دیاره زۆر
پرس و بابه‌ت له كۆنگره‌دا هاتنه ئاراوه و پاش لێدوان و
هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و ژیرانه له‌لایه‌ن به‌شداربووانی
كۆنگره‌وه، په‌سندكران. هه‌ر كام له و بڕگه و بابه‌ته
په‌سه‌ندكراوانه نرخ و بایه‌خی خۆیان هه‌یه و پێویست
ده‌كات لێكۆلینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت و به‌رز بنرخێندرێن
و گرینگی‌یان بۆ بیروڕای گشتی شی بكرێته‌وه و وه‌كو
داهێنانی مۆدێڕن و سه‌رده‌میانه‌ی تێكۆشه‌رانی دێموكرات له
مه‌یدانی خه‌باتی میللی دێموكراتیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا،
بخرێته به‌ر چاوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و حیسابیان بۆ
بكردرێت و به قازانجی گه‌شه‌پێدانی هه‌رچی پتری
بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕاكێشانی
چڕتر و به‌ربڵاوتری چین و توێژی ڕووناكبیر و خوێنده‌واری
كۆمه‌ڵگه بۆ نێو جه‌رگه‌ی تێكۆشانی به‌كردوه كه‌ڵكی
لێوه‌رگیرێت.
گۆرینی دروشمی ستراتژی حیزب له"دێموكراسی بۆ ئێران
خودموختاری بۆ كوردستان" بۆ "دابینكردنی مافه
نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی
دێموكراتیكی فیدراڵی‌دا" پاش تێپه‌ڕبوونی 59 ساڵ له
خه‌باتی سه‌خت و دژواری حیزبه‌كه‌مان له‌پێناوی
وه‌دیهێنانی ئازادی و ڕزگاری بۆ گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی
كوردستان گرینگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه و جێگای تێڕامان و
ئاوڕلێدانه‌وه‌ییه.
به‌خشینی ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكێكی كوردستانی‌تر به سیما و
جه‌وهه‌ری حیزب ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ییه كه بێ
گومان ڕۆله‌كانی گه‌لی كورد بایه‌خی بۆ داده‌نێن و به
ڕێزه‌وه بۆی ده‌ڕوانن. له‌م باره‌وه ده‌توانین ئاماژه به
پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
مادده‌ی دووه‌م (ئه‌ندامانی حیزب) بده‌یین كه ده‌ڵێت:
"...كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌توانن له
ڕێكخراو و ئه‌نجومه‌نه‌كانی لایه‌نگری حیزبی دێموكرات
دا ببنه ئه‌ندام و ئه‌گه‌ر زیاتر له 5 ساڵ له
كوردستانی ئێران ژیان، ببنه ئه‌ندامی حیزب.2"ئه‌مانه و
زۆر ئاڵوگۆڕی دیكه شایانی ئاوڕلێدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و
شرۆڤه‌كردنن و پێویسته له باری ڕامیاری و هزرییه‌وه
بایه‌خیان بۆ دابندرێت و له‌سه‌ریان بنووسرێت و پتر شی
بكرێنه‌وه، تاكو به‌رهه‌م و قازانجه‌كانی له قۆناخی ئێستا
و داهاتوودا پتر خۆ ده‌رخات و به دره‌وشاوه‌یی بمێنێته‌وه.
خاڵێك كه ده‌خوازم له‌م وتاره‌دا ئاوڕی لێبده‌مه‌وه و
به‌رز بینرخێنم و به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره و زێڕینی
خه‌باتی حیزبی لێك بده‌مه‌وه، پراكتیزه‌كردنی به‌ندێكی
پێره‌وی نێوخۆی حیزبه كه له كۆنگره‌ی 11ی حیزب‌دا كه
پاییزی ساڵی 1376ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به 1997ی زایینی له
كوردستان به‌سترا، له‌سه‌ر داوا و پێشنیاری به‌ڕێز مامۆستا
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده سكرتێری پیشووی حیزبی دێموكرات هاته
كایه‌وه و به‌دوایی باس و خواستێكی زۆردا له كۆنگره‌دا
په‌سه‌ندكرا. ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی دوو ده‌وره سكرتێری
به‌دوایی یه‌كدایه.له پێره‌ی نێوخۆی حیزب"مادده‌ی
ده‌یه‌م: كومیته‌ی ناوه‌ندی" هاتووه كه: "...هیچ كه‌س
زیاتر له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا وه‌ك سكرتێری
گشتی هه‌ڵنابژێردرێ3."
ئه‌م مه‌سه‌له ڕه‌نگه بۆ جیهانی پێشكه‌وتوو و
گه‌شه‌سه‌ندوو له بواره‌كانی ئابووری، سیاسی،
كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا، كه ده‌یان ساڵه سیسته‌می
دێموكراسیانه‌ی تێدا بونیاد نراوه و هه‌موو كه‌س له ئاست
یاسادا به‌رانبه‌ر و به‌رپرسیاره و مافی وه‌كویه‌ك له ئاست
یاسادا بۆ ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر كراوه و
ئازادی تاك و هه‌ڵسووڕانی ڕێكخراوه پیشه‌یی و مه‌ده‌نی و
دێموكراتیك و جه‌ماوه‌رییه‌كان و زه‌خت و زۆری ئاشكرای
ئه‌وان بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری له كه‌س شاراوه نییه،
شتێكی ئاسایی و بچووك بێت و نه‌بوونی به خاڵێكی لاواز
بێته ئه‌ژماردن. به‌ڵام وه‌ها دیارده‌یه‌ك بۆ
بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ـ ئه‌ویش له قۆناخی سه‌خت و دژواری
خه‌باتی شاخدا ـ وه‌رچه‌ڕخانێكی گرینگی دێموكراسیانه‌ییه
كه له زۆر ڕوانگه‌وه ده‌كرێت شی بكرێته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی
له‌سه‌ر بكرێت.
زیندوونه‌بوونی بیروڕای گشتی له‌مه‌ڕ ئاڵوگۆڕه‌كان، ڕووداو
و كاره‌ساته‌كان، جێگیربوونی درێژماوه‌ی سیسته‌می
تۆتالیتێر و سه‌ره‌ڕۆ و پێشێلكردنی ئاشكرا و به‌رده‌وامی
مافه‌كانی مرۆڤ و لاوازی و به‌ستراوه‌یی ناوه‌نده ڕۆشنبیری
و كه‌لتوری و مه‌ده‌نییه‌كان و نه‌بوونی چاپه‌مه‌نی و
مێدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆی شوێندانه‌ر له‌سه‌ر بیروڕای
گشتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دینی... هتد، پتر گرینگی
پراكتیزه‌كردنی ئه‌م بڕیاره‌مان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه.
لایه‌نێكی پڕبایه‌خی دیكه كه ده‌كارین هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر
بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه له ناوچه‌ی سه‌ره‌كی تێكۆشانی ئێمه‌دا
سه‌رجه‌م چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ستراوه به
ده‌سه‌ڵاتی سیاسین و هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری به‌هێزتر
ده‌بێت جێگه و پێگه‌ی توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵ له‌قتر
و له‌رزۆكتر ده‌بن و له ئاكامدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری
وه‌رچه‌خانه سیاسییه‌كان، وه‌رچه‌رخانێكی نادێموكراتیكن و
ئێمه ڕۆژانه ئاكامی ناله‌باری ئه‌م وه‌رچه‌رخانانه به
كردوه له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینین. سه‌ره‌ڕۆیی تاكی سیاسی
ده‌سه‌ڵاتداری كوردی و خۆتێهه‌ڵقورتاندنی له‌و بابه‌ت و
پرس گه‌لانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به‌وه‌وه نییه
و بردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری مه‌سه‌له‌كان و
گرێدانه‌وه‌یان به نوخبه‌كانی سیاسی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه له
مه‌یدانی سیاسی كوردستاندا ڕۆژانه به چاو ده‌بیندرێن و
توێژی خوازیاری گۆڕان به‌ره‌و مه‌ده‌نییه‌ت به ده‌ستییه‌وه
ده‌ناڵێنێت.
به سه‌رنجدان به وه‌ها بارودۆخێك په‌سندكردنی ته‌نها دوو
ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا خاڵێكی
گرینگ و ده‌ستكه‌وتێكی پڕبایه‌خی سیاسییه بۆ به‌ره‌ی
دێموكراسیخوازی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و به حه‌ق بۆ
ئه‌وه ده‌شێت كه له‌ناو هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی
كوردستاندا پراكتیزه بكرێت.
مادام مه‌سه‌له‌ی كورد له جه‌وهه‌ری خۆیدا
یه‌ك كێشه‌یه و هه‌ر چه‌شنه بڕیار و كردارێكی هێزه
نه‌ته‌وه‌ییه جیددییه‌كان سه‌ره‌ڕای بارودۆخی جیاوازی
خه‌بات و تێكۆشانیان، به ئاشکرا كاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر
یه‌ك هه‌یه و ئه‌م كاردانه‌وانه‌ش جۆری پێوه‌ندی وان
له‌گه‌ل یه‌كتردا دێنێته ئاراوه و ته‌نزیمی ده‌كات،
ئاوڕدانه‌وه له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ده‌سه‌ڵات له
ده‌روونی حیزبه‌كاندا بابه‌تێكی گرینگ و جێگای تێڕامانه.
به‌هێزبوونی لایه‌نی دیمۆكراتیكی به‌كرده‌وه له‌نێو
ڕێكخراوه‌كانماندا به قازانجی مه‌سه‌له‌ی سیاسی گه‌لی
كورده.
چونكه ئه‌گه‌ر لایه‌نی دیمۆكراتیك به‌هێز بێت ڕێكخراوی
سیاسی كوردی به تێبینییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداو و
پێشكاته‌كان ده‌كات و پتر بۆ وه‌دیهێنان و پاراستنی
به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌وڵ ده‌دات. ئه‌م خاڵه‌ش وای
لێده‌كات كه له ئاست هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵسوكه‌و‌تێكیدا خۆی به
وه‌ڵامده‌ر بزانێت و پتر گوێڕایه‌ڵی بیر و ڕای گشتی بێت و
ڕا و سه‌رنجه‌كانیان به هێند وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه‌ش وا
ده‌كات كه پێوه‌ندی نێوان جه‌ماوه‌ری كورد و ڕێكخراوی
سیاسی كوردی له‌سه‌ر مه‌بنای ڕۆشن و شه‌فاف بچێته پێش و له
ئاكامدا متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی خه‌ڵك له ئاست
حیزبی كوردیدا ده‌چێته سه‌ر و ئه‌مه‌ش به قازانجی كێشه‌ی
سیاسی خه‌ڵكی كورده.
كه‌واته كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌نێو حیزبی دێمۆكرات‌دا و
چۆنیه‌تی ئیداره‌كردنی ته‌نها پێوه‌ندی به‌و حیزبه‌وه نییه
و ئه‌م بابه‌ته ناتوانێ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی حیزب
جێگای سه‌رنج نه‌بێت. كه‌وایه پێویست ده‌كات ئاوا له سه‌ری
بڕۆین و گرینگی بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خه‌باتی
فره‌ڕه‌هه‌ندی حیزب شی بكه‌ینه‌وه. به سه‌رنجدان به‌و
ڕاستییه كه هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كۆكیكن كه
چاره‌نووسی حیزب به له‌به‌رچاوگرتنی جێگه و پێگه‌یه‌ك كه
حیزب له مه‌یدانی تێكۆشانی سیاسی كوردستاندا به‌هۆی
خه‌باتی دوور و درێژییه‌وه بۆ وه‌دیهێنای ئازادی و ڕزگاری
گه‌لی كورد كردوویه‌تی، چاره‌نووسی حیزب به‌ستراوه‌ته‌وه
به كێشه‌ی سیاسی گه‌لی كورده‌وه و ئه‌مه شتێك نییه كه كه‌س
بكارێت حاشای لێبكات. كه‌وایه باس و لێدوان له‌مه‌ڕ ئه‌م
جۆره بڕیارنه پێوه‌ندییان به سبه‌ینێی دوورتره‌وه هه‌ییه و
له‌گه‌ڵ ژیانی دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له پێوه‌ندی بێ
ئه‌ملاولادان.
