| |
|

|
حه‌سه‌نزاده و سادیزمی سیاسی, مه‌جید حه‌قی
|
[پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به دیمانه‌ی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده له‌گه‌ڵ وه‌شانی لڤین]
له ده‌سپێکی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌وه مێژووی مرۆڤایه‌تی ته‌ژیه له ڕووداو و ته‌نگه‌ژه ناخۆشه‌کان، که به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئاقاری به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕووداوانه پێش‌گرتن له ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونی کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئاستێکی باشتر بووه. گه‌لی کورد وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، به‌داخه‌وه تووشی زۆرترین ڕووداو و دیارده ناخۆشه‌کانی ئه‌و جۆره ته‌نگه‌ژه کۆمه‌ڵایه‌تیانه بووه‌ته‌وه. به‌تایبه‌ت دووپاتکردنه‌وه‌ی دیرۆک و ڕووداوه‌کان که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان شکستن له‌لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه، بوونه‌ته به‌شێک له چاندی سیاسی و میژوویی.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ی که به‌سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا سه‌پا، لایه‌نی جیابووه‌وه سه‌ره‌ڕای واده، به‌ڵێنی و دروشمه زریقه‌داره‌کانی خۆی که ته‌نانه‌ت هه‌ندێک ڕۆشنبیری "به‌په‌له"ی بۆلای خۆی ڕاکێشا، هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی دواتری ئه‌و دۆستانه به‌جیاتی خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ له سیاسه‌ت و فێربوون له مێژوو به‌ره‌و ئاقارێکی به‌ته‌واوی دوور له لۆژیک ده‌ڕوا که ده‌کرێ به‌کورتی ناوی سادیسمی سیاسی لێ بنرێت. له‌باتی به‌شدارییه‌کی ئاوه‌دانکه‌رانه و کۆنستراکتیڤ لایه‌نی جیابووه به گرتنه‌پێشی سیاسه‌تی ماجه‌راجۆیانه و سه‌ره‌ڕۆیانه له هه‌وڵی قرێژکردنی چه‌مکی کاری سیاسی و به‌جیاتی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ده‌ربازبوون له گرێکوێره‌ی که له‌و هه‌لومه‌رجه ناسکه‌دا بۆ بزاڤی کوردیان پێکهێناوه، هه‌ڵمه‌تی سووککردنی خه‌باتی سیاسیی کوردیان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستپێکردووه. ڕه‌وتی جیابۆوه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که به‌شوێنی ڕوونکردنه‌وه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ری گرفتی ناسنامه‌یی- سیاسیی خۆی له‌ده‌ستی بێ‌ئامانجی و پارادۆکساڵی شیکردنه‌وه‌ی خۆی وه‌ک خۆی ده‌ناڵێ، ئه‌مه‌ش له وته‌کانی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده، له دیمانه له‌گه‌ڵ گۆڤاری لڤین (ژماره 49، فێبروه‌ری 2007) ده‌رده‌که‌وێ.
گه‌نده‌ڵیی سیاسی- ڕێکخراوه‌یی دیارده‌یه‌کی نه‌خوازراوه که له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی سکرتێری به‌ڕێز مامۆستا حه‌سه‌نزاده ڕووی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و له ماوه‌ی زیاتر له ده ساڵ خه‌ریک بوو تانوپۆی حدکا لێک هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. له‌ڕاستیدا له سه‌رده‌می مامۆستادا به پێڕه‌وی له فه‌رهه‌نگی باوی سیاسیی ناوچه ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی به‌ره‌به‌ره جێگای به نرخه‌کانی سیسته‌می دیموکراتیک له حیزبی دێموکراتی کوردستان ته‌نگ ده‌کرد و حدکا له حیزبێکی پرۆئاکتیڤ، دیموکرات و خاوه‌ن داهێنانی سیاسی به‌ره‌و حیزبێکی کۆنسێرڤاتیڤ که له‌ودا باوکسالاری و بنه‌ماڵه‌سالاری جێگای یاساسالاری ده‌گرته‌وه، ده‌ڕۆیشت. ئه‌و ڕه‌وشه بوو به هۆی ناڕه‌زایه‌تی گشتی له نێوخۆی حیزب‌دا که ئاکامه‌که‌ی کۆنگره‌ی سێزده‌ی لێکه‌وته‌وه. به‌داخه‌وه مامۆستا گوێی بیستنی "ده‌نگی شۆڕش"ی نه‌بوو و له ئاکامدا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به پێویستییه‌کانی، خۆی‌گوته‌نی هه‌وڵیدا "حیزب وه‌سه‌ریه‌ک بخاته‌وه".
مامۆستا له وه‌ڵامی یه‌که‌م پرسیاری لڤین دا ده‌ڵێ: "پێمان وایه ئێمه وه‌کو دوو حیزب که نه‌مانتوانیوه پێکه‌وه کار بکه‌ین، ده‌توانین له چوارچێوه‌ی دوو حیزب‌دا کار بکه‌ین...". له‌وه‌دا که له‌نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا حیزبێکی دیکه هه‌بووه که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی موازی بووه مامۆستا ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌شی له‌سه‌ر زاری ده‌رپه‌ڕیبێت ڕاست ده‌کات. له ڕۆژی کۆتاییهاتنی کۆنگره‌ی ده‌یه‌م به قازانجی خۆی - له به‌ده‌ستهێنانی کورسییه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب – مامۆستا به کرده‌وه به گوتنی ئه‌وه‌ی که "ئێمه دوو تیم بووین، تیمێک بردیه‌وه و تیمێکیش دۆڕاندی" حیزبی دێموکراتی کرده دوو به‌ش. کاتێک حیزبێک به دوو تیم دابه‌شکرا، سروشتییه که که‌لتوری دوو حیزبی له‌نێو ئه‌و تیمانه‌دا که هه‌رکامیان له هه‌وڵی به‌هێزکردنی تیمی خۆیاندان بۆ نه‌دۆڕان له "گه‌مه‌کانی داهاتوو"دا گه‌شه ده‌کا.
