئێرانی‌یه‌كان‌دا هاوكاری و
هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو هه‌یه" "بن حه‌نی" له درێژه‌ی قسه‌كانی‌دا
ده‌ڵێت: "پاكستان باشترین رێگا بوو، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی
دوایی‌دا سرویسی ئیتلاعاتیی زۆر په‌یدا بوون." ناوبراو
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له ئێران‌دا به‌رپرسێكی ئه‌لقائیده پێشوازی
له برایان ده‌كات و دیاریی ده‌كات كه كامانه‌یان بنێردرێن بۆ
ئه‌فغانستان. باشتر وایه بچی بۆ باڵوێزخانه‌ی ئێران له
له‌نده‌ن چونكه ئاسانه و پاشان هه‌موو شتێك تا گه‌ییشتن به
كامپه‌كانی راهێنان به‌باشی رێكخراوه.
رێگای چوونه ژووره له ئێرانه‌وه، له كۆتایی
ساڵی 2001 دا بوو به رێگای هه‌ڵاتن. كاتێك هێزه‌كانی ئا‌مریكا
په‌ناگای "بین- لادین" له ئه‌فغانستان‌یان وێران‌كرد، ده‌یان
كه‌س له چه‌كداره‌كانی ناوبراو، كه هیندێكیشیان خێزانیان
له‌گه‌ڵدا بوون، بۆ نێو ئێران هه‌ڵاتن. زۆری نه‌خایاند كه
كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی زۆر كه‌سی لێیان ده‌ستگیركرد و دیپۆرتی
كردنه‌وه كه له نێویان‌دا ئه‌و تونیسی‌یانه هه‌بوون كه
پێوه‌ندی‌یان به شانه‌ی "میلان"ه‌وه هه‌بوو.
به‌ڵام لێكۆڵه‌ران ده‌ڵێن كه تیرۆریسته
گومانلێكراوه‌كانی دیكه مامه‌ڵه‌ی جیاوازیان له‌گه‌ڵدا كرا.
به گوێره‌ی قسه‌ی لێكۆڵه‌ران و به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا،
گومانلێكراوان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه داوی ئیسپانیا و وڵاتانی
دیكه‌ی ئورووپایی، بۆ ئێران هه‌ڵاتن. تیرۆریستانی دیكه، له
ئێران وه‌ك خاڵی ده‌سپێكی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئورووپا
كه‌ڵكیان وه‌رگرت.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگایه‌كی ئیتالیا،
ئیتلاعاتی ئا‌مریكا، له مانگی دیسامبه‌ری 2001 دا، له‌سه‌ر
به‌رپرسی شانه‌یه‌كی تیرۆریستی به‌ناوی "حه‌مزه‌ی لیبیایی"
پۆلیسی ئیتالیایان وشیار كردبووه‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌و
وشیاركردنه‌وه‌یه، "حه‌مزه‌ی لیبیایی" "موجاهیدێكه كه له
ئه‌فغانستان راهێنانی بینیوه و بۆ داڕشتنی پلانی تاوانكاری دژی
ئامانجگه‌لی نادیار له ئورووپادا، له رێگای ئێرانه‌وه
گه‌ییشتووه‌ته ئیتالیا. هه‌روه‌ها ئیتلاعاتی ئا‌مریكا ژماره
ته‌له‌فۆنی "شانه"ی كابرای لیبیایی‌یان، كه وێده‌چوو له‌گه‌ڵ
"سه‌عد بین- لادین" له ئێران‌دا له پێوه‌ندی‌دا بێت، وه‌ده‌ست
خستبوو. لیبیایی‌یه‌كه، كه ناوی "فه‌ره‌ج حه‌سه‌ن"ه له ساڵی
2002 دا له‌لایه‌ن پۆلیسی بریتانیاوه ده‌ستگیركرا.
لێكۆڵه‌ران ده‌ڵێن كاتێك وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی
ئا‌مریكا، به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌دام
حوسێن‌دا خۆی رێك‌ده‌خست، جووڵانه‌وه‌ی پێوه‌ندیدار به
ئه‌لقائیده‌ش له ئێران‌دا كه‌وته خۆكۆكردنه‌وه. پۆلیسی
له‌نده‌ن و پاریس، له كۆتایی 2002 و سه‌ره‌تای 2003 دا، پلانی
تیرۆریستانی بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی چه‌كی شیمیایی و بیولۆژی،
تێك‌شكاند.
لێكۆڵه‌رانی ئیتالیایی ده‌ڵێن ده‌ركه‌وت
"زه‌رقاوی" له پشت پلانی ئاماژه‌پێكراودایه. ناوبراو
له‌وكاته‌دا، له ئه‌فغانستانه‌وه بۆ ئێران هه‌ڵاتبوو و له شاری
"مه‌شهه‌د"ی نزیك سنووری ئه‌فغانستان كه له‌وێدا پاڵپشتی‌یه‌كی
بۆخۆی به‌یه‌كه‌وه نابوو، گیرسابووه‌وه.