گرینگی باسه‌كه و په‌لكێشكردنی بۆ باس و لێدوان له
ده‌ره‌وه‌ی قسه و پرسه نێوخۆیی‌یه‌كانی تێكۆشانی حیزب
مه‌سه‌له‌یه‌كی گرینگ و چاره‌نووس سازه و ده‌بێت به وردی
و سه‌رنجه‌وه بۆی بڕوانین و له‌مه‌ڕ هه‌ر گۆڕانێك و هه‌ر
هه‌ڵوێست و بڕیارێكدا كه پێوه‌ندی به چونیه‌تی
به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بێت له ئاستی ڕێبه‌رایه‌تی
حیزب‌دا هه‌سیار و هۆشیار بین و به چڕی شرۆڤه‌ی بكه‌ین و
به قازانجی په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی دیمۆكراتیك و
دیمۆكراسیانه‌ی گوێڕایه‌ڵی سیاسی، له كۆمه‌ڵگه‌ی
كوردستاندا بیقۆزینه‌وه.
گرینگی وه‌ها باسێك كاتێك به زه‌قی خۆ ده‌رده‌خات كه ئاوڕ
له بارودۆخی ئێستای كورد له ناوچه‌كه‌دا بده‌ینه‌وه و له‌و
میكانیزمانه بڕوانین كه ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری كوردی كه پتر
له 13 ساڵه له باشووری كوردستاندا ژیانی سیاسی و ئابووری و
كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و كه‌لتوری گه‌لی كوردی پێ
ڕێكده‌خات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ده‌بات. لێره‌دا ده‌توانین
به‌و ده‌رئه‌نجامه ڕوونه بگه‌ین كه ئاڵوگۆڕ له چوارچێوه‌ی
ڕێبه‌رایه‌تی حیزب‌دا و چونیه‌تی هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی
ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و چه‌سپاندنی له پێڕو و پرۆگرامی
نێوخۆدا تا كوێ گرینگ و ناسكه و هه‌رچی پتر دیمۆكراتیك
بوونی چه‌نده به قازانجی به‌ره‌ی دیمۆكراسیخوازی ئێستای
ناو حیزب و دواڕۆژی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه.
ئه‌و ڕاستییه له كه‌س شاراوه نییه كه هه‌ر حیزب و
ڕێكخراوێكی سیاسی له‌پێناو گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا
خه‌بات ده‌كات و گه‌ره‌كیه به ئاشکار به‌شداری هێز و
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێت و بۆی گرینگه كه له‌م ڕووه‌وه حیسابی
بۆ بكرێت. ڕاسته كه ئێمه بۆ سڕینه‌وه‌ی سته‌می
نه‌ته‌وایه‌تی تێده‌كۆشین و بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مه
له‌سه‌ر خه‌ڵكی كورستان به‌رنامه‌ی ڕوون و ئاشكارمان بۆ
ئه‌م قۆناخه هه‌یه و له‌م ڕووه‌وه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك
ڕێكده‌خه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت كه
لایه‌نی به‌شداریكردنی ئێمه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا و
زاڵبوونی خه‌ڵكی كورستان به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا ڕێك
له چۆنیه‌تی و ڕاده‌ی به‌شداری ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی‌دا خۆ ده‌رده‌خات. مسۆگه‌ربوونی ئه‌م به‌شدارییه‌ی
خه‌ڵكی كوردستان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا له ڕێگای
نوێنه‌رایه‌تی ڕێكخراوه سیاسییه‌كانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت و
ده‌چه‌سپێت و وه‌دیدێت و ده‌پارێزرێت.
كه‌واته هه‌رچی لایه‌نی دیمۆكراتیك له باری چۆنیه‌تی
به‌ڕێوه‌بردنی حیزبه‌كان له ناخی ڕێكخراوه‌كانماندا به‌هێز
بێت و به كرده‌وه كاری پێ بكرێت به هه‌مان ڕاده ده‌توانین
دڵخۆش بین به‌وه كه پێوه‌ندی نێوان ڕێكخراوه‌كان و
جه‌ماوه‌ر به‌هێز ده‌بێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش یارمه‌تی
به‌رچاو ده‌كات به 'پاسخ گو' بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له
كوردستان كه بێگومان هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی حیزبه‌كان
ده‌چێته پیش. با له بیرمان نه‌چێت كه حیزبه‌كان هه‌ر ئاوا
له ده‌ره‌وه‌ی میدانی سه‌ره‌كی تێكۆشانی خۆیان، واته ناو
جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و خاكی خۆیان به شێوه‌ی ئاشكار
نامێنه‌وه.
به دواكه‌وتوویی ڕاگرتنی له ڕاده‌به‌ده‌ری
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به ئه‌نقه‌ست له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه و
درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه مه‌ترسیداره نا مرۆڤانه‌یه و
بوونی زه‌خت و زۆری ڕامیاری و به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تی
توندوتیژانه‌ی به به‌رنامه و سه‌ركوتكردنی هه‌ر چه‌شنه
ده‌نگێكی ئازادیخوازانه و تاوانباركردنی ڕه‌خنه‌گران و
بیرمه‌ندان و ڕووناكبیران به دژه‌شۆڕش و به‌کرێگیراو و
هه‌رزانكردن و ته‌نانه‌ت بێبایه‌خكردنی به‌ها
ئینسانییه‌كان و دژواركردنی ژیان و... هتد، هێندێك خه‌ڵكی
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی تووشی جۆرێك له هه‌لپه‌رستی و
قازانجویستی كردوه و ئه‌م حاڵه‌تانه ده‌كرێت له داهاتوودا
خاڵگه‌لی پڕمه‌ترسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بن بۆ
به‌رهه‌مهێنانه‌وه و پیاده‌كردنی سیاسه‌تی دیكتاتۆریه‌ت و
سه‌ره‌ڕۆیی سیاسی، له پراكتیكدا؛ له كۆمه‌لگه‌ی كوردستان.
چونكه وه‌ها دۆخێك ئاسۆی كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی
لێلكردوه و ده‌بێ بزانین كه كاتێك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وه
له به‌رژه‌وه‌دی خۆیدا ده‌بینێت كه به به‌رنامه په‌ره
به‌و ڕوانگه بدات كه هه‌ر كه‌س له بیری ئه‌وه‌دا بێت كه
كڵاوه‌كه‌ی با نه‌یبات. بواری له‌دایكبوونه‌وه‌ی ڕابردوو
هه‌رچه‌ند تاڵ و ڕووخێنه‌ریش بێت، ئاماده و له‌باره.
سیسته‌مێك كه به‌به‌رنامه و داڕشتنی
پرۆگرامی چڕ‌و درێژخایه‌ن بۆ به‌چۆكداهێنانی بزوتنه‌وه‌ی
ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان له هیچ چه‌شنه كردارێكی
نائینسانی و تاوانبارانه نه‌پڕنگابێته‌وه و سیاسه‌تی
داپڵۆسین و كوشتن و سووتان و تیرۆر و ئازار و
ئه‌شكه‌نجه‌دانی نه‌یاران و دژبه‌رانی خۆی له مه‌یدانی
كرده‌وه‌دا و به‌به‌ر چاوی دونیاوه پیاده كردبێت و ده‌یان
و بگره سه‌دان جار له لاییه‌ن ناوه‌نده‌كانی به‌رگریكردن
له پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه مه‌حكوم كرابێت، بێ
دوودڵی سیسته‌مێكی مه‌ترسیداره و كه‌سانی دیمۆكرات و
ئازادیخواز ناتوانن له‌مه‌ڕ كاریگه‌ری درێژماوه‌ی ئه‌م
سیسته‌مه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌په‌ڕۆش نه‌بن. چونكه حه‌ساس
نه‌بوون له ئاست ڕووداو و كرداره‌كاندا، سنووردار نه‌بوونی
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پابه‌ند نه‌بوونی به چه‌مكگه‌لی
دیمۆكراتیك، ئه‌كرێت وه‌كو گه‌وره‌ره‌ترین و له‌بارترین
دۆخی له‌دایكبوونی دیكتاتۆره ورد و درشته‌كان
خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. دۆخێك كه هه‌میشه دیكتاتۆر وه‌كو
فریشته‌ی نه‌جاتدان له به‌دبه‌ختی و هێنانه كایه‌ی
به‌هه‌شتی به‌رین بۆمان له به‌ر ده‌ماندا قوت ده‌بێته‌وه و
قازانجویستانیش به‌رده‌وام بۆی له لا مل ده‌ده‌ن و له
به‌رده‌میا سه‌ما ده‌كه‌ن. سه‌مای درۆزنانه بۆ ئه‌وه‌ی
دیكتاتۆر خه‌نده له‌سه‌ر لێوه‌كانی نه‌قش ببه‌ستێت و
سه‌ماكارانیش له‌ژێر سێبه‌ری خه‌نده‌كانه‌وه ورگیان
تێركه‌ن و به ئاره‌زوی خۆیان بێن و بچن و ڕاوڕووت بكه‌ن.
مه‌ترسی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه كاتێك به باشی
هه‌ست پێ ده‌كرێن كه ئاوڕ له‌و میكانیزم و ڕه‌وشانه
بده‌ینه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ له كوردستان بۆ
چه‌سپاندنی سیاسه‌ته‌كانی خۆی ده‌كاری كردوون و ده‌كاریان
ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا خاڵێكی زۆر ناسك و هه‌ستیار
هه‌یه كه ده‌بێت لێی ورد بینه‌وه و سه‌رنجی بده‌ینێ تاكو
باشتر لایه‌نه پڕ مه‌ترسییه‌كانی وه‌ها ئاكارگه‌ڵێك هه‌ست
پێ بكه‌یین و به بایه‌خه‌وه وه‌ری گرین. رێژیم یان به
واتاێكی دیكه هێزی په‌لامارده‌ر و داگیركه‌ر له كوردستان
بۆ داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌لگه‌دا
ته‌نها به سووتاندن و تۆقاندن ڕازی نه‌بووه و نابێت.
رێژیم زۆر باش له و راستییه گه‌یشتووه و ده‌زانێت كه
یه‌كه‌مین مه‌رجی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌ڵته‌كاندنی ناخی كۆمه‌ڵگه‌یه و
پچڕاندنی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داهێزانی ڕۆحی
به‌رگرییه. هه‌ڵته‌كاندن به‌و مانا كه رێژیم زۆر به
به‌رنامه و ورد له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مك و پرسگه‌لانه كار
ده‌كات كه بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد جێگای بایه‌خن و وه‌كو
پرنسیپ بۆ خه‌باتكارانی كورد دێنه ئه‌ژماردن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و لایه‌نه كه رێژیم هه‌میشه
هه‌وڵی داوه دیمۆكراسی و پێوانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی
دیمۆكراتیكی وه‌كو دێوه‌زمه‌یه‌كی مه‌ترسیداری
كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بۆسه‌ر ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵانی
خه‌ڵك تاریف بكات و وایان تێبگه‌یه‌نێت كه دیمۆكراسی وه‌كو
دیاری كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوا ـ كافره‌ستان له ڕوانگه‌ی
كاربه‌ده‌ستانی رێژیمه‌وه ـ پێناسه بكات و گرێی بداته‌وه
به هۆكاری سه‌ره‌كی فه‌سادی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕه‌ڵایی و
شتی پڕوپووچی له‌م بابه‌ته، ئه‌وكات مرۆڤ ئه‌و مافه به خۆی
ده‌دات كه ڕاشكاوانه بێژێت ته‌نها كرداری دیمۆكراتیك و
سنوورداربوونی ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی و وه‌ڵامده‌ربوونی
به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستان و ده‌روه‌ستبوونی وان له ئاست
ویست و داخوازی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا ئێمه له هێزی داگیركه‌ر
جیاده‌كاته‌ه و پێناسه‌ێكی به‌دوور له دیكتاتۆره‌كانمان
بۆ دێنێته ئاراوه.