تێکچوونی حافزه‌ی مامۆستا له هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ لڤین، مرۆڤ له "جیددیه‌تی" وتووێژه‌که ده‌خاته گومانه‌وه. له‌لایه‌ک مامۆستا باس له ته‌رحێک ده‌کات که گۆیا پێنج ساڵ و نیو به‌ر له ئێستا نووسیویه‌تی و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له ماوه‌ی که‌متر له ده چرکه‌دا له‌بیری ده‌چێت و ڕێکه‌وتی دانی ته‌رحه‌که‌ی به کۆمیته‌ی ناوه‌ندی دوای سێ مانگی دیکه به سێ ساڵ و نیو که‌م ده‌کاته‌وه! ئه‌وه‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که مامۆستا ده‌ڵێ: "من له کۆنگره‌ی سێزده‌ش که لێره گرتمان، وتم من هه‌موو تواناکانم ده‌خه‌مه خزمه‌تی ئه‌و حیزبه به مه‌رجێک ئه‌م حیزبه به‌رنامه‌ی هه‌بێت و حیزبی هه‌موومان بێت". بڵێی مامۆستا له بیری چووبێت که به‌ر له کۆنگره بۆخۆی سکرتێری گشتیی حیزب بوو، ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره ئاماده‌ی کردبوو و له‌و ڕاپۆرته‌دا هێله گشتییه‌کانی حیزب بۆ خه‌بات و چالاکیی داهاتوو پێشنیار کراون که دوای په‌سه‌ندکردنی کرانه به‌رنامه‌ی کاری حیزب. داخوا مامۆستا له بیری چووه که کۆنگره به‌رزترین ئۆرگانی بڕیارده‌ر، یاسادانان و به‌رنامه‌داڕێژی حیزبه و ئه‌ویش تا ئه‌وکات وه‌ک به‌رپرسی پله‌یه‌که‌می حیزب ئه‌رکی پێشنیارکردنی به‌رنامه بۆ کاری داهاتوو به‌ئه‌ستۆ بووه. ئه‌وه چ حیزبێکه که تازه دوای کۆنگره بکه‌وێته هزری داڕشتنی به‌رنامه؟
مامۆستا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوکاریکردنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کاک مسته‌فا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ده‌ڵێت: "پێمگوت تۆ زۆر کارشکێنی منت کردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنه‌که‌وم، وتی وایه، من وتم من به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌م که تۆ سه‌ربکه‌ویت و پێش هه‌موان چه‌پڵه‌ت بۆ لێده‌ده‌م." ئه‌وه که تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌و فه‌رمایشانه‌ی مامۆستا ڕاستن ئۆباڵی به ئه‌ستۆی خۆی، به‌ڵام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌شی دووه‌می وته‌کانی واته "من وتم من به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌م که تۆ سه‌ربکه‌ویت و پێش هه‌موان چه‌پڵه‌ت بۆ لێده‌ده‌م" بۆ ئه‌وه ده‌شێ پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به ڕه‌فتاری مامۆستا له ماوه‌ی دوای کۆنگره‌ی سێزده و ته‌نانه‌ت به‌ر له کۆنگره‌ی ده‌یه‌می حیزبیش بکرێت. به شاهیدی هاوبیران و پێڕه‌وانی خۆی مامۆستا سوێندی خواردبوو که ڕێگا نه‌دات به‌ڕێز هیجری هه‌رگیز ببێته سکرتێری حیزب. دوای کۆنگره‌ی سێزده‌ش مامۆستا له گشت په‌یوه‌ندییه‌کی تاکه‌که‌سی، ده‌ره‌وه‌ی حیزبی و ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕۆژگارێک له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه به نامه‌حره‌م ده‌زانران هه‌موو کارێکی کردووه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی "ئێعتباری" سکرتێری گشتی و ڕێبه‌رایه‌تی حیزب به‌گشتی. به‌ر له کۆنگره‌ش مامۆستا له دوایین سه‌فه‌ری خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌جیاتی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکی سکرتێری گشتیی حیزب، ئه‌رکی ڕێکخستنی "تیمی خۆی" به‌ڕێوه‌ده‌برد و به‌و بیانووه‌ی که من سکرتێرم و مافی خۆمه پێوه‌ندی له وڵاتان به کێوه ده‌گرم هه‌موو ئۆرگانه‌کانی حیزبی به پێچه‌وانه‌ی ئایینامه و پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی په‌راوێز ده‌کرد بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆژه‌ی بوون به ڕێبه‌ری "مادام العمر"ی حیزب و مسۆگه‌رکردنی جێگای "ولیعهد"ـه‌که‌ی. پرسیارێک که ده‌بێ له مامۆستا بکرێت ئه‌وه‌یه که ئه‌و ڕێکه‌وتی له‌تبوونی حیزب که ده‌فه‌رموێ "له‌مێژه له‌ت بووه" بۆ که‌نگێ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟ بۆ کۆنگره‌ی ده‌یه‌م ئه‌و کات که بۆخۆی ڕایگه‌یاند "تیمی ئێمه بردویه‌تیه‌وه" یاخود ڕێکه‌وتێکی دیکه‌ش هه‌یه؟
