| |
|

|
هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌ره‌تایی سه‌رۆک کۆماری له ئه‌مریکا: دیارده نوێیه‌کان و ئاکامی ناروون, شه‌ریف بێهروز
|
 هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری له ئه‌مریکا یه‌کێک له هه‌ره گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا و ته‌نانه‌ت نێونه‌ته‌ویشه، چوونکه نه‌فه‌ری هه‌وه‌ڵی ئه‌مریکا نه‌ته‌نیا کاریگه‌ری هه‌یه له سه‌ر نێوخۆیی ئه‌مریکا و ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیانی ، به‌لکوو به هۆیی رۆڵی به‌رچاوی ئه‌مریکا له ناوه‌نده‌کانی برێاردانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئالوگۆڕ له به‌شی ئیجرایی ئه‌مریکادا گرینگێکی تایبه‌تی پێده‌درێ.
هه‌ڵبژاردنی نه‌فه‌ری یه‌که‌م له ئه‌مریکا پرۆسه‌یه‌کی دوور و درێژه و جیاوازی ته‌واوی له گه‌ڵ هه‌ڵبژارنه‌کانی زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا هه‌یه. چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی هه‌لبژاردنی سه‌رۆکۆمار له ئه‌مریکا ئه‌مانه‌ن: یه‌که‌م، ته‌نیا دوو حیزب کاندیدای خۆیان بۆ سه‌رۆککۆماری ده‌پاڵێون و له ئاکام دا کێبه‌رکێیه‌که له به‌ینی دوو نه‌فه‌ری نوێبه‌ری دوو حیزب (واته کۆماریخوازه‌کان و دێموکراته‌کان)ده‌بێ(هێندێک جار کاندیدی سه‌ربه‌خۆ یان سه‌ر به سه‌وزه‌کان به‌رچاو ده‌که‌وه‌ن به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نین). دووهه‌م، هیچ کاندیدایه‌ک چ له ململانه‌یی ناوحیزبی و چ پاش پاڵیوترانی به بێ بونیه‌ی ماڵێکی به‌هێز ئیمکانی سه‌رکه‌وتنی نییه. سێهه‌م، کاندیدی یان کاندیده شانسداره‌کانی هه‌ر حیزبێک چه‌ند ساڵ پێشتر به‌ڕچاو ده‌بن و له مڵملانه‌ی نێوحیزبی خۆیان سه‌رکه‌وتوو دێنه ده‌ر. گڕوتینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری ئه‌و کاتی ده‌ست پێده‌کات که نوێنه‌ری حیزبه‌کان ده‌پاڵاوترێن و ئه‌م پرۆسه‌یه به رۆژێک کۆتایی پێ نایه و نیزیک به ساڵێک ده‌خاێنێ، که ئه‌مه هه‌م کات و هه‌میش دراو زۆر هه‌ڵده‌گرێ و هه‌ر ئیاڵه‌ته‌و هه‌ر حیزبه‌ی یاسایی خۆیی و کاتی خۆیی بۆ پالاوتنی کاندیداکان هه‌یه. تایبه‌تمه‌ندیی‌تر ئالوگۆر له به‌شی ئیجرایی له نێو ئه‌م دوو حیزبه سه‌ره‌کییه دایه که به ده‌گمه‌ن بیندراوه که حیزبێک له دوو ده‌وره زیاتر سه‌رۆککۆماری به‌ده‌سته‌وه ببێت.
له هه‌لبژاردنه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌دا به گشتی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه رۆڵی سه‌ره‌کی خۆیان کایه کردووه و هاوکات له گه‌ل ئه‌مانه هێندێک تایبه‌تمه‌ندیی تریش له‌م ده‌وره‌یه‌دا هه‌ن که پێویست به ئاماژه کردنن: دێموکراته‌کان که وێده‌چی شانسی زیاتریان بۆ سه‌رکه‌وتن له‌م ده‌وره‌ییه‌دا هه‌بێت به‌ڕه‌ورروی دوو گوزینه بوونه‌ته‌وه که له مێژووی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریکادا وێنه‌ی نه‌بووه. تا ئێستا نه ژن و نه ره‌ش پێست بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری حیزبه‌که‌یان نه‌پالاوتراون. و له ئاکام‌دا ئه‌گه‌ر دێموکراته‌کان کۆشکی سپی به ده‌سته‌و بگرن مێژووێکی نوێی بۆ ژن و یا ره‌ش پێسته‌کان لاپه‌ڕه ده‌درێ.
