| |
|

|
هه‌ڵه‌بجه و هۆلۆكاست, صلاح ا‌لدین خدیو
|
هێربێرت ماركووزه، باوكی چه‌پی نوێ و فه‌یله‌سووفی ماڕكسی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك جووله‌كه، كاتی شه‌ڕی ژوئه‌نی 1967، وه‌ك «شه‌ڕڕێكی پێویست» دیفاعی له «مه‌وجوودیه‌تی» ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كرد. ماركووزه، ئیسرائیلی به «شه‌ڕڕ و نگریس» ده‌زانی چونكه له وڵاتێك دامه‌زرابوو كه داگیری كردبوو. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا بوونی به پێویست ده‌زانی، چونكه به باوه‌ڕی ماركووزه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می هۆلۆكاستی نازییه‌كان‌دا، ده‌وڵه‌تێكی جووله‌كه هه‌با، لانی‌كه‌م په‌ناگا و پشتیوانێك بۆ جووله‌كه لێقه‌وماوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ده‌سته‌به‌ر ده‌بوو و ڕێژه‌ی قوربانیانی هۆده گازییه‌كانی ئاشۆیتس و داخائۆ ده‌هاته خوار.
دیاره له زانستی فه‌لسه‌فی سیاسی‌دا، زۆر فاكته‌ر و هۆكاری جیاواز و جۆراوجۆر بۆ پێك‌هاتنی ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵگادا دێته گۆڕێ. وه‌ك پێداویستی ڕاهێنانی سیاسی، ئابووری، نیزامی و... كۆمه‌ڵگا. به‌لآم ئه‌مه كه ماركووزه داكۆكی له سه‌رده‌كرد، به ته‌واوی له‌م فاكته‌ره ئیجابییانه جیاواز بوو و ڕۆحێكی سه‌لبی هه‌بوو.
هه‌ر به‌م پێوانه‌یه ده‌توانین ئیده‌عا بكه‌ین ئه‌گه‌ر له ته‌واوی به هاكانی فه‌لسه‌فی سیاسی چاوپۆشی بكه‌ین و هه‌روه‌ها زۆر شتی دیكه وه‌ك مافی ئاسایی و مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌به‌ر چاو نه‌گرین، هه‌ر به‌و پێودانگه‌ی ماركووزه لانی‌كه‌م له دوای هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌كانه‌وه، بنیات‌نانی ده‌وڵه‌تێكی كوردی وه‌ك پێداویستێكی مێژوویی و ئینسانی و ته نانه ت فه لسه فی لێی هاتبوو. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست پێك‌گرتنی ده‌قاوده‌قی كورد و جووله‌كه نییه، چوونكه ئه‌م جۆره پێك‌گرتنه نه ته‌نیا له باری زانستییه‌وه دروست نییه، به‌ڵكوو ده‌بێته غه‌درێكی گه‌وره‌ش له كورد كه به درێژایی مێژوو نه خاكی كه‌سی داگیر كردووه و نه ده‌ستی زۆرداری بۆ هیچ گه‌لێك درێژ كردووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ماركووزه‌ش له ژیانی‌دا ده‌رفه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌ی له كێشه‌ی كورد هه‌با، نه‌ك وه‌ك «شه‌ڕڕی پێویست» به‌ڵكوو وه‌ك «خێرێكی پێویست» داكۆكی له مافی كورد ده‌كرد. ڕه‌نگه پێش‌بینییه‌كانی هاسان نه‌بێ، به‌لآم زۆر وێده‌چێ كه ئه‌گه‌ر له ئاخری هه‌شتاكان‌دا، ده‌سه‌لآتێكی كوردی له گۆشه‌یه‌كی ئه‌و جیهانه بوونی هه‌با، یان كاره‌ساتی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه ڕووی نه‌ده‌دا و یان لانی‌كه‌م ئه‌نفاله خوێناوییه‌كانی به‌دوادا نه‌ده‌هات و ئه‌مڕۆكه ده‌مانتوانی شاهیدی ژیانی ده‌یان هه‌زار ئینسانی مه‌زلووم و لێقه‌وماو بین كه به جێی خه‌وتن له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان‌دا، خه‌ریكی ژین و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كوردستان بن.له بیرمانه که له هه شتاکاندا دنیای روژئاوا چون له ئاست کاره ساته کانی کوردستان دا بیدنگی هه لبژارد بوو.