هه‌رچی په‌ره به دیمۆكراسی به‌كردوه بده‌ین و بایه‌خی بۆ
دانێین و له ئاكار و كردارماندا، له ڕه‌فتار و
گوفتارماندا، له مه‌بناكانی دیمۆكراسی و سیسته‌می
دیمۆكراتیك كه‌ڵك وه‌رگرین، به هه‌مان ڕاده هێزی دوژمنمان
له به‌چۆكداهێنانی خه‌باته‌كه‌ماندا هیوابڕاو كردوه و
ده‌یكه‌ین.
نابێت له‌بیرمان بچێت كه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كاتێك له ده‌ری
به‌رنامه و هه‌ڵوێسته‌كانی ئێمه كۆده‌بنه‌وه كه ئێمه له
كرده‌وه‌دا و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه دژ به‌و بنه‌مایانه
بین كه هێزی داگیركه‌ر گه‌ره‌كیه له كوردستان پیاده‌ی
بكات. ئه‌مه ڕێگایه‌كی گرینگه كه ئێمه له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك
له ڕووی ویستی ئه‌وان بۆ گۆڕان دانابڕێین. ئاشكراشه كه
دابڕانی ئێمه له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌تایبه‌ت له ڕووی
فیكری و سیاسییه‌وه، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه كه ئه‌توانێت
به‌ره‌و په‌راوێز پاڵمان پێوه‌نێت. خاڵێك كه بواری
سه‌رهه‌ڵدانی هێزی ده‌ستكرد خۆش ده‌كات. هێزێك كه بوونی
لانیكه‌م قه‌یران خوڵقێنه و بۆ ساتێكیش له كاری جیددی
دوورمان خاته‌وه؛ كات به‌فیرۆدانه. له زه‌مه‌نی ئێستادا
كات به‌فیرۆدان و خۆ سه‌رقال نه‌كردن به كاره
گرینگه‌كانه‌وه ده‌كرێت به هه‌نگاوێك بۆ پاشه‌وه حیساب
بكرێت. یه‌ك هه‌نگاو بۆ دواوه‌چوونی به‌ره‌ی
دیمۆكراسیخوازی ڕێك به مانای بۆ پێشه‌وه‌چوونی لایه‌نی
ده‌ستكرد و به‌ره‌ی كۆنه‌په‌رستی كۆمه‌ڵگه‌یه. بابه‌تێك
كه بۆ به‌خشین نابێت.
دیمۆكراسی پرۆسه‌یه‌كه كه له بارودۆخی
ئێستا و ته‌نانه‌ت داهاتوویه‌كی دووری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا
پێویستی به ئاڵوگۆڕی به‌رده‌وام هه‌یه. ئاڵوگۆڕێك كه
جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆناو بازنه‌ی ڕوودا و وپێشكاته‌كان
په‌لكێش بكات، په‌لكێشكردنێك كه جه‌ماوه‌ری سڕبوو و
بێده‌روه‌ستی خه‌ڵك له ئاست قازانج و زه‌ره‌ره‌كانی
كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ستیار و چاوكراوه بكات؛ به چه‌شنێك كه
جمه‌ی شه‌پۆله‌كانی هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك له ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی‌دا بۆ كۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵكی كوردستان جێگای
بایه‌خ و ڕامان بێت. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ته‌نها ئه‌م دۆخه
ده‌كارێت شارۆمه‌ندان و هاونیشتمانانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
بكاته جه‌ماوه‌رێكی چالاك و هه‌ڵسووڕ كه له‌لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه حیسابیان بۆ بكردرێت و گوێ به خواست
و پێشنیاره‌كانیان بدرێت.
بێگومان هه‌میشه گوێنه‌دانه‌كان له
به‌رانبه‌ر ئاڵوگۆڕه‌كاندا ڕێگایه‌كی بێ كه‌ند و له‌ندی له
به‌رده‌م هاتنه ئارا و له‌دایكبوونی دیكتاتۆرییه‌تدا
ڕاخستووه كه تاكه تینوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتخوازی كۆمه‌ڵگه‌ی
ئێمه به خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌و زه‌مه‌نانه ته‌كانیان له
خۆیان داوه و بیریان له ده‌ست وێڕاگه‌یشتن به كورسی
ده‌سڵات كردۆته‌وه.
به‌داخه‌وه زۆر جاریش وه‌كو فریشته‌ی نه‌جات له
به‌رده‌مانا به گریان و شیوه‌ن و چاوی پڕ له فرمێسكه‌وه
له‌سه‌ر ده‌ستی جه‌ماوه‌ری چه‌پڵه‌لێده‌ر نووساون به
كورسییه‌وه و دوایه‌ش هه‌موو نیشانه‌كان ده‌ریانخستووه كه
ئه‌م فریشته‌ی نه‌جاتانه نه‌ك نه‌بوونه‌ته كه‌شتی نوح تاكو
له تۆفانی سه‌خت و مه‌رگهێنه‌ر قوتارمان كه‌ن، به‌ڵكو
خۆیان به كورسییه‌كه‌وه گرتووه، به چه‌شنێك كه ڕێگای
ئاڵ‌وگۆڕیان به قازانجی گشتی خه‌ڵك به‌ربه‌ست كردووه
له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا. مانه‌وه‌یه‌ك كه له‌سه‌ر
بناخه‌ی مه‌زڵوومییه‌ت و گۆشه‌گیری و پیاوچاكی خۆی
سه‌قامگیر ده‌كات و كزبوون وه‌كو شانازی تۆمارده‌كات و
پێمان ده‌فرۆشێته‌وه تاكو كۆمه‌ڵگه زه‌لیل و داماو بێت و
له‌پێناو مانه‌وه‌ی درێژتر و پڕماوه‌تری ده‌سه‌ڵاتی
دیكتاتۆردا.
ئه‌م سیسته‌مه له ده‌سه‌ڵات، هه‌میشه گۆڕان وه‌كو
مۆته‌كه‌ی قه‌یران و بێ چاره‌نووسی له به‌رانبه‌ر
پێشكه‌ووتنخوازاندا قوتده‌كاته‌وه و ڕیسككردن له
سیاسه‌تدا گرێ ده‌داته‌وه به مه‌رگه‌وه. مه‌رگی دیكتاتۆر
یان ده‌سه‌ڵاتخواز ته‌نها به چوونه ناو قه‌بر
ده‌ستپێناكات. مه‌رگی دیكتاتۆر به له‌قبوونی پایه‌كانی
كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌ستپێده‌كات، ده‌ستپێكردنێكی پڕ ئازار
بۆ دیكتاتۆره‌كان و هاتنه ئارای مه‌یدانی تێكۆشانێكی
گه‌وره بۆ گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوون كه ئێمه بۆ هێنانه ئارای
وه‌ها پانتاییه‌ك نیازمان به به‌رپرسكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌س.
ده‌كرێت گرینگی، پراكتیزه‌كردنی دوو ده‌وره سكرتێری له دوو
كۆنگره‌ی به دوای یه‌ك له حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
دا، له‌و ڕوانگه‌شه‌وه گرینگ و جێگای لێوردبوونه‌وه بێت كه
به‌هۆی فیداكاری له ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌ندامان و
هه‌ڵسووڕاوانی حیزب، له‌پێناو وه‌دیهێنانی ئاوات و
ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا له لایه‌ك و دڕه‌نده‌یی و
سه‌ره‌ڕۆیی هێزی دوژمن له سه‌ركوتكردن و داپڵۆسینی خه‌ڵكی
كوردستان له لایه‌كی دیكه‌وه، كوشتاری ڕێبه‌رانی حیزب و
ئه‌شكه‌نجه و لێدان و ئازار و زیانگه‌یاندن به ئه‌ندامان و
دۆستان و لایه‌نگرانی حیزب له ناوخۆی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی
وڵات، پێوه‌ندی نێوان جه‌ماوه‌ر و حیزب تا ڕاده‌ێكی
به‌رچاو ئێحساسی و عاتفی بكاته‌وه.
ده‌كرێت شكڵگرتنی ئه‌م دۆخه‌ش بۆ باڵاكردنی ده‌سه‌ڵاتخوازی
تاكی سه‌ره‌ڕۆ ده‌ورێكی كاریگه‌ر بگێڕێت، چونكه له وه‌ها
هه‌لو‌مه‌رجێكدا ده‌نگی چه‌پڵه‌كان ڕه‌وایی و شه‌رعیه‌ت به
هه‌موو كردارێك ده‌بخشێت و ده‌سه‌ڵاتیش وه‌كو پشتیوانی
جه‌ماوه‌ر و شرعییه‌تدان به كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی
قازانجویستانه‌ی خۆی پشتی پێ ده‌بستێت و نه‌یارانی سیاسی
پێ ده‌مكوت و ته‌نانه‌ت سه‌ركوت ده‌كات.
هه‌ر چه‌نده چه‌پڵه‌كان زۆر جاران ده‌كرێت وه‌كو
پێناسه‌یه‌ك بۆ ڕه‌وایی كرداره‌كان بێته ئه‌ژماردن و ئه‌مه
شتێكی سه‌یروسه‌مه‌ره نییه. ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه
قسه ده‌كه‌ین. چه‌ڵه‌كان ئه‌و كاتانه پڕمه‌ترسین كه له
به‌رانبه‌ر به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا ده‌بنه
قه‌ڵایه‌كی پۆڵایین. قه‌ڵایه‌ك كه به ئه‌نقه‌ست تروسكه‌ی
ڕووناكی تێدا به‌دی ناكرێت و به‌رده‌وام نوێنگه‌ی تاریكی و
ناڕه‌وایی‌یه. هه‌ر بۆیه نزیك كه‌وتنه‌وه له قه‌ڵا
تاوانێكی نه‌به‌خشراوه، به چه‌شنێك كه ڕێگای تاقیكردنه‌وه
به ته‌واوه‌تی به بیانوی بوونی تاریكی به‌ربه‌ست ده‌كرێت و
ته‌نانه‌ت بۆنی ئه‌و گوڵانه‌ی كه خۆمان په‌روه‌ده‌مان
كردوون و له‌پێناو به ناو پاراستنی سلامه‌تی ئێمه‌دا
حه‌رام ده‌كرێت.
ئاشكارایه كه هه‌موو پارت و ڕێكخراوێكی سیاسی له ڕابردووی
خاوێن فیداكاری و گیانبازی ئه‌ندامانی خۆی وه‌كو سرمایه و
ده‌ستكه‌وتێكی مه‌عنه‌وی و سیاسی... هتد، كه‌ڵكوه‌رده‌گرێت
و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی پێ له ده‌وری به‌رنامه و سیاسه‌ته‌كانی
خۆی كۆده‌كاته‌وه. به‌لای منه‌وه ناڕه‌وایه كه خه‌ڵك به
دوور له هێڵی سیاسی دیاریكراو و به‌رنامه‌ی ڕوونی ئابووری
و كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌شساخی و خزمه‌تگوزاری به‌گشتی بێن و
له‌به‌ر ڕابردوومان ده‌نگمان بده‌نێ. ئه‌م حاڵه‌ته ده‌كرێت
هه‌نگاوه خێراكانی ئێمه بۆ به‌روه‌وپێشبردن و گه‌شه‌پێدانی
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان شل بكاته‌وه. له هه‌مان كاتدا ئه‌م
خاترجه‌مییه په‌نجه‌ره‌كانی گه‌نده‌ڵی ئابووری و فرت و فێڵ
و به‌رتیل و ڕاووڕووت و ده‌یان نه‌خۆشی دیكه‌ی سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته ئاراوه كه سه‌رجه‌میان بواری
سه‌ڕه‌رۆیی و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادییه مه‌ده‌نی و
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان فه‌راهه‌م ده‌كات.