"زه‌رقاوی"، له‌گه‌ڵ تاقمی "ئه‌نسار"دا، له
كوردستانی ئێراق، ناوچه‌یه‌ك كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام دا
نه‌بوو، كامپی راهێنانی كرده‌وه.
لێكۆڵه‌رانی ئورووپایی ده‌ڵێن هه‌رچه‌ند
كاربه‌ده‌ستانی ئا‌مریكا بوونی ئه‌و كامپانه‌یان وه‌ك به‌ڵگه‌ی
بوونی پێوه‌ندی له نێوان سه‌دام و ئه‌لقائیده‌دا ناوده‌برد،
به‌ڵام "زه‌رقاوی" زۆربه‌ی كاتی خۆی له‌ودیوی سنوور، واته له
ناوخۆی ئێران‌دا، به‌سه‌رده‌برد. هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ران و
فایله‌كانی دادگا ده‌ریده‌خه‌ن كه هاوڕێ له‌گه‌ڵ سووریه‌دا،
ئێران بوو به ده‌روازه‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی میلیشیا له ئورووپا
و باكووری ئافریقا بۆ نێو كامپه‌كانی زه‌رقاوی بۆ ئه‌وه‌ی
خۆیان بۆ شه‌ڕ له دژی هێزه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان ئاماده
بكه‌ن.
لێكۆڵه‌رێكی پایه‌به‌رزی ئیتالیایی ده‌ڵێت:
"ئه‌و په‌روه‌ندانه‌ی لای ئێمه‌ن نیشانی ده‌ده‌ن كه ئێران بۆ
دزه‌كردنه نێو خاكی ئێراق، پێگه‌ی دڵخوازی تیرۆریستانه."
كاتێك هێزی هاوپه‌یمانان په‌لاماری كامپه‌كانی
ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نساریان له ئێراق‌دا دا، زۆر له میلیشیاكانی
ئه‌نسار و ئه‌لقائیده بۆ ئێران هه‌ڵاتن. هه‌ر به‌گوێره‌ی
لێكۆڵه‌رانی ئیتالیایی، سرویسه ئیتلاعاتی‌یه‌كانی رۆژئاوا ئه‌و
ده‌م رایانگه‌یاند كه ئیتلاعاتی ئێران نه‌خۆشخانه‌یه‌كی
سه‌حرایی و په‌ناگایان بۆ ئه‌و میلیشیایانه‌ی كه له شه‌ڕ
هه‌ڵده‌هاتن، دانابوو.
كاربه‌ده‌ستان دانی‌پێداده‌نێن كه ئێران، به‌م
حاڵه‌ش، دوای شه‌ڕ ژماره‌یه‌ك له جیهادگه‌رانی گرت و به
كاربه‌ده‌ستانی ئورووپایی ته‌سلیم كردن.
كاربه‌ده‌ستانی فه‌رانسه‌یی و ئیسپانیایی
سه‌باره‌ت به زه‌رقاوی ده‌ڵێن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه
ناوبراو دوای شه‌ڕ له ئێران‌دا گیرساوه‌ته‌وه. لێكۆڵه‌رانی
ئیسپانیایی ده‌ڵێن ساڵی پار گوێیان له وتووێژێكی ته‌له‌فۆنیی
گومانلێكراوی مه‌غریبی، عامر عه‌زیز گرتووه كه گوتوویه‌تی "له
ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌بوو موزعه‌ب زه‌رقاوی دایه." پۆلیس پێی‌وایه
دواتر بۆ گێڕانی رۆڵی سه‌ره‌كی له ته‌قینه‌وه‌كانی
شه‌مه‌نده‌فه‌ر له ئیسپانیادا، عامر عه‌زیز له ئێرانه‌وه
گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ مادرید.
له حاڵی حازردا، شوێنی مانه‌وه‌ی زه‌رقاوی روون
نییه. هیندێك كاربه‌ده‌ستی نیزامیی ئا‌مریكا ده‌ڵێن له ئێراق،
له ریزی پێشه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌كان‌دایه. لێكۆڵه‌رانی
فه‌رانسه‌یی ده‌ڵێن ناوبراو له‌نێوان ئێراق، ئێران، سووریه،
ئوردون و لبنان‌دا له هاتووچۆدایه.
"كلاود مۆنیك"، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئاساییش
و ئیتلاعاتی ستراتیژیكی ئورووپا له برۆكسل، ده‌ڵێت ماوه‌ی دوو
ساڵه ئێرانی‌یه‌كان ده‌ڵێن تۆڕه تیرۆریستی‌یه‌كانیان
له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه. به‌ڵام له‌نێو سرویسه
ئیتلاعاتی‌یه‌كانی ئورووپایی‌دا، كه‌سانێك هه‌ن كه پێیان وایه
كه تا ئه‌م دوایی‌یانه زه‌رقاوی له ئێران‌دا بووه. ئیدیعای
ئێران و وته‌ی سرویسه ئیتلاعاتی‌یه‌كانی ئورووپایی، دوو وێنه‌ی
دژبه‌یه‌كن و پێكه‌وه ناته‌بان.
سه‌رچاوه:
لۆس ئانجلیس تایمز
|