به ئێواران که خۆر ده‌نیشێت و.....
ڕوومه‌تی ئاسمان سوورهه‌ڵده‌گه‌ڕێ
یادت ده‌که‌مه‌وه
یاده‌کانت وه‌کوو برینێکی سڕ بوو...
له گۆشه‌وکه‌ناری دڵمدا مرۆچه ده‌که‌ن و...
له نێو چاڵوچۆڵی ژیانمدا چه‌قیون
تۆش گه‌ر ڕۆژێک له کۆڵانی دڵتدا
به به‌ر ده‌روازه‌ی نیگامدا تێپه‌ڕ بووی....
یادم که‌ره‌وه
وه‌کوو جاری جاران....
جێی پێکانت بژمێره‌و ئاوڕ به‌ره‌وه
به ئێواران که خۆر ده‌نیشێت و...
ڕوومه‌تی ئاسمان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
یادت ده‌که‌مه‌وه
بیره‌وه‌ریه‌کانت یه‌ک به یه‌ک له ناخی دڵم ده‌شارمه‌وه
تۆش گه‌ر ڕۆژێک باران بوو
گومان مه‌به‌و...وه‌کوو جاری جاران
خۆت بده‌ره به‌ر باران
منیش هێدی هێدی یاده‌کانت له پشت ده‌لاقه‌ی دڵمه‌وه...
تنۆک تنۆک به ئاوی داچۆڕاوی
ئه‌و تاڵه قژه‌ی به‌ر چاوتی گرتبوو....بشۆمه‌وه
به ئێواران که خۆر ده‌نیشێت و ...
ڕوومه‌تی ئاسمان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
ئه‌و کراسه‌ی که حه‌زت لێی بوو
به‌به‌ر ده‌که‌مه‌وه
به په‌رچه‌می په‌رێشانه‌وه چاوه‌ڕێت ده‌بمه‌وه
نامه‌یه‌کی نهێنی به ماچی ئاڵ ده‌ڕازێنمه‌وه‌و...
له ناخی دڵم بۆتی ده‌شارمه‌وه
به ئێواران که خۆر ده‌نیشێت و ...
ڕوومه‌تی ئاسمان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
تۆش ئه‌و که‌واوپانتۆڵه که‌تافیه‌ی که من حه‌زم لێی بوو
له به‌ری که‌ره‌وه
ئه‌و چه‌که‌ی که ڕۆژێ لێی ده‌ترسام له شانی که‌و...هه‌ڵمه‌ت به‌ره‌وه
له سه‌ر به‌رزترین لووتکه‌ی قه‌ندیل پڕ به ده‌نگ با‌نگم که‌ره‌وه
به‌خیلیم ده‌برد به کوردوستان !
له سه‌ر دڵت هه‌ڵتکه‌ندبوو....
یا کوردوستان یا نه‌مان
وامده‌زانی لێی لێژ کردووم جێگام
به‌ڵام...
خۆشم ویستی چوون پێشمه‌رگه بووی
پاسه‌وانی دڵی من و گوڵی خۆت بووی
شانازی ده‌که‌م به‌و دڵه‌ی پڕ بێ له خۆشه‌ویستی کوردوستان
خۆی نه‌مێنێ و سه‌ردانه‌نه‌وێنێ بۆ دوژمنان
به ئێواران که خۆر ده‌نیشێت و....
ڕوومه‌تی ئاسمان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
یادێکی قووڵ له ناخی دڵمه‌وه سه‌ر ده‌ر دێنێ و ده‌زریکێنێ...
یا کوردوستان یا نه‌مان
خۆشم ویستی چوون پێشمه‌رگه بووی
پاسه‌وانی دڵی من و گوڵی خۆت بووی
که‌ژاڵ نه‌قشبه‌ندی
2009-04-16
RSS
چاپ کردن/Print
سلاوو ماندو نه‌بوونی له که‌ژال خانم. به‌راستی هه‌ستێکی زۆر جوان بالی به‌سه‌ر ئه‌م پارچه هۆنراوه‌یه‌دا کێشاوه. وه‌ک باسوریه‌کان ئه‌لێن هیوای به‌رده‌وامی.
...............