به‌ڵام ته‌نها كاتێك ده‌توانین له‌م پێوه‌ندییه عاتفییه به
شێوازی موسبه‌ت كه‌ڵكوه‌رگرین كه ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی به‌گشتی و تاقه‌كه‌س به‌تایبه‌تی، شه‌فاف و ڕوون و
سنووردار بكه‌ین، به چه‌شنێك كه هه‌میشه مۆته‌كه‌ی ترسی
تۆڵه‌ی جه‌ماوه‌ر له ڕێگای ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ
ساتێكیش سێبه‌ری له‌به‌ر چاوانی ده‌سه‌ڵاتداران و
به‌ڕێوه‌به‌راندا وون نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ماوه‌ی
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سنووردار بێت و بیر و ڕای جه‌ماوه‌ر
به‌هۆی ئاگاداربوون له هه‌ڵسوكه‌وتی به‌ڕێوه‌به‌ران هۆشیار
و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن، ئێمه ته‌كانێكی گه‌وره‌مان به‌ره‌و
جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی دیمۆكراتیك هاویشتووه. ده‌سه‌ڵاتێك
كه له دۆڕان ده‌ترسێت و ته‌نانه‌ت دۆڕان له پێكهاتنی
وه‌ها جیهانێكدا كه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕۆشن و شه‌فاف هاتبێته
ئه‌نجام، بواری به‌خۆداچوونه‌و‌ه و هه‌ڵسه‌نگاندن و
ئاوڕدانه‌وه له كه‌م و كورتییه‌كان ده‌رخسێنێت. ئه‌م
بابه‌ته‌ش به قازانجی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌رییه و
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی تێدا له‌دایكده‌بێت.
به سه‌رنجدان به‌وه‌ی كه هاتنه ئارای هه‌ر
پرۆسه‌یه‌كی مۆدێرن و دیمۆكراتیكی سیاسی و له‌دایكبوونی
هه‌ر چه‌شنه ڕه‌وتێكی نوێخواز، كۆمه‌ڵێك دژبه‌ری و
هه‌ڵسوكه‌وتی نادیمۆكراتیك دێنێته ئاراوه، ده‌كرێت له
ئاست ئه‌م سنوورداربوونه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كه‌سایه‌تی
یه‌كه‌م له حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دا،
چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێست و كرداری نادیمۆكراتیك بین
له ئێستا و داهاتوودا، چونكه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ر
ڕه‌هه‌ندێكی نوێخواز تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كۆمه‌ڵێك
پێوانه‌ی كه‌ون و نه‌ریتی ده‌خاته به‌ر شه‌پۆلی گۆڕان.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ناكۆكی دێنێته ئاراوه ئه‌گه‌ر بێت‌و بواری
په‌ره‌پێدانی كاری به‌كۆمه‌ڵ و به‌ره‌وپێشبردنی
به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌ره‌و پێشه‌وه هیدایه‌ت نه‌كه‌ین و
خۆمان به شته لاوه‌كییه‌كانه‌وه سه‌رقاڵ كه‌ین. شته
لاوه‌كییه‌كان ده‌كرێت ئه‌و بابه‌تانه بن كه بۆ
گه‌شه‌پێدانی شه‌فافیه‌ت و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی پتر له
نێوان ئۆرگانه جۆراوجۆره‌كانی حیزب‌دا ببنه ته‌گه‌ره و
كۆسپ. ئێمه ده‌بێت به‌شێك له دژبه‌رییه‌كان به
دڵفه‌راوانییه‌وه وه‌رگرین و به كرده‌وه نیشان بده‌ین كه
له پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕدا ته‌نها نیزمان ئه‌وه‌ییه جۆشوخرۆشێك
دروست كه‌ین و شه‌پۆلێك بخولقێنین كه هه‌موومان له
به‌رده‌م ته‌كانه‌كانیدا هه‌ست به ئارامی و متمانه بكه‌ین.
جێخستن و چه‌سپاندنی ئه‌م كه‌لتوره هه‌نگاوێكی گرینگ و
دیمۆكراتیك و بیانوبڕه و ئێمه له‌م ڕه‌وته‌دا به نیشاندانی
ئارامی و له‌سه‌ره‌خۆیی و دڵفراوانیدا متمانه به‌رهه‌م
دێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك هه‌نگاو له پرنسیپی دیمۆكراتیك
پاشه‌كشه‌مان كردبێت.
به‌تایبه‌ت كه ئێمه به‌هۆی درێژكێشانی شه‌ڕی داسه‌پاو
به‌سه‌رمانادا و ته‌رخانكردنی زۆربه‌ی هێز و تواناكان بۆ
به‌رگری، بواری گه‌شه‌پێدانی پرسه دیمۆكراتیكه‌كانمان لێ
به‌رته‌سك بۆته‌وه؛ به جۆرێك كه پرسی گۆڕان و نوێخوازی زۆر
جار نامومكین و كول دێته پێش چاو، ئێمه ته‌نها به ڕاگرتنی
وه‌زعی مه‌وجوود ڕازی بووین. ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌شمان به
جۆرێك له سه‌ركه‌وتن بۆ خۆمان تۆمار كردووه. له ڕاستیدا
لێره‌دا ئه‌و عه‌قڵه به ئه‌نقه‌ست پشتگوێ خراوه كه سیاسه‌ت
له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ده‌كرێت. دیاره
به‌رژه‌وه‌ندی كورد وای خواستوه ئه‌م حاڵه‌ته وه‌كو خۆی
بپارێزرێت. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه
بارودۆخی چه‌قیو هه‌میشه جۆرێك له كۆنه‌پارێزی به بیانووی
خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخدا دێنێته ئاراوه كه پرسی
گۆڕان دژوار ده‌كات. ڕوونه له‌م حاڵه‌ته‌دا عه‌قلی پیلان
په‌ره ده‌ستێنێت و هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك ئه‌گه‌ر حه‌رام
نه‌كرێت، ئه‌وا به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ده‌كرێت. گومانێك
كه له جه‌وهه‌ری خۆییدا پرۆسه‌ی پێكه‌وه كاركردن و
هه‌ڵكردن لاواز ده‌كات. ته‌نها وه‌ڵام ده‌ربوون و
سینگفراوانی و دیالۆگی ئاشكرا ده‌توانێت ئه‌م هه‌وره
چڵكه‌نه‌ی گومانی پیلان ڕامالێت.
دیاره ئه‌م شه‌پۆلانه هێندێك قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی نوێ
له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێننه به‌رهه‌م، به جۆرێك كه قازانج و
به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵێكی دیكه ده‌كه‌وێته پله‌یه‌كی نزمتر،
كه‌واته ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین ئه‌و توێژه‌ی وا قازانج و
ده‌سه‌ڵاتی كه‌وتۆته به‌ر پرۆسه‌ی گۆڕان، دژبه‌ری و هێندێك
جار كرده‌وه‌ی نادیمۆكراتیك له‌خۆی نیشان بدات. هه‌رچه‌ند
ده‌كرێت ئه‌م دژبه‌ریانه ته‌نها له‌نێو ڕیزه‌كانی حیزبه‌وه
نه‌بن و مه‌یدانێكی به‌رفراوانتر به‌خۆوه بگرن. چونكه ئێمه
له ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزدا ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وتمان و
میكانیزمی به‌ڕێوه‌به‌راییه‌تیمان له‌سه‌ر ده‌ورووبه‌رمان
شوێندانه‌ره و ئه‌مه شتێك نییه هه‌روا ئاسان به قه‌راخیدا
تێپه‌ڕین. ناسكبوونی كێشه‌كه كاتێك به‌ڕوونی خۆی
ده‌رده‌خات كه بزانین ئێمه ئه‌م پرۆسه‌مان ده‌ستداوه‌تێ و
ده‌بێ به‌ره‌وپێشی به‌رین. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه بواری
ته‌مرین كردن و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه به‌رته‌سكه و
ئێمه‌ش ئه‌و كه‌ره‌سته به‌هێزانه‌مان له ده‌ستدا نییه كه
وه‌كو ڕۆژی ڕوون به جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی نیشان بده‌ین و
قازانج و به‌رهه‌مه خاسه‌كانی بخه‌ینه ڕوو.
ئاشكارایه كه پرۆسه‌ی گۆڕان و نوێبوونه‌وه و
نۆژه‌نگكردنه‌وه و پێداچوونه‌وه به میتۆد و ڕێبازه
جۆراوجۆره‌كاندا گرێ بدرێته‌وه به بازنه‌ی قازانجی ئه‌و
توێژه‌ی وا له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی گۆڕاندا چاوه‌ڕوانی
پاراستنی قازانجه‌كانی خۆی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێت ئه‌م
شانۆیه گوڕ و ته‌كانێك به ڕێكخراوه كوردییه‌كانی دیكه
بدات و چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات له ناو ئه‌وانیشدا بخاته
به‌رده‌م پرسی گۆڕان و له‌م باره‌وه گوڕ و ته‌كانێك له
ناخی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حیزبی كوردیدا بێنێته
ئاراوه. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به
ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌نگاو و گه‌لی ئێمه‌وه هه‌یه.
ئێستا كه بڕیاری بوون به سكرتێر له دوو
كۆنگره‌ی به‌دوایی یه‌كدا له حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی
ئێران‌دا به كردوه هاتۆته گۆرێ و كاری پێده‌كرێت، ده‌بێ
چاوه‌ڕوانی چ ئاكامگه‌لێك بین تاكو دواده‌رئه‌نجام
وه‌رگرین و ئه‌م خاڵه دیمۆكراتیكه به‌هێزه‌ی پێره‌وی
نێوخۆی حیزب بچه‌سپێنین و بیكه‌ینه پرنسیپێكی نه‌گۆڕ و له
داهاتووشدا كاری پێ بكه‌ین و وه‌كو شانازییه‌كی گه‌وره بۆ
حیزب و خه‌باته ڕه‌واكه‌ی له مێژووی تێكۆشانیدا به خه‌تی
زێڕین تۆماری بكه‌ین؟
ئه‌م بابه‌ته ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره و پڕبایه‌خی خه‌باتی
دیمۆكراتیكی نێو ڕیزه‌كای حیزبه و نیشانه‌ی باوه‌ڕبوونی به
كردوه‌ی حیزبه به دیمۆكراسی و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له
كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه. ئه‌مه‌ش خۆی باشترین نیشانه
و پێوانه‌ی دیمۆكرات بوونی حیزبه و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و
ڕاستییه كه حیزبی دێمۆكرات بێ دیمۆكراسی به كرده‌وه و
پێوانه دیمۆكراتیكه‌كان، مانا نادات.
له ڕاستیدا ڕێزدار مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده وه‌كو
كه‌سایه‌تی یه‌كه‌می ئه‌و كاتی حیزب كه له هه‌ڕه‌تی
ده‌سه‌ڵاتدا بوو، به هێنانی ئه‌م چه‌مكه دیمۆكراتیكه و
پێداگری بۆ چه‌سپاندنی له به‌رنامه‌ی حیزب‌دا، به كرده‌وه
هه‌نگاوێكی گرینگی بۆ هه‌رچی پتر دیمۆكراتیزه‌كردنی
پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ڕێبه‌رایه‌تی حیزب‌دا هاویشت.