له نێو کۆماریخوازه‌کان گرفتێکی ئه‌ساسی هه‌یه: رابردووی به‌ڕێوبه‌ڕی ئێستای کۆشکی سپی که به ده‌ست کۆماریخوازه‌کانه نه له باری نێوخۆیی و نه نێوده‌وله‌ت‌ییه‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه - دیاره ره‌نگه هه‌موو رووداوه‌کانی پێوه‌ندی راسته‌وخۆیی به به‌ڕێوه‌به‌ری ئێستا نه‌بێ، به‌ڵام مادام له‌م ده‌وره‌یه‌دا روویان داوه بێ گومان به شێکی به‌رچاوی بگره هه‌مووی ده‌که‌وێته سه‌ر شانی وان-. ئه‌و گروتینه‌ی له نێو دێموکراته‌کان دا هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌ییه بۆ کۆشکی سپی له نێو کۆماریخوازه‌کان‌دا به‌م شێوه به‌رچاو نه‌که‌وێت و ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆیی تایبه‌تی هه‌یه. کێشه‌ی دوو ده‌وره‌ییی به‌ڕێوبه‌ڕانی ئێستا له شوروشه‌وقی کۆماریخوازه‌کانی که‌م کردۆته‌وه. کاندیدای کۆماریخوازه‌کان به‌م شێوه خه‌ڵک‌راکێش نین (له به‌راوه‌رد له گه‌ڵ دێموکراته‌کاندا) که ده‌بێ ببن ته‌نانه‌ت له نێو حیزبه‌که‌ی خۆشیان دا. تا ئه‌مرۆ هه‌ر سێ کاندیدای ماوه‌ته‌وه له کۆماریخوازه‌کان هه‌ر یه‌ک گرفتی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه که کۆماریخوازه‌کان هه‌ر یه‌ک به هۆیه‌ک لێیان نارازین.
به پێی مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ کۆشکی سپی نیزیک به زۆربه‌ی ئه‌و کاندیدانه‌ی که له چه‌ند ئیاله‌تی هه‌وه‌ڵ دا سه‌رکه‌وتوو دێنه ده‌ر شانسی ته‌واویان هه‌یه ببنه سه‌رۆککۆمار. له هه‌لبژاردنه‌کانی ئه‌م جاره که له ئیاله‌تی Iowa و New Hempshire ده‌ستی پێ‌کرد ئه‌م کاندیدانه‌ی که ئێستا له سێنی هه‌ڵبژاردن‌دا ماون ده‌نگی هه‌وهه‌ڵ و دووهه‌م و سێهه‌میان هێناوه‌ته‌وه. هۆیی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه سه‌ر ئه‌و وزه‌ی که کاندیده‌کان له قۆناغی هه‌وه‌ڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا ده‌یگرن. هاوکات له گه‌ڵ وه‌ش میدیاکان گرینگی زیاتریان ده‌ده‌نێ و دراوی زیاتریش کۆ ده‌که‌نه‌وه. دیاره ده‌رکه‌وتنی سه‌رکه‌وتنانه‌یان ده‌گرێته‌وه بۆ رادی خۆشه‌ویستیان له نێو خه‌ڵکیش که له‌وانه‌یه به‌م راده‌یه‌ش له ئیاله‌ته‌کانی‌تر سه‌رکه‌وتوو بێنه ده‌ر.