مامۆستا یا به‌هۆی ده‌ستڕانه‌گه‌یشتنی به سه‌رچاوه سیاسییه‌کان و نه‌ناسینی خه‌باتی گه‌لانی دیکه‌ی جیهان ئه‌وانه‌ی که بۆ خودموختاری یان فیدرالیزم هه‌وڵیان داوه یان بۆ ئه‌وه‌ی که خۆی له به‌رپرسایه‌تی سه‌ره‌کی بدزێته‌وه و دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ "به‌ره" یان "جه‌بهه" له‌ژێر به‌هه‌ڵه‌زانینی ئه‌و پێڤاژۆیه بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کان ده‌شارێته‌وه و ده‌ڵی: "من به‌ره به دروست نازانم بۆ هاوپه‌یمانییه‌کی کوردستانی،..." پرسیار له به‌ڕێزیان ئه‌وه‌یه چۆنه ئه‌گه‌ر به‌و هۆیه‌ی که ئێوه له دیمانه‌ی خۆتاندا فه‌رمووتانه "وشه‌ی به‌ره" به دروست نازانن له‌نێو حیزبێکدا که نه له پێڕه‌وی نێوخۆیی و نه‌ش له به‌ڵگه‌کانی کۆنگره و ته‌نانه‌ت له ئایینامه‌کانی نێوخۆیش ناوێک له ئۆپۆزیسیۆن نه‌هاتووه و تا ئێستاش له‌نێو هیچ حیزبێکی جیهانیدا ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی حیزب نه‌بووه به سیاسی، ده‌زانی و ده‌ستده‌که‌ی به سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن و به قسه‌ی خۆت "دوو حیزبی پێکه‌وه"؟ گه‌لۆ بڵێی مامۆستا تووشی سه‌رلێشێواوی ده‌ورانی نه‌هاتبێت؟
بۆ مرۆڤێک که زیاتر له 50 ساڵ له ته‌مه‌نی خۆی له‌نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا به‌سه‌ربردووه، جێی تێڕامانه بۆچی تا ئه‌و ڕاده‌یه له نرخ و به‌هاکانی ڕابردووی خۆی داده‌به‌زێت و ده‌ست به چه‌واشه‌کاری ده‌کات؟ مامۆستا له باره‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی ده‌فته‌ری سیاسی‌دا ده‌فه‌رموێ "ده‌یان کۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی کراوه به‌بێ ئاماده‌بوونی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که له‌گه‌ڵیان هاوبیر نه‌بوون، کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کراوه به‌بێ به‌شداری ئه‌وان". گه‌لۆ سه‌رۆکی "له‌تکردنه‌وه‌ی" حیزب ناڵێ بۆچێ ئه‌و که‌سانه به‌شداری کۆبوونه‌وه نه‌بوون؟ داخوا نه‌بوونی "حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌شداریکردن له کۆبوونه‌وه"کانی مه‌کته‌بی سیاسی و بایکۆتکردنی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئۆباڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌سه‌ر ئه‌ستۆی کێ؟
حه‌سه‌نزاده جیاوازیی نێوان حیزب و "مادده‌یه‌کی جامد"ی لێ تێکچووه و جیابوونه‌وه‌ی خۆیان به "له‌تبوون" ناوده‌بات. هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و باسه بۆ مامۆستا و ده‌وروبه‌ری چه‌ندان که‌ڵکی نه‌بێت چونکه مرۆڤ که بڕیارێکی دا هه‌ڵوێستێکی تایبه‌تی هه‌بێت و وه‌ک مامۆستا لاقی له یه‌ک که‌وش کرد، ئه‌وکات لۆژیک که‌مترین واتای ده‌مێنێ. به‌و حاڵه‌ش شیکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بوونی مامۆستا لانیکه‌م ده‌توانێ کۆمه‌ک به که‌سانێک بکات که جارێ له‌سه‌ر دووڕێیانی بڕیارداندان. له‌تبوون پێڤاژۆیه‌کی فیزیکییه که بۆ هه‌ندێک له شته "جامد"ـه‌کان به‌کار ده‌بردرێت. بۆ نمونه سێ‌و له‌ت ده‌کرێت، پرته‌قاڵ له‌ت ده‌کرێت به‌ڵام له‌تبوون له هه‌موو "جامد"ـه‌کاندا ڕه‌وایی نییه؛ شیشه له‌ت ناکرێ ده‌شکێ یان ورد ده‌بێت. دوای شکانی شیشه له‌ته شیشه‌کان واتایان هه‌یه. له‌تبوون بۆ نمونه بۆ مادده ئاوییه‌کان (مایعات) و گازه‌کان به‌کار نابردرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی که شكڵێکی "جامد"یان نییه. حیزب هیچکام له حاڵه‌ته‌کانی ماددی "جامد، ئاو و گاز" نییه بۆیه به‌کاربردنی له‌تبوون بۆ حیزبێک له پله‌ی یه‌که‌مدا هێنانه‌خواره‌وه‌ی نرخی ئینسانی ئه‌و که‌سانه‌یه که ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی مامۆستا- ڕه‌ستگار که‌وتوون.
