|
|
|
ی كوردی
|
|
|
|
ئێران بۆ وه‌رگرتنی ئیعتراف له ئه‌شکه‌نجه که‌ڵک‌وه‌رده‌گرێت و: ره‌شید حه‌یده‌ری نیویۆرک، ٧ی دیسامبری ٢٠٠٤ رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌وڕۆ رایگه‌یاند تاقمه نهێنی‌یه‌کانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی ئێران له رێگای به‌کارهێنانی ئه‌شکه‌نجه، رۆژنامه نووسانی ئینتێرنێتی و تێکۆشه‌رانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ناچار ده‌که‌ن به نووسینی نامه دان به تاوان‌دا بنێن. ئه‌و به‌ڵگانه‌ی وه‌ده‌ست رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ که‌وتوون ده‌یسه‌لمێنن که تاقمی نهێنیی لێکۆڵه‌ران – که پێشتر ئه‌فسه‌ری ده‌زگای ئیتلاعات بوون و له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان‌دا له‌لایه‌ن سه‌رکۆمار محه‌مه‌دی خاته‌می‌یه‌وه له‌سه‌ر کار وه‌لانران و ئێستا له‌لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی‌یه‌وه دامه‌زراون – به‌توندی گوشاریان خستووه‌ته سه‌ر گیراوان تا وه‌ک مه‌رجی به‌ره‌ڵڵا کردنیان به زه‌مانه‌ت، دان به تاوانه‌کان‌یان‌دا بنێن. له هه‌وڵێک‌دا بۆ شاردنه‌وه‌ی ده‌سگیر کردنه نایاسایی‌یه‌کانی حکوومه‌ت و ئه‌شکه‌نجه‌ی گیراوان، لێکۆڵه‌ران ناچاریان کردوون ئیعتراف نامه بنووسن و تیایاندا هه‌لومه‌رجی گیرانیان به‌باش وه‌سف بکه‌ن و دانی پیا بنێن که رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌شێکن له "پرۆژه‌ی شه‌راره‌ت" و له‌لایه‌ن "بیانی‌یه‌کان و دژی شۆڕشه‌وه" رێنوێنی و رێبه‌ری ده‌کرێن. سارا لی ویتسۆن - Sarah Leah Whitson - به‌ڕێوه‌به‌ری رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوتی: "حکوومه‌تی ئێران نابێ بۆ یه‌ک ده‌ققه‌ش به بیره‌ی‌دا بێت که که‌س به راست بوونی ئه‌و ئیعترافنامانه بڕوا بکات. که‌س فریویان ناخوات. تاران، به‌م فڕوفێڵانه خه‌ریکه به خێرایی‌یه‌کی زۆر ئیعتبار و ئاوڕووی له پێش‌دا لاوزبووی خۆی له‌سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ له‌ده‌ست ده‌دات." رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ نموونه‌ی به‌ربڵاوی له دانپیانانی زۆره‌ملیی گیراوان لای خۆی هه‌ڵگرتووه که گیراوان دواتر قسه‌کانی خۆیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه و حاشایان له‌و تاوانانه کردووه که له‌لایه‌ن لێکۆڵه‌ره‌کانیان دراوه‌ته پاڵیان. حکوومه‌تی ئێران له پێڕه‌وکردنی پرۆژه‌ی کپ‌کردنی ده‌نگی ره‌خنه‌گران و تێکۆشه‌ران به‌رده‌وامه، پرۆژه‌یه‌ک که رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ له راپۆرتی خۆی له ژێر ناوی " وه‌ک مردووان له نێو تابووته‌کانیان‌دا" به به‌ڵگه‌وه تۆماری کردووه. حکوومه‌ت، له دوا قۆناخی خۆی‌دا، به‌مه‌به‌ستی ته‌خت‌کردنی رێگای راوه‌دوونانی سیاسه‌توانانی ریفۆرمخواز و به‌ڕێوه‌به‌رانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، په‌نای بردووه‌ته به‌ر دانپیانانی زۆره‌ملی. حکوومه‌ت، له‌و رێگایه‌وه، له هه‌وڵی له‌نێو بردنی ئابڕووی که‌سایه‌تی‌یه‌کان، چاندنی تۆوی ئاژاوه و دووبه‌ره‌کی له نێو تێکۆشه‌ران و سه‌ره‌نجام کپ‌کردنی گشت رێکخراو و ده‌نگه سه‌ربه‌خۆیه‌کان‌دایه. هه‌ر به‌م دوایی‌یانه، رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ سه‌ربه‌خۆیانه له ناوه‌رۆکی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی کۆڵی‌یه‌وه که حه‌وتووی رابردوو بێ ناو و نیشان له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستێکی به‌شی قه‌زایی ئێرانه‌وه بڵاو بووه‌وه. کاربه‌ده‌سته‌که له نامه‌که‌ی‌دا باس له شوێنی هه‌ڵکه‌وتنی زیندانه نهێنی‌یه‌کان و ئه‌شکه‌نجه و ره‌فتاری خراپ له‌گه‌ڵ گیراوان و زیندانی تاکه که‌سیی درێژماوه ده‌کات. کاربه‌ده‌ستی ئاماژه‌پێکراو، نامه‌که‌ی له وه‌ڵامی حاشاکردنی ئێران له بوونی زیندانه نهێنی‌یه‌کان و ره‌فتاری خراپ کردن دژبه گیراوان‌دا بڵاو کرده‌وه. رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ داوای له حکوومه‌تی ئێران کرد تاقمه نهێنی‌یه‌کانی سه‌ر به به‌شی قه‌زایی هه‌ڵ‌بوه‌شێنێته‌وه و ئه‌ندامه‌کان‌یان دادگایی بکات، کۆتایی به ده‌سگیر کردنی ده‌ره‌وه‌ی یاسا بهێنت، گشت زیندانی‌یانی سیاسی ئازاد بکات و رێز له به‌ڵێنه‌کانی خۆی له‌سه‌ر مافی مرۆڤ بگرێت که له به‌رامبه‌ر په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان‌دا به‌رعۆده‌یان بووه. ویتسۆن گوتی: "ده‌زگای قه‌زایی زیاتر نیگه‌رانی پاراستنی تاقمه نهێنی‌یه‌کانی خۆی له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دادگایی‌کردن‌دایه تا دابین کردنی مافی گیراوان."
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ
|
|---|
|
2004-12-22 خاوه‌نی سایت و کاری تکنیکی سایت ساڵه نه‌ڵۆسی |