له هه‌ڵبژاردنه‌کانی رۆژی سێشه‌ممه که به سوپه‌ر سێشه‌ممه Super Tuesday ناسراوه 24 ئیاله‌ت- واته نزیک به نیوه‌ی ئیاله‌ته‌کانی ئه‌مریکا - ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن که 2 ئیاله‌تی به‌رچاو واته کالیفرنیا و نیویورکی تێدایه که زۆرترین حه‌شیمه‌تی ئه‌مریکایان هه‌یه. له نێو کۆماریخوازه‌کان‌دا تا رۆژی سێشه‌ممۆ له سه‌رجه‌م 12 کاندیدادا 3 که‌س، سناتۆری ئیاله‌ته‌ی ئاریزۆنا John McCain به ده‌رسه‌دێکی زۆر له ده‌ندگده‌ران، Mike Huckabeeفه‌رمانداری پێشووی ئیاله‌تی Arkansas و Mitt Romney فه‌رمانداری پێشووی Massachusetts (رۆژێ پێنج‌شه‌ممه ئه‌م کاندیدایه‌ش خۆیی کشانده‌وه) مابوونه‌وه که مه‌کین زیاتر له 50 ده‌رسه‌دی ئه‌و کورسیانه‌ی پێویستێتی وه‌ده‌ست هێناوه و له ره‌قیبه‌کانی نێو حیزبه‌که‌ی زۆر له پێشه. گرفتی ئه‌ساسی McCain ده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌و ناخۆشه‌ویسته‌ی یان به واتایکی تر ئه‌و نارازییانه‌ی له نێو کۆماریخوازه‌کان هه‌نه به دژی. ئه‌وان پێیان وایه که McCain به گوێره‌ی که پێویسته کۆنسیروه‌تیڤ نییه و هێندێک له خاوه‌ن بۆچوونه کۆماریخوازه‌کان درکاندوویانه که ده‌نگ ده‌ده‌ن به خانمی کلینتۆن تا McCain. Romney که چاوه‌روان ده‌کرا له رۆژی سێشه‌ممه سه‌رکه‌وتووتر بێته ده‌ر به هۆیی مانه‌وه‌ی نه‌فه‌ری سێهه‌م Huckabee له لیسته‌دا نه‌یتوانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه بۆ خۆیی مسۆگه‌ر بکات که چاوه‌روان ده‌کرا. دیاره ئایینی ئه‌و کاندیدایه(لقێک له ئاینی مه‌سیح به‌ڵام مه‌سیحییێکان به ئاینێکی جیاوازی داده‌نێن) بۆ خۆیی هێندێک شک و گومانی له نێو ده‌نگده‌ران دا دروست کردبوو و له رۆژی سێشه‌مهۆه ئه‌مه به جوانی ده‌رکه‌وت. کاندیدای سێهه‌م Huckabee زیاتر وه‌ک کاندێدکی ناوچه‌یی سه‌یری ده‌کرێ و ناتوانی سه‌رکردایه‌تی هه‌موو ئه‌مریکا بکات. ئه‌گه‌ر چی ناوبراو ئێستاش شانسی هه‌یه سه‌رکه‌وتوو بێته ده‌ر. ئه‌گه‌ر چی سه‌رکه‌وتنی McCain تا راده‌یه‌کی به‌رچاو یه‌کلایه‌نه بۆته‌وه.