هه‌رچه‌ند ڕێزدار مامۆستا هه‌ر ئه‌و كات و له ساڵۆنی
كۆنگره‌ی 11ی حیزب‌دا له جێژنی كۆتایی كۆنگره‌دا، پاش
هه‌ڵبژێرانه‌وه‌ی به سكرتێر، له یه‌كه‌مین پلۆنۆمی
كومیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی 11، به دوای
ئاگاداركردنی به‌شدارانی كۆنگره له بوون به سكرتێری
مامۆستا، له لایه‌ن هاوڕیێ هێژا كاك موسته‌فا هیجری له
سالۆنی كۆنگره فه‌رمووی: "...هه‌رچه‌نده
به‌رپرسایه‌تییه‌كه‌تان به كۆڵ مندا دایه‌وه، به‌ڵام به
دڵنیایی‌یه‌وه هه‌ر له‌م كۆنگره‌دا چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش
هه‌بوون كه بتوانن ئه‌و ئه‌ركه به ئه‌ستۆوه بگرن... .(4)"
ئه‌مه خۆیی له خۆییدا نیشانه‌ی ئه‌وه بوو كه ناوبراو زۆر
باش له توانا و پێكهاته‌ی حیزبه‌كه‌ی تێده‌گات و باش
ده‌زانێت كه فه‌ردپه‌رستی له حیزب‌دا جێگایی نییه و بۆ
درێژه‌دان به گیانی دیمۆكراسیانه نیاز به گه‌شه‌پێدانی
دیمۆكراسی و سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵات، پێویستێكی
حه‌یاتییه.
هه‌ڵبه‌ت هه‌مووان بۆ ئاشنابوون له‌گه‌ڵ دیمۆكراسی و زۆر
چه‌مك و بابه‌تی هزری و سیاسی و ده‌یان ڕه‌هه‌ندی فكری و
ئه‌ندیشه‌ی قوتابخانه جۆراوجۆره‌كان، قه‌رزاری مامۆستای
هه‌میشه زیندوومان، ڕێبه‌ر و هزرڤانی سه‌ربه‌ده‌ره‌وه و
خاوه‌ن نفووزمان دوكتۆر قاسملووی نه‌مرین. ساڵه‌كانی 1980
- 1979ی زایینی كاتێك دوكتۆری مه‌زن له میتینگی مێژوویی
شاری مهاباددا بۆ جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێری ئه‌و ده‌ڤه‌ره
ده‌په‌یڤێت، خه‌ڵكی ئاماده‌بوو دروشمی بژی قاسملوو
ده‌ڵێنه‌وه. جێگای سه‌رنجه كه دوكتۆر قاسملوو بۆخۆیی داوا
له جه‌ماوه‌ره‌كه ده‌كات و ده‌فه‌رمووێت :"...بژی قاسملوو
شوعاری ئێمه نییه، فه‌ردپه‌ره‌ستی له‌ناو حیزبی ئێمه‌دا
جێگایی نییه، فه‌ردپه‌رستی به زه‌ره‌رمانه، دروشمی ئێمه
بژی دیمۆكراته... .(5)"
به سه‌رنجدان به كه‌شوهه‌وای ئه‌و كات و خوێندنه‌وه‌ی
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له هه‌موو بوارگه‌لی كه‌لتوری،
ڕامیاری، كۆمه‌لایه‌تی، ئابووری، ئایینی و هتد، به
له‌به‌رچاوگرتنی ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واری خه‌ڵك و له ئارادا
نه‌بوونی ئه‌زمونی هیچ چه‌شنه پرسێكی دیمۆكراتیك و
دیمۆكراسی‌یانه و زاڵ نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری و
نه‌بوونی چاپه‌مه‌نی ئازاد و شوێندانه‌ر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه،
له خواره‌وه‌بوونی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و
هه‌بوونی سیسته‌می خێڵه‌كی و زۆر بابه‌تی دیكه‌ی له‌م
چه‌شنه، بواری به دیكتاتۆربوونی كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن
نفووز و به ئێعتبار و خۆشه‌ویستی وه‌كو كاك دوكتۆریان
ده‌ره‌خساند ئه‌گه‌ر بێت‌و دوكتۆری زانا و ژیر تاكو سه‌ر
ئێسقان دیمۆكرات نه‌بایه. دوكتۆر قاسملوو له پێوه‌ندی
ده‌گه‌ڵ دیمۆكراسی و دیكتاتۆریدا ده‌فه‌رمووێت: "...ئێمه
خراپترین دیمۆكراسیمان له باشترین دیكتاتۆری پێ باشتره...
.(6)"
مرۆڤ ئه‌و مافه به خۆیی ده‌دات كه بێژێ گه‌شه‌دان به
پرۆسه دیمۆكراتیكه‌كان و سنوورداركردن و به‌رپرستركردنی
هه‌رچی پتری سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له‌ناو ڕیزه‌كانی حیزب‌دا،
باشترین ئه‌مه‌گناسییه بۆ گیانی پاكی دوكتۆر قاسملووی زانا
و ده‌گمه‌ن، و ده‌بێت ئێمه به كرده‌وه ئه‌م پڕۆسه گه‌شه
پێبده‌ین و به‌ره‌وپێشی به‌رین.
دوكتۆر سه‌عیدی پێگه‌یشتوو و تێگه‌یشتتوو، یاری هه‌میشه
وه‌فاداری دوكتۆر قاسملوو كه له باری سیاسییه‌وه
درێژه‌ده‌ری به‌كرده‌وه‌ی ڕێگا و ڕێبازه پیرۆزه‌كه‌ی
قاسملوو بوو، به‌ڕوونی له‌ژێر شوێنه‌واری وانه و
هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی كاك دوكتۆر دایه و له وتاردانیدا
به‌بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی ئه‌و جوامێره، به ده‌ستی دیپلۆمات
تیرۆریسته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له ساڵی 1989 له‌سه‌ر
مێزی دیالۆگ، له ڤییه‌ن، پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش،
ده‌فه‌رمووێت: "...من ئیجازه‌م وه‌رگرتووه له
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب، ئه‌و مه‌ئموریه‌ته‌م پێدراوه،
ئیجازه له ئێوه‌ش ده‌خوازم تێكڕا له‌و فورسه‌ته تاریخییه
و مێژوویه‌دا، په‌یمان بده‌ین كه یان سه‌رده‌كه‌وین یان
ئێمه‌ش ئه‌و شانازیه‌مان به نسیب ده‌بێت و دێینه لای
ئێوه... .(7)"
وتار و لێدوانی دوكتۆر شه‌ره‌ره‌فكه‌ندی له كاتێكدایه كه
به كردوه كه‌سایه‌تی یه‌كه‌می حیزبه. ناوبراو به زمانێك
ده‌دوێت كه پڕه له ڕێز و حورمه‌تدانان. ئه‌مه نیشانه‌ی
باوه‌ڕی قووڵی ناوبراوه به دیمۆكراسی. پرس و ڕاگۆڕینه و
زمانی ئارام و ته‌وازعی قووڵ له كاتی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیدا
نیشانه‌ی لێهاتوویی و كارامه‌یی‌یه و له هه‌مان حاڵ‌دا
باوه‌ڕهێنانه به وزه و توانای جه‌ماوه‌ر له هه‌موو
ڕوویه‌كه‌وه.
ئه‌م دیاردانه نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه میكانیزمی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له حیزبی ئێمه‌دا
هه‌رده‌م دیمۆكراتیك بووه. به‌ڵام هێنانی ئه‌م چه‌مكه
نوێیه بێگومان دیمۆكراتیكتری ده‌كات و په‌ره به دیالۆگ و
شه‌فافیه‌ت ده‌دات، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك ڕێز بۆ ده‌نگی
ئه‌ندامانی حیزب دانێین و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن
قه‌بووڵ بكه‌ین. با له بیرمان نه‌چێت كه میكانیزمی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب و ئۆرگانه جۆربه‌جۆره‌كانی،
دیمۆكراتیكن و سه‌رهه‌ڵدانی هێندێك كه‌موكووڕی - ئه‌گه‌ر
بێته پێش - له قۆناخی جیاجیادا به هیچ جۆر ئه‌م ئه‌سڵه
دیمۆكراتیكانه ناباته ژێر پرسیار.
باسمان له‌وه كرد كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن
له حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌دا پرۆسه‌یه‌كی به
ته‌واوه‌تی دیموكراتیكه و مێژووی ژیانی سیاسی ئه‌م حیزبه و
ئه‌نجامی كۆنفرانس و كۆنگره و هه‌ڵبژاردنی ڕێبه‌رایه‌تی
حیزب له ڕێگای ده‌نگی سه‌ربه‌خۆی ئه‌ندامانی حیزبه‌وه،
ئه‌و ڕاستییه به باشی نیشان ده‌دات. ئه‌م پرسه
دیموكراتیكانه وه‌ها له‌نێو ڕیزه‌كانی حیزب‌دا ڕه‌گ و
ڕیشه‌یان داكوتاوه كه گوێ نه‌دان پێیان ده‌توانێ
كاره‌سارتخولقێن بێت.
ئێمه له مێژووی حیزب‌دا به كردوه‌وه به‌شێك له‌م ڕووداوه
ڕه‌شانه‌مان به چاوی خۆمان دیتووه. هه‌رچه‌نده هه‌موو
دیارده‌كانی پاش كاره‌ساته‌كان و ڕووداوه تاڵه‌كانیش به
ڕوونی ده‌ریانخستووه كه هه‌نگاوه نادیموكراتیكه‌كانیش
ته‌نها به نیازی گه‌شه‌پێدان و بووژانه‌وه‌ی حیزب و
گروپه‌كاندان و بۆ كاروباری حیزب بووه له ڕووی
پراكتیكه‌وه.
ڕه‌نگه زۆر كه‌س گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رچی پتری دیموكراسی و
قووڵتربوونه‌وه‌ی پرسه دیموكراتیكه‌كان بۆ خه‌باتی سه‌خت و
دژواری حیزب زۆر به پێویست نه‌زانن. ته‌نانه‌ت ئه‌م پرسه
دیموكراتیكانه بۆ خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی ئێمه كه ڕێگای
هه‌ڵسووڕانی به‌ئاشكرای له‌نێو جه‌ماوه‌ری پانوبه‌رینی
كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیدا نییه، له بڕێك شوێن و قۆناخ‌دا به
زیانباریش لێكبده‌نه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌م بابه‌ته‌ش زۆر
ناواقعبینانه نه‌بێت، ده‌كرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و به
دیالۆگ باشترین میكانیزم بۆ چاره‌سه‌ركردنی بدۆزرێته‌وه.
چاره‌سه‌رییه‌ك كه به‌رهه‌می دیالۆگ بێت، زه‌حمه‌ته به
خالێكی نادیموكراتیك پێناسه بكرێت.
لێره‌دا خالێك كه نابێت له بیرمان بچێت ئه‌وه‌ییه كه ژیان
و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌مڕۆمان پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به سۆزی
كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه. بابه‌تێك كه ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی
ده‌وروبه‌رمان پێمان ده‌بێژێت چه‌نده هه‌ستیار و ناسكه.
گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی له ژیانی سیاسی ئه‌مڕۆماندا،
گوێڕایه‌ڵی سبه‌ی ئێمه‌ی له ئاست داخوازیی كۆمه‌ڵانی
هه‌راوی خه‌ڵكدا لێده‌كه‌وێته‌وه. بێگومان ئه‌م دیارده
پاراستنی ئیعتیبار و پرستیژی ئێمه لای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و
دۆستانمان هه‌روا به‌رز و قایم ڕاده‌گرێت.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م خاڵانه، نابێت له بیرمان بچێت كه
حیزب وه‌ها ئاوێته‌ی دیموكراسی بووه كه له ژیانی
تاراوگه‌نشینیشدا هه‌نگاوی گه‌وره‌ی دیموكراتیك
ده‌هاوێژرێت، هاتنه ئارای ڕووداوی سیاسی جۆراوجۆر، له
چه‌شنی دوو ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوایی
یه‌كدا و خانه‌نشینكردنی ئه‌ندامانی به‌ساڵداچوو، له
كۆنگره‌ی 13ی حیزب‌دا، نیشانه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ن.