هه‌روه‌ک "به‌ره" که به وته‌ی مامۆستا له ڕووی سیاسییه‌وه هه‌ڵه‌یه، له‌تبوونی حیزبیش شازییه‌کی سیاسییه که داهێنانی مامۆستایه. ئه‌ویش به‌هۆی دووربوونی له تێگه‌یشتنی قووڵایی پێڤاژۆیه‌کان سه‌رچاوه ده‌گرێت. جیا له‌وه به "فه‌رزی مه‌حاڵ" ئه‌گه‌ر قه‌راره حیزب له‌ت بێت، ئه‌و بڕیاره له کۆنگره‌دا ده‌توانرێ بدرێت کاتێک که به‌شدارانی کۆنگره به‌و ئاکامه گه‌یشتن که حیزب ده‌بێ "ئینشعیابی" تێدا ڕوو بدات. مامۆستا و هاوبیرانی به‌داخه‌وه حیزب و پارچه زه‌ویان لێ تێکچووه و له‌و باره‌دا گه‌وره‌ترین زوڵم له که‌سانی سه‌ر به خۆیان ده‌که‌ن.
من له سه‌ره‌تای هاتنه‌به‌رباسی دامه‌زراندنی ته‌له‌ڤزیۆن چ دوور چ نزیک تێکه‌ڵی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بووم. بۆیه به‌شداری نه‌دانی "نامه‌حره‌م" به وته‌ی مامۆستا به ته‌واوی به دوور له ڕاستی ده‌زانم. ئه‌و کاته‌ی که به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو چه‌ندین جار داوای لێ‌کرا بۆ به‌شداری له به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن و دیمانه له‌گه‌ڵ تیشک؛ نه‌ته‌نیا ئاماده نه‌بوو به‌ڵکو زۆر که‌سی هاندا بۆ هاوکاری نه‌کردن له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنێک که تازه ده‌ستی به‌کار کردبوو. ده‌بێ له مامۆستا پرسیار بکه‌ین هاندانی خه‌ڵک بۆ به‌شداری نه‌کردن له پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، هاوکاری نه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و کاناڵه له خزمه‌تی کام ئامانجدا بووه؟ جگه له تێکدانی ڕیزه‌کانی حیزب و لێکپچڕاندنی تواناکان.
به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده وا دیاره له‌و ماوه‌یه‌دا بۆته کارناسی بواری "ئامارگرتن" و ئیدعا ده‌کات که "له سه‌دا بیستی" ئه‌وانه‌ی که توانای نووسین و وه‌رگێڕانیان هه‌یه له‌گه‌ل "لایه‌نه‌که‌ی ئه‌وانن"! ئه‌و شێوه ئامارگیرییه‌ی مامۆستا بۆ ئه‌وه ده‌شێ له ڕێکخراوی تۆمارکردنی "داهێنانی" جیهانی تۆمار بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی که که‌س ده‌ستی به‌سه‌ردا نه‌گرێت. له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ده‌ڵێ: "له هه‌ر جێگه‌یه‌ک کاریان کردووه به جوودایی کاریان کردووه، خه‌ڵکێکی زۆریان لا بردووه و ناچاریان کردووه به ده‌رکردن." گه‌لۆ له ئه‌وروپا، ئه‌وه چ که‌سانێک بوون کۆبوونه‌وه‌ی مه‌حفه‌لیان ده‌گرت و په‌یتا په‌یتا ئه‌و وڵات و ئه‌و وڵاتیان ده‌کرد؟ ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون یان که‌سانی سه‌ر به مامۆستا و "حیزبه‌که‌ی" مامۆستا که له‌نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا پێکیهێنابوون؟
مامۆستا یان به‌ڕاستی لێی تێکچووه یاخود به‌هۆی پیری و ماندوویی له ڕاده‌به‌ده‌ر هێزی لێکدانه‌وه‌ی مه‌نتقی نییه بۆیه سه‌رانسه‌ری وتووێژه‌که‌ی له‌گه‌ڵ لڤین پڕه له ده‌ربڕینی دژبه‌یه‌ک. مامۆستا فه‌رمایش ده‌کات: "هه‌ر کاتێک بوو به که‌مینه و سوژده‌ی بۆ ئیراده‌ی میلله‌ت برد، ئه‌وکات ده‌رده‌که‌وێت که حیزبێکی دیموکراته." داخوا لایه‌نگرانی مامۆستا له خۆیان پرسیوه "سه‌روه‌ر" تۆ که لای‌لایه ده‌زانی بۆ خه‌وت لێ نه‌که‌وت. کاتێک له کۆنگره بوویت به که‌مینه تۆ چه‌نده دیمکراتێک بوویت که نه‌تتوانی سوجده بۆ ئیراده‌ی حیزبه‌که‌ت به‌ری؟ له وه‌ڵامی پرسیاری لڤین دا که بۆ چاوه‌ڕوانی کۆنگره‌تان نه‌کرد؛ ده‌ڵێ "ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی که له کۆنگره‌ی سێزده‌دا به‌ده‌ستیانهێنا به ڕێگایه‌کدا به‌ده‌ستیانهێنا که کۆنگره‌ی دوازده به تاوان و تا سنووری خیانه‌تی ده‌زانێ، دوای پێنج مانگ له کۆنگره، ئه‌ندامێکی باڵایان له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا وتوویه‌تی، نیگه‌رانی کۆنگره‌ی چوارده مه‌بن، له ئێستاوه ده‌زانین ئه‌و کورسیانه کێیان له‌سه‌ر داده‌نیشێ، ئه‌وان ئاوا ده‌چنه کۆنگره‌ی چوارده‌وه، ته‌نانه‌ت له کۆنگره‌یه‌کدا یه‌کێیان وتبووی بڕۆ تا هه‌شت ساڵی دیکه، واته زه‌مانه‌تمان کرد تا هه‌شت ساڵی دیکه."
ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمایشانه‌ی که ده‌ڵێی ڕاستن، بۆچی له کۆنگره وه‌ک سکرتێری گشتی ئه‌وکاتی حیزب هه‌ڵنه‌ستای بۆ ڕاگه‌یاندنی نایاساییبوونی کۆنگره؟ جیا له‌وه خۆ لایه‌نی به‌قه‌وڵی خۆت زۆرایه‌تی وه‌ک جه‌نابت ئه‌وکات سکرتێر نه‌بوو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ریکی ئاماده‌سازی بۆ به‌شداری له کۆنگره بێت. مامۆستا که وا دیاره سیاسه‌ت و شیعر و هه‌ستی لێ تێکچووه، به ده‌ربڕینی که‌سێک که "نیگه‌رانی کۆنگره‌ی چوارده نه‌بن"، ده‌ستده‌کاته جیاکردنه‌وه‌ی حیزب و دژایه‌تی به کرده‌وه له‌گه‌ڵ حیزبێک که بۆخۆی زیاتر له 50 ساڵ له ته‌مه‌نی تێدا تێپه‌رکردووه. بۆخۆی وه‌ڵام ناداته‌وه کاتێک له ساڵی 2002 داوای لێ‌کرا با هه‌وڵ بدرێ له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی جیناحه‌کان چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ کێشه‌کان بدۆزرێته‌وه چۆن هه‌ڵسوکه‌وتی کرد و به‌ده‌ستی خۆی نووسی: "نیگه‌ران مه‌بن، میکانیزمێکمان بۆ حیزبی دێموکرات دروست کردووه که قه‌ت کێشه له‌نێو حیزب‌دا سه‌رهه‌ڵنه‌دا." داخۆ ئه‌و میکانیزمه‌ی هه‌مان په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌ی دوو تیمی هاوسان که له‌ودا مامۆستا کاپیتانی هه‌میشه‌یی تیمی براوه بێت، نه‌بوو؟
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی ناودا مامۆستا وا دیاره به‌ڕاستی ئاگای له جیهان نییه. له‌و باره‌دا فه‌رموویه‌تی: "ئه‌وان ناویان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه، ئێمه ناومان حیزبی دێموکراتی کوردستانه، له دونیادا چه‌ندان ناو وه‌ک یه‌ک هه‌یه و کێشه‌شی دروست نه‌کردووه". له هێله گشتیه‌کانی خۆیاندا مامۆستا و هاوبیرانی خۆیان به پێڕه‌وی پێڕه‌و و پرۆگرامی حیزب په‌سه‌ندکراوی کۆنگره‌ی سێزده ده‌زانن. مامۆستا که وا دیاره شاره‌زایی له‌سه‌ر یاسا هه‌یه و خۆی به "باوکی" ئه‌ساسنامه‌ی حیزب ده‌زانێ ناڵێ به‌پێی کام به‌ندی ئه‌ساسنامه ئه‌و هه‌ڵساوه به گۆڕینی ناوی حیزب؟ کام ئۆرگانی یاسادانان، کام کۆنگره ئه‌و مافه‌ی به مامۆستا داوه ناوی حیزب ده‌ستکاری بکات و به‌ندی یه‌که‌می پێره‌وی نێوخۆی حیزبێک که مامۆستا ئیدعا ده‌کا له‌سه‌ر "شان و ملی" ئه‌و گه‌یشتۆته ئه‌و کاته له‌ژێر پێ بنێ. بڵێی مامۆستا و لایه‌نگرانی ئه‌وه‌نده له‌و باره‌دا خاو بن که نه‌زانن ته‌نانه‌ت یه‌ک وشه‌ی ئه‌ساسنامه نابێ به‌بێ بڕیاری کۆنگره بگۆڕدرێت؟ ئه‌ی چۆنه ئێوه له‌نا‌کاو بوونه "حیزبی دێموکراتی کوردستان؟" مامۆستا له وه‌ڵامی هه‌مان پرسیاردا نهێنییه‌کی دیکه‌شی درکاندووه: "ئایا ئه‌و حیزبه له‌سه‌ر شان و ملی کێ گه‌یشتووه ئه‌م کاته؟ له‌سه‌ر شان و ملی ئه‌وان یان هی ئێمه؟" حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مڵکی بنه‌ماڵیی هیچ که‌س و لایه‌نێک نییه. ئه‌و حیزبه به خوێنی هه‌زاران شه‌هید به خه‌بات و کاری هه‌زاران کادر و پێشمه‌رگه، ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزب گه‌یشتۆته ئێره. له یاسای هه‌موو وڵاتێک هه‌ر شارۆڤه‌ندێک چ به ته‌مه‌ن چ لاو تا ئه‌و کاته‌ی که ڕێز له یاساکان بگرێت له چوارچێوه‌ی یاسادا خاوه‌نی هه‌موو مافێکی به‌رانبه‌ری شارۆڤه‌ندییه، ئه‌وه بۆ حیزبه‌کانیش هه‌مان دیارده میسداقیه‌تی هه‌یه و درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌ندامه‌تی بچووکترین پاساوێک نییه بۆ خۆبه‌خاوه‌نکردنی حیزب. به‌ڵام له ده‌ربڕینی مامۆستادا نهێنییه‌کی دیکه‌شی تێدایه ئه‌ویش زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی باوکسالاری و عه‌شیره‌یی، به جۆرێک که چونکه بۆخۆی زۆرتر له بۆنمونه منی ته‌مه‌ن 35 ساڵ ئه‌ندامی حیزبی بووه، که‌وابوو ئه‌و ده‌بێ ببێته خاوه‌نی ئه‌و حیزبه! مامۆستا له‌و فه‌رمایشانه‌دا ئاستی دیموکراتبوونی خۆی به جوانی نیشانده‌دات بۆیه له هه‌مان وتووێژدا به‌شداری لاوان و ژنان له ڕێبه‌ری "حیزب"ـه‌که‌ی خۆیدا بۆ ده تا پانزده ساڵی تر دواده‌خات.