له نێو دێموکراته‌کاندا ره‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کان تا راده‌یه‌ک جیاواز بوو له گه‌ڵ کۆماریخوازه‌کان. به پێچه‌وانه‌ی کۆماریخوازه‌کان له رۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه، سناتۆری نیویورک و هاوسه‌ری سه‌رۆککۆماری پێشووی ئه‌مریکا، Hillary Clinton و سناتۆری گه‌نجی ره‌شپێستی Illinois ، Barak Obama له لیستی هه‌وه‌ڵی پالێوتراون دابوون و بۆ زۆر که‌س روون بوو که له کۆتایی‌دا مڵملانه‌یی دێموکراته‌کان بۆ کاندیداتۆڕی له نێوان ئه‌م دووانه‌دا ده‌بێ و پاش Super Tuesday ئه‌م راستییه باشتر ده‌رکه‌وت و ئه‌و که‌مه‌یی ده‌نگی Obama به نیسبه‌ت Clinton هه‌یبوو که‌متر بووه و وزه‌یه‌کی زیاتری دا به Obama که مێژووی بوونی هه‌وه‌ڵ ره‌شپێستی سه‌رۆککۆمار تۆمار بکات. له هه‌تووی داهاتوودا هه‌ڵبژرادنه‌کانی چه‌ند ئیاله‌تی‌تر که وێده‌چی Obama سه‌رکه‌وتوو بێته ده‌ر چاره‌نووسی ئه‌م مڵملانه‌یه تا راده‌یه‌ک یه‌کلا بکات. به گشتی دوای ده‌نگدانی ئه‌م 24 ئیاله‌ته کاندیدی هه‌ر دوو حیزب ده‌بێ روون بێ به‌ڵام له‌م ده‌وره‌یه‌دا تا ئێستا لانی که‌م له نێو دێموکراته‌کاندا که شانسی زیاتری چوون بۆ کۆشکی سپیان هه‌یه، نادیاره.
له لێکدانه‌وه‌ی ئاکامی هه‌ڵبژرادنه‌کان له ئه‌مریکا چه‌ند تشت رۆڵی ئه‌ساسی ده‌گێڕن که لێره‌دا ئاماژه‌یان پێده‌کرێ و سه‌رکه‌تنی هه‌ر له‌م کاندیدانه که‌م و زۆر ده‌گرێته‌و بۆ ئه‌م فاکتۆرانه.
گیفانی پڕ و دراوی زۆر له وڵاتێکی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ئه‌مریکا بێ‌گومان کیسه‌ی پر ده‌توانی قسه‌ی ئاخیر بکات. له ئه‌مریکا به پێی یاسا رێگا بۆ سیاسه‌تڤانان خۆش کراوه تا بۆیان ده‌کرێ بۆ سه‌رکه‌وتنی خۆیان بۆ هه‌ر پۆستێک بێت پاره کۆ که‌نه‌وه. ئه‌م پاره‌یه هه‌م ده‌توانی له لایه‌ن که‌س یان شیرکه‌ته‌وه بدرێت. به‌رێوه‌بردنی که‌مپه‌ینی سه‌رۆکۆماری له وڵاتێکی پان و به‌رین و پرحه‌شیمه‌تێکی وه‌ک ئه‌مریکا پێویستی به ماتۆرێکی زڵی ماڵی و ته‌بلیغاتییه که به بێ دراو و که‌س ناکرێت. بۆ ده‌سپێک ده‌بێ ئه‌م کاندیدایه هێندێک پاره‌ی خۆیی هه‌بێت تا خۆیی بناسێنت و زۆربه‌ی کاندیداکان میلیونێرن. پاشان ده‌بێ له هه‌ر شوێنێک نه‌فه‌ر به کرێ بگرن که کاریان بۆ بکه‌ن و ده‌نگیان بۆ کۆ که‌نه‌وه. به‌ڵام به‌شی هه‌ره ئه‌ساسی ئه‌و دراوانه له ته‌بلیغات خه‌رج ده‌کرێ که له میدیاکانی ئازادی ئه‌م وڵاته‌دا بڵاو ده‌کرێنه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و کاندیدانه‌ی که تا ئێستا خۆیان کشاندۆته‌وه گرفتی مالیان بۆ پێش هاتووه که نه‌یانتوانیوه پاره‌ی ستافیان بده‌ن یان ته‌بلیغات بکه‌ن و له ئاکام‌دا مانه‌وه‌یان به قازانج نابینن. بۆ وێنه Romney که توانی تا ئێستا بمێنێته‌وه هۆیی ئه‌ساسی ده‌گرێته‌وه بۆ به‌هێز بوونی بنیه‌ی ماڵی نابراو که تا رۆژی سێشه‌ممۆ 35 میلیون له پاره‌ی خۆیی سه‌رف کردبوو. خانمی کلینتۆن له مانگی ژانوییه‌دا ته‌نیا 13 میلیونی کۆکردبووه که له به‌راوه‌رد له گه‌ڵ Obama هه‌ر له مانگی ژانویه‌دا 15 میلیونی که‌م دێنا. گوشاره ئه‌وه‌نده بۆ سه‌ر کلینتۆن زۆر بوو که ستافی خۆیی حازر بوون له مانگێک مووچه‌ی خۆیان واز بێنن. له ئه‌مریکا به دراو سه‌رۆککۆماری وه‌ده‌ست نایه به‌ڵام به بێ دراویش هیچ هومێدێک بۆ چوون بۆ کۆشکی سپی نییه.