بێ خۆهه‌ڵكێشان و ده‌مارگرژی، حیزب له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
هێنانه مه‌یدان و پراكتیزه‌كردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و
چه‌مكه دیموكراتیكه‌كان، له ئاستی هێزه سه‌راسه‌رییه
ئێرانی و كوردستانییه‌كا‌ن، هه‌میشه له پێش بووه.
ئاشكرایه كه به‌ربڵاوی دیموكراسی نێوخۆییمان و
ئاوه‌ڵابوونی كه‌شی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه له خۆگرتن له سه‌ره‌وه
بۆ خوارێ و له خواره‌وه بۆ سه‌رێ، هه‌میشه له حیزبی
ئێمه‌دا بواری حزووری سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بۆ به‌شداریكردن
له بڕیاردان به‌گشتی و پرۆسه چاره‌نووس سازه‌كاندا
به‌تایبه‌تی، ڕه‌خساندووه. ئه‌م مه‌یدانه هه‌میشه خاڵی
جیاوازی جێگای شانازایمان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌دا
بووه.
ڕووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له هه‌موو كات هۆكارێكی گرینگ
بووه بۆ به‌ره‌وژووربردنی قه‌در و قیمه‌تی سیاسی حیزب. له
باری نێوخۆیشه‌وه، ئاستی هه‌ستكردن به به‌رپرسایه‌تی،
دڵسۆزی، وه‌فاداری و به‌ره‌وژوورچوونی خۆشه‌ویستی حیزبی
لێكه‌وتۆته‌وه.
كه وایه هێنانه‌مه‌یدانی ته‌نها دوو ده‌وره سكرتێری له دوو
كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا خزمه‌ت به‌م كه‌شه نێوخۆیه‌مان
ده‌كات و هاوكات ئێمه له به‌رانبه‌ر ڕێكخراوه‌كانی
دۆستماندا سه‌روگه‌ردنێك به‌رزتر به دیار ده‌خات. كه‌وابوو
ده‌بێت له ئاست قسه‌ی نه‌یارانی سیاسی و دوژمنانی
سوێندخواردووی حیزب‌دا هۆشیار بین و به ده‌نگی به‌رز
ڕابگه‌یه‌نین كه ئه‌م بابه‌ته به نه‌ریتشكێنیكی گه‌وره
ده‌زانین و شانازی پێوه ده‌كه‌ین، گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ین و
به‌ره‌وپێشی ده‌به‌یین.
حاشا له‌وه ناكرێت كه بۆ هێنانه به‌رهه‌می ئه‌م چه‌مكه
دیموكراتیكه نوێیه پێویسته كۆمه‌ڵێك بواری كاری به‌كردوه
بخوڵقێنین و به ئاشكرا و دڵسۆزانه كاری بۆ بكه‌ین. ئه‌گه‌ر
ئێمه بكارین دیالۆگێكی ئاشكرا به مه‌به‌ستی
به‌ربڵاوتركردنی هه‌رچی پتری شه‌فافیه‌ت بهێنینه ئاراوه،
بێگومان ده‌توانین له‌سه‌ر بنه‌مای لێك نه‌چوونه‌كانمان
پێكه‌وه كار بكه‌ین و حیزب بۆ پێشه‌وه به‌رین.
ئێمه بۆ گه‌شه‌پێدان به‌م پرۆسه، ئه‌زموونی كۆنگره‌ی 10ی
حیزبمان له‌به‌رده‌ست دایه. دیاره كه له خاڵی سفره‌وه
ده‌ستپێناكه‌ین. به باوه‌ڕی من ئێستا قۆناخی چه‌سپاندنی
هه‌رچی پتری نهادینه‌كردنی مافی تاكه‌كه‌س به ڕه‌نگوبۆنی
جیاوازه‌وه له حیزب‌دا ئاماده‌یه. تاكێك كه باس له گه‌ڵاڵه
و پرۆژه‌كانی خۆی ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی مووچڕك به له‌شیدا
بێت. تاكێك كه ئه‌ركه‌كانی خۆی ده‌ناسێت و بۆ جێبه‌جێكردنی
ئه‌ركه پێئه‌سپێردراوه‌كانی به‌دڵه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت و له
خێر و شه‌ڕی حیزب‌دا خۆی به به‌شدار ده‌زانێت. لێره‌دایه كه
پرۆسه‌ی پێكه‌وه كاركردن و هه‌ڵكردن ده‌بووژێته‌وه و
هه‌ستكردن به به‌رپرسایه‌تی له ئاست چاره‌نووسی حیزب‌دا
هه‌ڵده‌كشێت.
پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای
ئه‌ندیشه جیاوازه‌كان و ڕوانگه هزرییه ڕه‌نگاوره‌نگه‌كان
چه‌كه‌ره ده‌كات و ڕاستوڕه‌وان له دڵی پرۆسه
دیموكراتیكه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. ته‌نها كه‌شی
دیموكراسییه كه ته‌حه‌مولی ڕوانگه جیاوازه‌كان ده‌كات.
دیموكراسی ئه‌م ڕوانگه جیاوازانه ده‌خاته خزمه‌ت
به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانی و له‌سه‌ر بنه‌مای
لێكنه‌چوونه‌كان گه‌شه به بواره جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه
ده‌دات و له چوارچێوه‌ی یاسادا پێكه‌وه‌حه‌وانه‌وه ده‌كاته
بنه‌ماێكی پته‌و؛ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی
له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و هه‌وڵدان بۆ پاراستنی بێ ئه‌ملاولای
به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ڕادێن، تاكو له‌سه‌ر بناخه‌ی
حورمه‌تگرتنی یه‌كدی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و له ناخی
كۆمه‌ڵگه‌دا بكه‌ونه جموجووڵ.
ئێمه ده‌بێت هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌یین بۆ ئه‌وه‌ی كه
مافه‌كانی مرۆڤ له حیزب‌دا به ته‌واوه‌تی نهادینه بكه‌ین.
لێره‌وه ده‌توانیین ئه‌ندامانی حیزب بۆ نێو بازنه‌ی
دیالۆگێكی شارستانی تر و مۆدێرن تر په‌لكێش بكه‌ین و
هاوكات هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له ئاست چاره‌نووس و
به‌رژه‌وه‌ندی گشتی حیزب‌دا به‌ره‌وژوور هه‌ڵكێشین.
خوڵقاندنی وه‌ها دۆخێك گه‌شه‌سه‌ندنی پتر و خێراتری بیر و
ڕوانگه جیاوازه‌كانی لێده‌كه‌ێته‌وه و له ته‌نیشت ئه‌م
مه‌سه‌له‌دا ملكه‌جكردن بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی
دیمۆكراتیك فه‌راهه‌م تر و خێرا تر ده‌بێت. وا بیر
ده‌كه‌مه‌وه كه به هێنانی چه‌مكی دوو ده‌ووره سكرتێری له
دوو كۆنگره‌ی به دوای یه‌كدا نیازێكی حه‌یاتی به
به‌ربڵاوتركردنی هه‌رچی پتری ئه‌م بابه‌ته هه‌ست
پێده‌كرێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م مه‌سه‌له ناسكه پشتگوێ
بخه‌ین ئاوا دۆخی چه‌قیو و یه‌خه‌مان به‌رنادات. له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی نه لێك دوور ده‌كه‌وینه‌وه نه پێكه‌وه كار
ده‌كه‌ین. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م مه‌سه‌له‌ش بێ بایه‌خ بوونی
زۆر دیارده‌ی به‌نرخی لێده‌كه‌وێته‌وه كه قوربانی زۆرمان
بۆ داوه.
سه‌رنجڕاكێشه كه هه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان له چوارچێوه‌ی
پاراستنی كه‌سایه‌تی یه‌كتردا قه‌ت به مانای
ته‌نگه‌به‌ركردنه‌وه‌ی بازنه‌ی دیموكراسی نییه. یه‌كێك
له‌و خاڵانه‌ی كه دیموكراسی به‌ره‌و مه‌ترسی پاڵ پێوه
ده‌نێت دیار نه‌بوونی ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تییه. ئێمه كاتێك
باس له پاراستنی كه‌سایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ین ڕاست ئه‌م
خاڵه به مانای ئه‌و مافانه‌یه كه ئێمه له‌ژێر سێبه‌ری
دیموكڕاسیدا وه‌چه‌نگی دێنین و یاساكانی ده‌سه‌ڵاتی
دیموكراسیانه بۆمان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. دیموكراسی
پرۆسه‌یه‌كی دوولایه‌نه كه له‌سه‌ر بناخه‌ی ماف و ئه‌رك
گه‌شه ده‌كات.
لێره‌دا خاڵێكی هه‌ره ناسك هه‌یه كه ده‌بێت به وردی
سه‌رنجی بده‌ینێ. خوو و خده‌ی مرۆڤه‌كان به‌گشتی
به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه. مادام وایه سروشتییه كه مرۆڤ و
مرۆڤه‌كان هه‌وڵبده‌ن كه یاسا و ڕێسایه‌ك داڕێژن كه
قازانجه جۆراوجۆره‌كانیان بپارێزێت و هاوكات به‌ره‌و
پێشیشی ببات. مادام مرۆڤه‌كان بیركردنه‌وه و حه‌ز و ئاوات
و ئاره‌زووه‌كانیان، هه‌ست و تێڕوانین بۆ دیارده‌كان
جیاوازه، ئاساییه كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز بێنه
ئاراوه.
هاتنه ئارای ئه‌م قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه
بواری تێكشكانی كه‌سایه‌تی یه‌كدی دێنێته ئاراوه ئه‌گه‌ر
بێت و یاسا دیموكراتیكه‌كان هه‌موو شتێك سنووربه‌ندی
نه‌كه‌ن و چوارچێوه‌ی ڕه‌فتار و كرداری مرۆڤه‌كان ته‌نزیم
نه‌كه‌ن. ئه‌م ته‌نزیم كردن و سنووربه‌ندی كردنه له
چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا زۆرترین ئازادی به
سه‌رجه‌م تاكه هه‌ڵسووڕه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ده‌به‌خشێت.
لێره‌وه‌یه تێده‌گین ئه‌وانی دیكه‌ش به‌شیان هه‌یه و بێ
دابینكردنی به‌شی ئه‌وان تووشی سه‌رئێشه‌یه‌كی وه‌ها
ده‌بین كه بواری كاری جییددیمان بۆ ناهێڵێته‌وه.
ئاشكرایه كه ئه‌م پرس و بابه‌تانه‌ی له سه‌ره‌وه
ئاماژه‌مان پێكردن بواری هاتنه‌ئارای كێبه‌ركێ ده‌رخسێنێت.
پراكتیزه‌كردنی دوو ده‌ووره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به
دوای یه‌كدا ده‌رگای ئه‌م كێبه‌ركێیه‌ی ئاوڵا كردوه.
ئه‌گه‌ر ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونه‌كانی كۆنگره‌ی 10ی
حیزب هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م چه‌مكه نوێیه‌ش بۆ پێشه‌وه به‌رین
قازانجی زۆری لێده‌كه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی قه‌یران بین.
كۆنگره‌ی 10ی حیزب له سه‌ره‌تای به‌هاری 1374ی هه‌تاوی له
كورستان پێكهات. كۆنگره‌یه‌ك كه من بڕوام وایه تێكۆشانی
حیزبی ئێمه‌ی خستۆته قۆناخێكی نوێوه. قۆناخێك كه پێویستی
به هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆلینه‌وه‌ی تایبه‌ت هه‌س. پیش
كۆنگره باسێكی زیندوو له سه‌رتاپای حیزب‌دا سه‌ر
هه‌ڵده‌دات. دوو به‌ره له‌سه‌ر تێڕوانینی دوو
لێكدانه‌وه‌ی به ته‌واوه‌ی جیاواز له حیزب‌دا شکڵده‌گرن و
به هه‌مان لێكنه‌چوونه‌وه ده‌رگای كۆنگره‌ی 10ی حیزب
ده‌خه‌نه سه‌ر پشت. كێشه‌كه كێشه‌یه‌كی سیاسی
چاره‌نووسسازه و لابردنی كۆسپێكی گه‌وره‌ی سه‌ر ڕێگای
تێكۆشانی دواڕۆژی حیزبه. ئه‌ویش كێشه‌ی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و
كه‌سانه‌یه كه پاش به‌سترانی كۆنگره‌ی 8 له ساڵی 1366ی
هه‌تاویدا ڕیزه‌كانی حیزب به‌جێد‌یڵن.