له‌درێژه‌ی فه‌رمایشه‌کانیدا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی ناوی حیزب ده‌ڵێت: "کاک مسته‌فا ده‌ڵێت به‌پێی یاسای هه‌موو دونیا ئه‌وان حیزبی دێموکرات نین، با قانوونی یه‌ک وڵاتم بۆ بێنی من قبووڵی ده‌که‌م و ده‌ستبه‌جێ ده‌یگۆڕین."
له هه‌ر سیسته‌مێکی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی یاسای بنه‌ڕه‌تی و له سیسته‌می حیزبی‌دا پێڕه‌وی نێوخۆ بڕیارده‌ری نیهاییه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیاریکردنی جۆری پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵدا. مامۆستا یان به‌ڕاستی ئاگاداری یاسای وڵاتان نییه یان ئاگاداره و ده‌یهه‌وێ له که‌م ئاگایی ده‌وروبه‌ری خۆی که‌ڵکوه‌رگرێ. ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که "له دونیادا چه‌ندان ناوی وه‌ک یه‌ک هه‌یه و کێشه‌یه‌کیش دروست نه‌کردووه" ده‌توانێ له دوو شت سه‌رچاوه بگرێ، یان مامۆستا له یاسای "نسبیت" تێناگات یان تێده‌گات و خۆی لێ نامۆ ده‌کات. "دونیا" به‌سه‌ر چه‌ندین یه‌که‌ی سیاسی و جوغرافیدا به‌شکراوه، که ئێرانیش یه‌کێک له‌و یه‌که سیاسیانه‌یه که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جوغرافی له‌خۆده‌گرێ. ئه‌گه‌ر مامۆستا ده‌توانێ بۆ نمونه له یه‌که سه‌ربه‌خۆیه‌کان که یاسا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته شێوه‌یه‌کی وه‌ک "داهێنانی مامۆستا" بدۆزێته‌وه، ئه‌وکات ده‌بێ "که‌شفی" مامۆستا بۆ نۆبێل کاندید بکرێت.
مامۆستا یان به‌ڕاستی ئاگاداری یاسای وڵاتان و سیسته‌می دیموکراسی نییه یان ئاگای لێیه و ده‌یهه‌وێ به حوکمی "پیشه‌ی سه‌ره‌کیشی بووبێت" ته‌نیا ئه‌وه بسه‌لمێنێ که بۆخۆی پێیوایه. نزیک به ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی یاسای "ئه‌حزابیان" هه‌یه ڕێوشوێنێکیان بۆ چالاکیی سیاسیی حیزبه‌کان داناوه. له‌و باره‌دا ته‌نیا ئاماژه به به‌ندی یاسایی چه‌ند وڵاتی ئه‌وروپایی و بۆ ئه‌وه‌ی که بیانوو به ده‌ستی مامۆستا نه‌درێت چه‌ند وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش که جارێ وه‌ک به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده و هاوبیرانی فرچکیان به دیموکراسیه‌وه نه‌گرتووه، دێنینه‌وه: یاسای حیزبه‌کان له فینلاند[1] ناوی هاوته‌ریب و هاوشێوه له‌سه‌ر دوو حیزب قه‌ده‌غه ده‌کات و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دارایی و سه‌رمایه‌ی ڕێکخراوه‌کان به‌پێی هه‌مان یاسا "ته‌نیا کۆنگره" بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌تی حیزب له‌گه‌ڵ دارایی خۆیدا. ئه‌ویش به مه‌رجێک حیزب بڕیار بدات هه‌ڵوه‌شێته‌وه و ئه‌و کات هه‌موو داراییه‌کانی ته‌نیا ده‌بێ له‌پێناو ئامانجه‌کانی ڕێکخراوه‌که‌دا به‌کار ببردرێت نه‌ک وه‌ک مامۆستا ده‌فه‌رموێ له نێوان به‌شه‌کانی یان ئه‌ندامانی. حیزب مڵکی گشتییه و "شیرکه‌تی خسووسی نییه" بۆیه مڵکی گشتییش ناتوانێ له نێوان چه‌ند که‌سێکدا دابه‌ش بکرێن. به‌پێی به‌ندی "ئا"ی مادده‌ی 6ی یاسای حیزبه‌کانی لوبنان[2] ناو و دروشمی هیچ حیزبێک ناشی به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ک ناو و دروشمی حیزبێکی دیکه بێت. هه‌روه‌ها به‌ندی 2ی مادده‌ی 8ی یاسای حیزبه‌کانی ئه‌فغانستان[3] دوو حیزبی هاوناو و هاوئارم قه‌ده‌غه ده‌کات. به‌پێی پاراگرافی 4ی یاسای حیزبه‌کان له ئا‌ڵمانیا (بووندێستاگ 2002) چالاکیی دوو حیزبی هاوناو و هاوچه‌شن له باری به‌رنامه و ئارمه‌وه قه‌ده‌غه‌یه. به‌پێی به‌ندی "ئا"ی پاراگرافی 9ی یاسای حیزبه‌کان له وڵاتی یه‌مه‌ن[4] دوو حیزب ناتوانن خاوه‌نی یه‌ک ناو و نیشان بن. مادده‌ی 7ی یاسای حیزبه‌کان له کۆماری ئازه‌ربایجان[5] (30 دیسامبری 2003) دوو حیزبی هاوچه‌شن و هاوناو قه‌ده‌غه ده‌کات. هه‌روه‌ک له نمونه‌کانی سه‌ره‌وه‌دا ده‌بینرێت به‌پێی یاسای نزیک زۆربه‌ی وڵاتان که‌سێک ناتوانێ بێت و ناوی حیزبێک که ئه‌کتیڤه و هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته "چه‌واشه‌کارانه" به‌کاربێنێ.