میدیا و ده‌نگدانه‌وه و ره‌نگدانه‌وه‌ی کاندیداکان
میدیای ئازاد له ئه‌مریکا یه‌كیک له هه‌ره تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دێموکراسی ئه‌مریکایه که خۆیی وه‌ک وه‌زنه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات له ئه‌مریکادا نیشان ده‌دات. به هۆیی به‌ربڵاوبوونی میدیا و ده‌ست راگه‌یشتنی خه‌ڵک به ئه‌مرازه‌کانی میدیا وه‌ک تلوزیۆن، رادیو، رۆژنامه‌و گۆڤار، ئنترنه‌ت، تلێفون و هتد...کاندیداکان گرینگی تایبه‌تی به‌م به‌شه ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا بۆیان بکرێ زیاتر له سه‌ر شاشه‌کان و رۆژنامه‌کان و بوونیان بێ و باسێان بکرێ(هه‌ڵبه‌ت به باشی). به‌ڵام میدیاکان کاتێک سرنجی زیاتر به کاندیدایه‌ک ده‌ده‌ن که شانسیان له سه‌رکه‌وتن‌دا زۆرتر بێت. سه‌رکه‌وتنی سه‌ره‌تایش ده‌گرێته‌وه بۆ زۆر شت که یه‌کێکیان هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌ی پیکرا دراوی زۆره. یه‌کێک له هۆیه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی Rudy Guliani، (شاره‌داری پێشووی نیویورک له سه‌رده‌می سێپتامبری 11، 2001 ) له قۆناغی یه‌که‌م‌دا پاشکه‌وتن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی چه‌ند ئیاله‌تی ههوهڵدا که پێشتر ئاماژه‌یان پێکرا و به‌ڵام له هه‌مووی گرینگتر پاش ئه‌و سه‌رنه‌که‌وتنه، بایه‌خ نه‌دانی میدیا به دۆڕاوێکی وه‌ک جوولیانی که له سه‌ره‌تادا وه‌ک نوێنه‌ری سه‌ره‌کی کۆماریخوازه‌کان بۆ کۆشکی سپی ده‌ناسرا. CNN پاش هاتنه‌ده‌ری سه‌رکه‌وتننانه‌ی Obama له دوو ئیاڵه‌تی ههوهڵدا که زیاتر له 90 ده‌رسه‌د سپی‌پێستن نه‌ته‌نیا به‌رده‌وام کامیراکانیان به شوێنی‌وه بوون به‌ڵکوو ئه‌وه‌شیان ئاشکرا کرد که ئه‌و تیمه‌ی بۆ ئه‌منییه‌تی Obama پاش سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی دیاری کراوه به قه‌را هی سه‌رۆککۆماره. ناراسته‌وخۆ ئه‌م کاناڵه ناوبراوی شان به شانی سه‌رۆککۆمار دانا و په‌یامێکی به‌هێزی دا به روانگه‌ی گشتی له مه‌ر لێهاتوویی Obama.