سه‌رنجڕاكێشه كه بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی
میللی دیموكراتیكی كوردستاندا لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار پاش
قسه و باسێكی چڕ له كۆنگره‌دا ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان له
حیزب‌دا ده‌داته ده‌ستی لایه‌نی به‌رانبه‌ر. ئه‌مه نیشانه‌ی
ته‌مرینكردنی درێژماوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسییه كه
تێكۆشه‌رانی دیموكرات دكارن وه‌ها ئه‌زموونێكی زێڕین له
مێژووی سووری حیزبه‌كه‌یاندا تۆمار بكه‌ن. ئه‌وه
باوه‌ڕبوون به دیموكراسییه كه تێكۆشه‌رانی دێموكرات
له‌پێناوی به‌هێزتركردنی حیزب‌دا هێز و تواناكان
وه‌سه‌ریه‌ك ده‌خه‌ن و بڕیاری پێكه‌وه‌كاركردن مسۆگه‌ر
ده‌كه‌ن.
جیاوازاییه‌كان به هیچ جۆر بواری لێكترازان و لادان و
كارشكێنی خۆش ناكات. به‌ڕێز كاك مسته‌فای هیجری سكرتێری
لێكه‌وتووی ئه‌وكات هه‌ر له‌و كۆنگره‌دا تاجه‌گوڵینه له
گه‌ردنی هاوڕێی تێكۆشه‌رمان، سكرتێری تازه‌ی ئه‌وكات
مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ده‌كات. پرۆسه‌ی
پێكه‌وه‌كاركردن و به‌ره‌وپێشبردنی حیزب پاش كۆنگره‌ی 10
سه‌رتاپای جه‌سته‌ی حیزب داده‌گرێت. له وه‌ها دۆخێك‌دا ئیدی
شانتاژ و قسه و قسه‌ڵۆك جێگای نییه. تۆمه‌ت لێدان و
بیرۆكه‌ی پیلان و شتی له‌م بابه‌تانه له ئارادا نین.
لێره‌دا یه‌ك خاڵی به‌هێزی دیموكراتیك وه‌كو هه‌تاو
ده‌دره‌وشێته‌وه، ئه‌ویش ملكه‌جكردن بۆ ئیراده‌ی زۆرینه‌ی
ئه‌ندامانی باڵاترین ئۆرگانی ده‌سه‌ڵاتداری حیزبه.
ئه‌م ساده‌ترین و له هه‌مان كاتدا گرینگ‌ترین لایه‌نی
دیموكراسی و دیموكرات بوونه بێ قبووڵكردن و كارپێكردنی
ئه‌م دیارده هه‌موو بابه‌ته‌كان سه‌قه‌ت و دروشماوی له ئاو
دێنه ده‌ر و خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئێمه خاوه‌نی ئه‌م لاپه‌ڕه
زێڕینانه‌ی له مێژووی دوور و نزیكی خۆمان‌داین بۆیه
ده‌توانیین به له‌دایكبوونی داهاتوویه‌كی گه‌ش هیوادار
بین.
چه‌سپانی دوو ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای
یه‌كدا و كارپێكردنی له بارودۆخی ئێستای بزووتنه‌ی
كوردستاندا كه له دۆخی چاوه‌ڕوانی و چه‌قیودا ژیانی سیاسی
خۆی بۆ پێشه‌وه ده‌بات، ڕه‌نگه لایه‌نه گرینگه‌كانی وه‌كو
پێویست خۆی ده‌رنه‌خات و هه‌ست پێ نه‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنین كه حیزبی دێموكراتی كوردستانی
ئێران له داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا خاوه‌نی ڕۆڵ و
ده‌ورێكی چالاكه و خه‌ڵكێكی زۆر و زه‌وه‌ندی له ده‌ور خڕ
ده‌بێته‌وه، ئه‌و كات ده‌كارین خاستر له قازانجه‌كانی ئه‌م
پڕۆسه دیموكراتیكه تێبگه‌ین و بكه‌وینه هه‌ڵسه‌نگاندن و
شرۆڤه‌كردنی و ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ به‌ره‌ی ئێستا به‌گشتی
و نه‌وه‌ی دواڕۆژ به‌تایبه‌تی ده‌ستنیشان بكه‌ین.
به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه ددانی پێدا بندرێ
كه ئه‌وه حیزبی ئێمه‌یه به هێنانی ئه‌م خاڵه دیموكراتیكه
ئه‌و تاپۆیه‌ی تێك‌شكاند كه تاكو ئێستا له‌ناو هه‌موو هێزه
جیددییه‌كانی كوردستانیدا باو بووه كه باسكردن له‌به‌ر
ته‌سكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاقه‌كه‌س و سنوورداركردنی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ده‌ستنیشانكردنی ئاستی بڕیاردانی
حه‌رام بووه و به گوناحێكی گه‌وره هاتۆته ژماردن.
ئاشكرا و به‌ڕچاوه كه ئه‌م خاڵه خه‌باتی نێوخۆیی حیزبی
ئێمه‌ی بۆ بازنه‌یه‌كی زیندووتر پاڵ پێوه ده‌نێت. ئه‌م
خاڵه ده‌توانێ جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی گۆڕانكاری و چاكسازی بێت
له حیزب‌دا. من باوه‌ڕم وایه كه ئه‌م خاڵه ده‌توانێ
لێهاتوویی و كاركوشته‌یی توانای سكرتێره‌كانی حیزب وه‌كو
ڕۆژی ڕوون بۆ ئێمه ده‌رخات. ئه‌وانه‌ی كه پێیان وایه
حه‌سه‌نزاده به‌هۆی پیر بوون و بێتاقه‌تی خۆیی ئه‌و
چه‌مكه‌ی چه‌سپاندووه، بێگومان باسه‌كان به لاڕێدا
ده‌به‌ن و قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ كردن پێ نییه كه مرۆڤ
كاتی خۆی بۆ گوێپێدانی به‌فیڕۆ بدات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر
ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌وری گێڕابێت ئه‌وا هیچ له جه‌وهه‌ری
دیموكراتیكی پرۆسه‌كه كه‌م ناكاته‌وه.
چوونكه ئیتر ڕۆلی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م له حیزب‌دا به مه‌رگ
كۆتایی نایه‌ت. مه‌رگ هه‌میشه جۆرێك له دیواری سۆزداری بۆ
كۆچكردوو یان شه‌هیده‌كانی ئێمه پێكدێنێت كه ڕێگرێكی
جێددییه له پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بێبه‌ری له
ده‌مارگرژی. ئه‌م خاڵه كاتێك ڕوونتر دێته دیتن كه ئێمه
تێبگه‌ین سه‌رۆكانی سیاسی ئێمه به چ پیلانێكی ناجوانمێرانه
و دڵڕه‌قانه خه‌ڵتانی خوێن كراون. چاره‌نووسێكی خه‌مهێنه‌ر
كه پێداچوونه‌وه‌ێكی ڕه‌خنه‌گرانه به ئاكار و كرداری وان‌دا
گه‌لێك زه‌حمه‌ت و دژوار ده‌كات.
به‌لام ئێستا ئیدی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه شكاوه و ئێمه به
هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد له‌سه‌ر كارنامه‌ی تێكۆشانی تاكه‌كان
بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین و هه‌ر له ئاكامی ئه‌م پرۆسه‌دایه
كه له‌ناو لیستی باشه‌كاندا باشترین هه‌ڵده‌بژێرین. پێشتر
به‌داخه‌وه هه‌میشه ئه‌و هه‌سته زاڵ بووه كه كه‌س ناتوانێ
جێگای كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م پڕ كاته‌وه. ئه‌م چوارچێوه له
لایه‌ك ڕێگر بووه له ده‌ركه‌وتنی توانا جۆراوجۆره‌كان و له
لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پاش نه‌مانی سه‌ركرده‌كان جۆرێك له بێ
هیوایی و دڵساردی لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئێمه‌دا
زاڵ بووه.
لێره‌دا ده‌مهه‌وێت ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌م كه له
بارودۆخی ئێستادا كه‌س ناتوانێ ڕۆڵی دوكتۆره‌كان له حیزبی
ئێمه‌دا یاری بكات. ئه‌وان به بوونی خۆیان له پێپلیكانی
هه‌ره سه‌ره‌وی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه زۆرترین خزمه‌تیان به
خه‌باته ڕه‌واكه‌نان به‌خشیوه و چالاكترین ده‌وریان
گێڕاوه. به‌ڵام بێگومان ئه‌وانیش وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكی دیكه
خاوه‌نی خاڵی به‌هێز و لاواز بوون. سه‌ره‌ڕای لێهاتوویی و
توانایی به‌رچاویان، ئه‌وان هه‌میشه دیموكرات بوون بۆ
گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی هه‌نگاوی به‌كرده‌وه‌یان بۆ
پێشه‌وه هاویشتووه. ئێمه بۆ ژیانی دیموكراتیكی خۆمان
ئێستاش قه‌رزاری وانه و هه‌ڵسوكه‌ته‌كانی ئه‌وانین.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من له‌م زنجیره وتاره‌مدا هه‌وڵمداوه
له چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنی خۆم له پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات
له‌نێو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌دا بدوێم. باوه‌ڕم
وایه كه ده‌بێت به شێوه‌ی جیددی و به‌رده‌وام چاوه‌دێری
باس و پرسگه‌لی پێوه‌ندیدار به چۆنیه‌تی گرێچنی ده‌سه‌ڵات
له‌نێو حیزب‌دا بكرێت و له ئه‌زموون و ڕابردووی حیزب بۆ
شه‌فافتركردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌ڵك وه‌رگیرێت. كێ
هه‌یه نه‌زانێت كه شه‌فافكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له
ناوه‌ندی پرۆسه دیموكراتیكه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و
ته‌شه‌نه ده‌كات و شۆڕ ده‌بێته‌وه ناو جه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵگه؟
كاتێكیش ڕه‌هه‌ندی دیموكراتیك له ئارادا بێت دیالۆگ دێته
مه‌یدانی پراكتیكه‌وه و لێكتێگه‌یشتنی زۆرتر كه‌ڵه‌كه
ده‌بێت. ساكارترین لایه‌نی ئه‌م ڕه‌وت و ڕێبازه داڕشتنی
بازنه‌یه‌كی تێكۆشانی ڕامیارییه كه له‌وێدا هه‌موو كه‌س
هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی له چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی
گشتیدا ڕێكده‌خات.