من له وتارێکدا که به‌بۆنه‌ی یادی ده‌ساڵه‌ی[6] هاتنه‌وه‌ی دۆستانی ڕێبه‌رایه‌تی نووسیومه هۆیه‌کانی لایه‌نگری مامۆستا بۆ ئه‌و "یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌م شیکردۆته‌وه" بۆیه دووباره‌کردنه‌وه‌ی به پێویست نازاندرێت.
مامۆستا له به‌شێک له هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی که شانازیی سازکردنی دوژمنایه‌تی نێوان یه‌کێتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکرات به ناوی خۆیه‌وه تۆمار بکات ده‌ڵێ: "ده‌ڵێن له مه‌نتیقه‌ی یه‌کێتی 300 که‌س کوژراوه به ده‌ستوری جه‌لال تاڵه‌بانی و ده‌سیسه‌ی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده." ئه‌وه که مامۆستا ئه‌و شه‌هیدانه به "کوژراو" ده‌زانێ، هیوادارم بۆخۆی شیکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌بێت، لانیکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی که برینی قووڵی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ژان‌ئاوی تر نه‌بێت، به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده ده‌بێ شیکردنه‌وه‌یه‌ک به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خه‌باتکارانه بدات که بوونه قوربانی سیاسه‌تی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی. به‌ڵام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدعایه‌ی جه‌نابی "سه‌روه‌ر": دوای زیاتر له په‌نجا ساڵ کاری سیاسی و بوونی زیاتر له 40 ساڵ ئه‌زموونی به‌شداری له ڕێبه‌رایه‌تی حیزب‌دا سه‌یره ئه‌گه‌ر مامۆستا جارێ هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی و "شایعات" لێک جیانه‌کاته‌وه و ئه‌وه‌نده په‌له له سازکردنی دوژمنایه‌تی نێوان دوو حیزبی برا و له ڕابردوودا هاوسه‌نگه‌ر ده‌کات، که نیو ئه‌وه‌نده په‌له له خه‌بات دژی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا نه‌کات. که‌س ناڵێ ئه‌گه‌ر "به فه‌رزی مه‌حاڵ" ئه‌و قسه‌یه‌ی حه‌سه‌نزاده ڕاست بێت؟ له ئاکامی دوژمنایه‌تی لایه‌نه‌کانی کوردی چ که‌سێک جگه له کۆماری ئیسلامی قازانج ده‌کات؟ نه‌کا "ڕه‌ساڵه‌تی" ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتبێت و خه‌بات دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به خه‌بات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی "واجب تر" ببینێت؟
پاشان جه‌نابی حه‌سه‌نزاده وه‌ک دۆن‌کیشۆت ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌که‌ش لێی ده‌بێته جێگای گومان، ده‌فه‌رموێ: "له ئه‌وروپادا بڵاویانکردبووه که هه‌موو عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفال به ده‌سیسه‌ی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده کراوه." مرۆڤ ئه‌گه‌ر ئه‌فسانه‌ش ساز بکات لانیکه‌م شتێک بڵی که شاهیدی زیندووی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه. له سه‌رده‌می کاره‌ساتی ئه‌نفال مامۆستا حه‌سه‌نزاده بۆخۆی کادرێکی ده‌ره‌جه‌دووی حیزبی بوو و له ئینتیشاراتی بۆڵی جگه له ئه‌ندامه‌تی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی کوردستان ئه‌رکێکی دیکه‌ی نه‌بوو. نه‌کا "ئاواتی" مامۆستا خه‌ریکه ده‌کرێته "ده‌نگۆی خۆساز" بۆ ئه‌وه‌ی که ماوه‌یه‌ک زۆرتر سه‌رنجی ده‌وروبه‌ر به‌ره‌ولای خۆی ڕاکێشێ.