هه‌ڤاڵی ته‌نگانه: هالیوود و که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کان
هالیوودییه‌کان و که‌ساییه‌تییه ناسرواه‌کانی پانتای فیلم و هونه‌ر و سیاسه‌تی کۆمه‌ڵگایی ئه‌مریکا کاریگه‌ری به‌جێ و قورسیان هه‌یه له سه‌ر سه‌رکه‌وتن و سه‌رنه‌که‌وتنی کاندیداکان. به هۆیی بوونی میدیای ئازاد و که‌لتووری ناسراو (Popular culture) که‌سایه‌تییه‌کان رۆڵی به‌رچاو له که‌مپینه‌کاندا ده‌گێڕن. بۆ وێنه پیشتیوانی کردنی Oprah Winfrey (به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه‌ی تایبه‌ت که رۆژانه به میلونها بینه‌ری هه‌یه) له Obama خه‌ڵکێکی زۆری له پشت ئه‌م کاندیدایه کۆ کرده‌وه. هه‌روه‌ها له پشت راوه‌ستانی که‌سانی ناسراوی تری سیاسی وه‌ک سناتۆر و کۆنگرێس و فه‌رماندار و شاره‌داریش و هتد... حه‌یاتییه بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ر کاندیدایه‌ک. پاش کشانه‌وه‌ی Rudy Guliani له کێبه‌رکی کۆماریخوازه‌کان ناوبراو هه‌واداری له McCain کرد و سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی سیشه‌مموی رابڕدوو به تایبه‌تی له نیویورک نیشانه‌ی به‌هێزی ئه‌م پیشتیوانییه. بوونی Bill Clinton وه‌ک سه‌رۆککۆماری خۆشه‌ویستی ئه‌مریکا له ده‌ورووبه‌ری هاوسه‌ره‌که‌ی(ئه‌گه‌رچی گه‌لێک که‌س پێیان وایه له راده به‌ده‌ره) بێ‌گومان به‌شێکه له هۆکاری له پێش‌بوونی ناوبراو. Obama له یه‌کێک له باسه‌کانیان دا له گه‌ڵ خاتوو کلینتۆن ووتی که ناوبراو نازانی هێندێک جار ره‌قیبه‌که‌ی کێیه: خانمی کلینتۆنه یان هاوسه‌ره‌که‌ی بێڵ.
هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌سه‌ڵاترین که‌سی ئه‌م جیهانه به تایبه‌تی له دونیای ته‌ک‌جه‌مسه‌ری ئه‌مرۆدا پرباسترین و سرنج‌راکێش‌ترین باسی میدیا و کۆرکۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێ. هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک به هۆیی گه‌وره‌یی و به‌رىڵاویی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و بڵاوبوونی سه‌رمایه و خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته له چوارده‌وره‌ی ئه‌م تۆپی زه‌وییه له ئاڵوگۆڕی کۆشکی سپی دا خۆیی به هاوچاره‌نووس ده‌زانێ. سیستمی سیاسی ئه‌مریکا یه‌کێک له تێکه‌ڵ‌وپێکه‌ڵترین دێموکراسییه‌کانی ئه‌مرۆ و پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنه‌کانی بێ وێنه و کاتگره، به‌ڵام به پێوانه‌ی ئه‌مرۆیی ئازاد و سه‌رکه‌وتوو. هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌ییه‌ی سه‌رۆککۆماری جیا له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه که سیستمی سیاسی ئه‌مریکا شانازی پێوه ده‌که‌ن توانی هێندێک ته‌بووی ئایینی و ره‌گه‌زی و جینسی بشکێنی که له مێژووی ئه‌مریکادا بێ‌وێنه بووه. بێ‌گومان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نوێیانه بوونه‌ته هۆیی ئه‌وه که زۆر تشت تا ئێستا به تایبه‌تی تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی رۆژی سێشه‌ممۆ ناروون بمێنه‌وه له مه‌ر گۆزرانه‌وه‌ی ململانه‌یی سه‌رۆککۆماری له به‌ینی چه‌ند که‌س له یه‌ک حیزب بۆ دوو نه‌فه‌ر له دووحیزبی جیاواز.
شه‌ریف بێهروز 20080208 |
|
|
|
|
|
|