لایه‌نێكی گرینگی ئه‌م سنوورداربوونی ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه
كه خه‌باتی ناوخۆیی ئێمه به ئاقارێكدا ده‌باته پێش كه
هه‌موو
ئه‌ندامه‌كانی حیزب حزورێكی ئاشكرا و هه‌ڵسووڕ و
به‌تینتریان له باس و خواسه‌كانی پێوه‌ندیدار به حیزبه‌وه
ده‌بێت؛ مافه‌كانی خۆیان باشتر ده‌ناسن و ڕۆڵی به‌رپرسیاری
خۆیان له ئاست چاره‌نووسی حیزب‌دا پشتگوێ ناخه‌ن. باسه‌كان
به گوڕ و تینێكی زیاتره‌وه خۆ ده‌رده‌خه‌ن و ڕه‌نگوڕووی
سیاسی به‌خۆوه ده‌گرن و جیاوازییه‌كان نابنه هۆی دابڕان و
لادان و دووكه‌رت بوون، به‌ڵكو ده‌بنه هۆكارێكی هه‌ره
گرینگ بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌ك دیاری بكه‌ین كه هه‌موو
كه‌س به مافی به‌رانبه‌ره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بیر و
باوه‌ڕی جیاواز سوكایه‌تی پێبكرێت یان به ئه‌نقه‌ست
گۆشه‌گیر بكرێت، له‌سه‌ر مه‌بنای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی
گشتی، چالاك بێت. ئه‌مه كاتێك به ته‌واوه‌تی جێگا ده‌گرێت
كه ئێمه كه‌لتورێكی سیاسی پێشكه‌وتوانه به ناكۆكی و
سه‌لیقه جیاوزه‌كانمان ببه‌خشین. ئه‌گه‌ر ئێمه بخوازین و
شانی ژێرده‌ین ده‌توانین ئه‌نجامی ده‌ین، به مه‌رجێك
باوه‌ر به‌وه بێنین كه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته ئه‌ركی
هه‌موومانه و نابێت به هیچ بیانوویه‌ك فه‌رامۆشی بكه‌ین.
له بارێكی دیكه‌وه ئه‌م چه‌مكه دیموكراتیكه بواری
سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه مه‌یدانی به‌ره‌ی لاو كه تێگه‌یشتنێكی
زانستی‌تر و ئه‌مڕۆیی‌تری له‌مه‌ڕ ڕووداو و دیارده‌كان
هه‌یه، دێنێته كایه‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌كارین بێژین كه ئیتر
بوارێكی به‌رفراوان بۆ پراكتیكی كۆنه‌پارێزی له حیزب‌دا
نامێنێته‌وه و نوێبوونه‌وه‌ی بیر و تێڕوانین و ڕوانگه و
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ڕه‌وه‌ندێكی خێراتر به‌خۆوه ده‌گرن.
ئه‌مه‌ش به ئاوڕدانه‌وه له خه‌باتی دوورودرێژی حیزب و
خوێندنه‌وه‌ی وردی ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كان بۆ ژیانی
سیاسی ئێستای ئێمه پێویستێكی حه‌یاتییه. له ته‌نیشتی
ئه‌مه‌شه‌وه‌یه كه خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ چۆنیه‌تی
هه‌ڵسان و دانیشتنه‌كان مانا به‌خۆوه ده‌گرێت و كاریگه‌ری
ده‌بێت بۆ له‌دایكبوونی هێوری و پشوودرێژی له ئاست ڕه‌نگه
جیاوازه‌كاندا.
له ڕوانگه‌ێكی دیكه‌وه مرۆڤ ده‌توانێ بێژێت كه چه‌مكی دوو
ده‌ووره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا هێزی هزری
و بیركردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب گه‌شه پێده‌دات و
به‌ره‌وژووری هه‌ڵده‌كێشێت. هاوكات هه‌موان ده‌توانین به
پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی جیاواز بۆ تێكۆشانی فره‌بواری حیزب
فۆڕمێكی مۆدێرن و ئه‌مڕۆیی به لێكنه‌چوونه‌كان و جیاوازی
چۆنیه‌تی به‌رێوه‌به‌ری حیزب ببه‌خشین. لێره‌دایه كه
هه‌موو به‌ده‌نه‌ی حیزب به چاوی ورده‌وه ده‌ڕوانێته
هه‌ڵسوكه‌وت و كرداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و پتر خۆی له‌نێو
بازنه‌ی ئاڵوگۆڕ و بڕیاره‌كاندا ده‌بینێته‌وه و زیاتر
ئاماده ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵسۆزانه له خزمه‌ت بزوتنه‌وه
ڕه‌واكه‌ماندا كار بكات. هه‌روه‌ها مه‌یدانی هاتنی فكری
نوێتر و ده‌كاركردنی ئه‌م ئه‌ندیشه نوێیانه له بواری
ڕاوێژكاری و پرسوڕاپێكردن ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت.
سكرتێری تازه‌مان به‌ڕێز كاك موسته‌فا هیجری بۆ سه‌ركه‌وتن
و به ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆژه‌كانی خۆی و ته‌كاندان به
حیزب بۆ پێشه‌وه، باشتره له‌سه‌ر توانا و نه‌فه‌سی
هاریكاری سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی حیزب به هه‌موو
ڕه‌نگه‌كانه‌وه حیساب بكات. ده‌بێت هه‌موان له پرۆژه‌كاندا
به‌شدار بكرێن و پرسوڕایان پێبكرێت و فه‌رامۆش نه‌كرێن.
لێره‌دا بۆ هه‌ر گوێنه‌دانێك و به‌ته‌نگه‌وه نه‌هاتنێك،
ده‌نگی ئه‌ندامانی حیزب سه‌نگی مه‌حه‌كه.
سه‌ره‌كیترین قازانجی ئه‌م كاره له‌وه‌دا ده‌بینم كه
هه‌موان له ئاست چاره‌نووسی حیزب‌دا هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی
ده‌كه‌ین و هه‌موو كه‌موكووڕییه‌كان و كه‌لێن و
كه‌له‌به‌ره‌كان ناخرێنه سه‌ر شانی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م و
ته‌واوی كێشه‌كان بۆ به‌رده‌می ناوبراو په‌لكێش ناكرێت.
په‌رده له‌سه‌ر گرینگی ئه‌م بابه‌ته كاتێك لاده‌درێت كه
ئێمه تێبگه‌ین له چه‌ند ساڵی داهاتوودا خاوه‌نی چه‌ندین
كه‌سین له حیزبه‌كه‌ماندا كه ڕۆڵی یه‌كه‌میان به كرده‌وه
یاری كردووه. دوو ده‌ووره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای
یه‌كدا ئه‌گه‌ر به وردی زه‌مینه‌ی دیموكراتیكی له‌سه‌ر
مه‌بنای یه‌كتر قه‌بوڵ كردن و شه‌فاف و دیالۆگی به‌رده‌وام
له‌گه‌ڵ به‌ده‌نه‌دا بۆ خۆش نه‌كرێت ئه‌وا حیزب تووشی
جۆرێك له ئانارشیزم ده‌كات كه ده‌رئه‌نجامی زۆر پڕمه‌ترسی
وه‌كو شایه‌عه سازكردن، درۆ و قازانجپه‌ره‌ستی شه‌خسی، بێ
ته‌فاوه‌تی و... لێده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌مان له بیر بچێت كه هێنانی ئه‌م پرسه
دیموكراتیك و شانازی خوڵقێنه له لایه‌ن ڕێزدار مامۆستا
حه‌سه‌نزاده‌وه كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و به‌رپرسیاری گرینگ
ده‌خاته ئه‌ستۆی ناوبراو كه ده‌بێت هه‌نگاوی به‌كرده‌وه
بۆ وه‌دیهێنانیان بهاوێژێت. ئه‌م پرۆسه پرۆسه‌ێكی نوێ و
تاقی نه‌كراو و جێنه‌كه‌وتووه و چه‌سپاندن و كارپێكردنی
هاریكاری هه‌موو لایه‌كی ده‌وێت. له ڕوانگه‌ی منه‌وه
ئه‌ركی سكرتێری پێشوو به هیچ جۆرێك كۆتایی نه‌هاتووه. ئێمه
ده‌بێت بۆ گه‌یشتنه هه‌ر پۆست و پله و پایه‌یه‌ك له‌سه‌ر
بنه‌مای ڕۆشن و شه‌فاف هه‌نگاو بنێین و ڕووخانی یه‌كدی
له‌ژێر هه‌ر ناوێك‌دا و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك به كردوه به
حه‌رام بزانین. ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات به‌بێ توندوتیژی كارێكی
گه‌وره و پڕبایه‌خه و نیشانه‌ی قووڵی دیموكراسییه.
یارمه‌تیدان بۆ سه‌ركه‌وتن و جێگیربوونی ئه‌م ڕه‌وته، ڕووی
ڕاسته‌قینه‌ی دیموكرات بوونمان هه‌رچی پتر ده‌خاته به‌ر
تیشكی دره‌وشانه‌وه.
ئه‌م خاڵه به مانای ئه‌وه نییه كه له ئاست
كه‌موكووڕییه‌كاندا بێده‌نگ بین و مێشێك میوانمان نه‌بێت،
به‌ڵكو هه‌وڵ بده‌ین كه به دیالۆگ و قسه و باس و
ده‌ستنیشانكردنی خاڵه لاوازه‌كان و هاوده‌م پێشنیار و
پلانی گونجاو پێشكه‌ش بكه‌ین و به‌ردی بناخه‌ی پێكه‌وه
كاركردن قایم و قایمتر بكه‌ین. ئه‌م خاڵه هه‌موو كات
ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌هێڵێته‌وه كه له‌مه‌ڕ
گوێنه‌دانه‌كان بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بڕیاری بیروڕای گشتی
به‌ده‌نه‌ی حیزب. سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌م پڕۆسه،
سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌موومانه و پاشه‌كشه‌كردنه له دیموكراسی
و پاشه‌كشه‌كردن له دیموكراسی هه‌نگاونانه به‌ره‌و
دیكتاتۆریه‌ت.
حیزبی دێموكرات بێ كه‌موكووڕی نییه و نابێت. به‌ڵام له
ئاست سادق بوون و ڕاستوێژی و فیداكاری و شێلگیربوون بۆ
وه‌دیهێنانی مافه‌كانی كۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵكی كوردستان،
هیچ گومانێكم نییه. حیزب به كردوه نیشانیداوه كه دیموكراته
و ئێمه‌ش بۆ هه‌ڕچی پتر دیموكراتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له
حیزب‌دا تێده‌كۆشین و له خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی ئازادی و
دیموكراسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی خۆمان به پشتبه‌شتن به
توانای هێزی له‌بڕاننه‌هاتووی خه‌ڵكی كوردستان پشت
ئه‌ستوورین.
له كۆتایی ئه‌م باسه‌دا
ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌ند خاڵێك به پێویست ده‌زانم
1.
سه‌ڕدێری باسه‌كه‌ی من ئه‌مه بوو:
كۆنگره‌ی 13ی حیزب لوتكه‌ی ئاڵوگۆڕه جیددییه‌كان، دوو
ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا
ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی سیاسی.
به‌ڵام له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێزی دیمانه‌وه ئه‌م
سه‌ردێڕه له‌به‌ر درێژبوونی كورت كرابۆ‌وه.
2.
ئه‌م باسه‌م بۆ دژایه‌تی كه‌س نه‌هێناوه‌ته
ئێره و به شانازی ده‌زانم كه وه‌كو ئه‌ندامێكی حیزب
به‌رگریم له به‌ندێكی به‌رنامه و پێڕه‌وی حیزبه‌كه‌م
كردووه كه به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره و ده‌ستكه‌وتێكی
مه‌زنی ده‌زانم و به قووڵی باوه‌ڕم پێیه‌تی.
3.
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ بره‌خسێت له
داهاتووشدا له‌سه‌ر كۆنگره‌ی 13ی حیزب ده‌نووسم و به
ئه‌ركی هه‌موو ئه‌ندامێكی حیزبی و دڵسۆزێكی بزوتنه‌وه
حه‌قخوازانه‌كه‌مانی ده‌زانم كه به‌رگری له ده‌ستكه‌وته
مه‌زنه سیاسیه‌كانی كۆنگره‌ی 13 بكات و بۆ چه‌سپاندن و
به‌ره‌وپێـشبردنی، هه‌نگاوی به‌كرده‌وه بهاوێژێت.
(فیدرالیزم، دوو ده‌وره سكرتێری، به ئه‌ندام وه‌رگیرانی
كوردی پارچه‌كانی دیكه...).
|