له وه‌ڵامی پرسیاری لڤین له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ "چه‌ندایه‌تی" دابڕاوان له حیزب مامۆستا دیسان فۆرمۆلێکی تازه‌ی ئه‌ژمێر داده‌هێنێت، که بۆ ئه‌وه ده‌بێت به‌ڕاستی ببێته کاندیدی نۆبێلی "ریاضی". ده‌فه‌رموێ: "له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کدا که کاک مسته‌فای هیجری بۆخۆی پرسیاره‌کان و وه‌ڵامه‌کانیشی پێشتر نووسیبوو - وا دیاره مامۆستا ئیمدادی غه‌یبیشی هه‌یه، ئیمدادی غه‌یبی ته‌نیا له به‌ره‌کانی شه‌ڕی ئێران و عێراق به هانای له‌شکه‌ری ئێرانه‌وه هات، حه‌سه‌نزاده‌شیان له‌بیرماوه - ده‌ڵێت له کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا شه‌ش که‌سن و له به‌ده‌نه‌دا که‌متریش، یانی له واقیعدا پێنج که‌س". هه‌روه‌ک ده‌بیندرێت بۆ مامۆستا خوێندنه‌وه‌ی دروستی وشه‌کان زه‌حمه‌ته و "به‌راوردی ماتماتیکی" بۆ زۆر قورسه. ساده‌ترین مرۆڤ ده‌زانێت کاتێک کاک مسته‌فا ده‌ڵی له کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا شه‌ش که‌سن واته 26 له سه‌دی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ دابڕاوان چووه و له به‌ده‌نه‌ش له‌و نیسبه‌ته زۆر که‌متره. بۆ ئه‌وه‌ی که مامۆستا ئاگاداری چاکتری له‌سه‌ر ڕاده‌ی ڕاستی خۆی هه‌بێت ئاماژه به‌وه له‌وانه‌یه به‌س بێت که له هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌مریکا و ئوسترالیا ڕاده‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندامی حیزب بوون و وه‌دوای مامۆستا که‌وتوون که‌متر له 340 که‌سه، ئه‌و ڕاده‌یه که‌متر ژماره‌ی ئه‌ندامانی حیزب ته‌نیا له یه‌كێک له وڵاتانی سکاندیناڤییه که هه‌روه‌ک ده‌بیندرێت مامۆستا له حیسابکردنی ئه‌و ڕاستییه‌دا له‌گه‌ڵ زه‌حمه‌ت به‌ره‌وڕوویه.
به خوێندنه‌وه‌یه‌کی خێرای هه‌ڤپه‌یڤینی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده که پڕه له "چه‌واشه‌کاری" و شتی دژبه‌یه‌ک و دوور له مه‌نتق. که تا وردتر بکرێت ناوه‌رۆکی سادیسمی سیاسیی مامۆستا زۆرتر ده‌رده‌که‌وێت. وه‌ک کۆتاییش ئاماژه به پرسیاری به‌ر له دوایین پرسیار نیازی دابڕاوان ڕوونتر ده‌کاته‌وه. له وه‌ڵامی پرسیاری "که‌ی کۆنگره ده‌گرن و سکرتێر بۆ حیزب هه‌ڵده‌بژێرن؟" مامۆستا وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ستی به تاوانباری خۆی کردبێت ده‌فه‌رموێ: "هیچ ڕێبه‌رییه‌کی تازه‌مان هه‌ڵنه‌بژاردووه و هه‌ر ئه‌وانه‌ن که له کۆنگره‌ی سێزده‌دا ده‌رچوون، به‌ڵام پێمان خۆشه ده‌ستمان ئاواڵه بێت و زوو بگه‌ینه کۆنگره." داخوا که‌س هه‌یه نه‌زانێ که ئێستا مامۆستا ڕۆڵی "ڕێبه‌ر"ێک که ده‌سه‌ڵاتی له سه‌ره‌وه‌ی یاسایه ده‌گێڕێ و هه‌ر ڕۆژ که‌سێک ده‌بێته کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ده‌فته‌ری سیاسی و له ئۆرگانه جیاجیاکانی "گروپی خۆیدا" به‌بێ هه‌ڵبژاردن و به شێوه‌ی ئینتسابی ده‌بێته خاوه‌ن "پۆستی" به‌خشراو. تا به‌و شێوه‌یه‌ش بڕوا ده‌ستی مامۆستا له چاندنی تۆی چه‌ندبه‌ره‌کی له نێوان حیزبه کوردستانییه‌کاندا ئاواڵه‌یه و تا کاری له‌و چه‌شنه زۆرتر بێت کات ئه‌وه‌نده خێرا ده‌رڕوا که مه‌ودای گه‌یشتن به کۆنگره هه‌ست پێناکرێت. به‌وه‌ش مامۆستا ده‌توانێ که‌لتورێکی به‌ته‌واوی باوکسالار له نێوخۆی‌دا په‌ره‌پێبدا و به‌و جۆره ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و پتانسیه‌له‌ی که ده‌یتوانی له ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا خزمه‌ت به ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی حیزبه‌که‌ی بکات، به‌فێڕۆ بدات.
سه‌رچاوه‌كان
[1] L 31.12.1986/1048 - HE:69/1986; L 24.11.1989/1007 - HE:158/1989; L 20.7.1992/653 - HE:57/1992 و رێکخراوه‌کانی فینلاند 26.5.1989/1503*
[2] kinghussein.gov.jo/pol-parties.html & kinghussein.gov.jo/pol-parties.html
[3] azadiradio.org/en/specials/elections/politicalpartylaw.pdf
[4] scer.org.ye/english/politicalpartieslaw.htm
[5] venice.coe.int/docs/2004/CDL(2004)043-e.pdf
[6] dengekurd.com/index.php/2007/01/12/17.html
.... سه‌رچاوه: دیمانه |
|
|
|
|
|
|