به لام ته قدیر وابوو که سێ ساڵ دوای كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌كان له (ساڵی 1988) نیمچه‌ده‌سه‌لآت و ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی كوردی له ساڵی 91 له خۆڵه‌مێش و قه‌قنه‌س شه‌ڕێكی قورسی ناوچه‌یی سه‌ر هه‌ڵبدا. هه روه ک ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كه له ساڵی 1948 و سێ ساڵ دوای كووژانه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی (1945) له دایك بوو. دیاره به هۆی ئه‌م خاڵه سه‌لبییانه‌ی كه پێشتر ئاماژه‌یان پێكرا، له ده‌سپێك‌دا گشت هێزه‌كانی جیهانی دوو‌جه‌مسه‌ری ئه‌م كاته، یارمه‌تی دروست بوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یان ته‌نانه‌ت به قیمه‌تی ئاواره كردن و به‌ش خورانی گه‌لێكی مه‌زلوومی دیكه دا. به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م وتاره ئه‌وه نییه. ده‌مهه‌وێ دووباره ئاماژه به‌م خاڵه بكه‌مه‌وه كه یه کیک له فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیه کانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، كاره‌ساتی جووله‌كه‌قڕان بوو. هه‌ر به‌م پێیه‌ش ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌ندێك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی تایبه‌تی له م پیوه ندییه دا بۆخۆی پێناسه كرد كه لانی‌كه‌م تا ئه‌و سه‌رده‌مه تازه بوون؛ وه‌ك داكۆكی له مافی جووله‌كه كه له هه‌ر كوێی جیهان‌دا بن، گرتن و به سزا گه‌یاندنی ته‌واوی ئه‌م كه‌سانه‌ی كه له جینایه‌ته‌كان‌دا ده‌ستیان هه‌بوو و ناچار كردنی ده‌وڵه‌تانی به‌رپرس بۆ داوای لێبوردن له قوربانیانی کاره سات و له هه‌مووی ئه‌وانه گرینگتر قه‌ده‌غه‌كرانی هه‌ر چه‌شنه پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی دژ به جووله‌كه «ئانتی‌سمیتیزم» له ولآتانی پێشكه‌وتووی جیهان‌دا. ئه‌م خاڵه‌ی ئاخر ئه‌وه‌نده زه‌ق و به‌رچاوه كه بۆته مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ندێك له پسپۆڕان و تیۆریسیسه‌نه‌كانی ئازادی و تولرانس و دیموکراسی كه جاری وایه به‌شتێكی ناڕه‌واو دژ به هه‌رێمی ئازادی به‌یانی ده‌زانن. ئه‌م ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتوویه، له ناخی خۆی‌دا هه‌ڵگری زۆر ده‌رس و ئه‌ركی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌ر ده‌سه‌لآتێكی كوردییه چ ئێستا و چ له داهاتوودا. ده‌زانین كه هۆی سه‌ره‌كی كاره‌ساته‌كانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال جگه له سه‌ره‌ڕۆیی و سته‌مكاری ڕژیمی له‌ناوچووی به‌عس، بێ‌كه‌سی و بێ‌ده‌ره‌تانی گه‌لی كورد بوو. هه‌ر بۆیه جێی خۆیه‌تی ئیستراتێژی «ده‌سه‌لآتی كوردی» له ئێستا و داهاتوودا له حاله تی گشتیدا پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشایی‌یه ژێئۆپۆلیتیكییانه بێ كه ژیانی گه‌لی كورد و ژینگه‌ی كوردستان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. له‌م پێناوه‌دا جێی خۆیه‌تی كه نوێنه‌رانی كوردی پارڵه‌مانی عێراق ده‌س پیشخه‌ر بن و گه‌ڵاڵه‌ی «به پاكتاوی ڕه‌گه‌زی ناسینی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال» بنێنه به‌ر ده‌م پارڵه‌مان و هه‌وڵ بده‌ن ڕۆژی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پشوودانی ڕه‌سمی له سه‌رانسه‌ری عێراق ڕاگه‌یاندرێ. پاش ئه‌مه، ده‌بێ هه‌وڵێكی نه‌ته‌وه‌یی له ئاستی جیهانی ده‌س پێ‌بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی دژ به پاكتاوی سیستماتیك و ڕه‌گه‌زی كورد له پارله‌مانی عێراق و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان په‌سند بكرێ. هه‌ر وه‌ك ئاگادارین له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا، لابییه هه‌رمه‌نییه‌كان چالاكێكی به‌رفراوانیان سه‌باره‌ت به هه‌رمه‌نی‌قڕانه‌كه‌ی ساڵی 1915 ده‌س پێكردووه. سه‌ره‌ڕای له‌مپه‌ر دانانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، له زۆر ولآتان سه‌ركه‌وتوون. كه‌مترین قازانجی هه‌وڵێكی ئاوه‌ها، دروست بوونی میكانیزمی پاراستنی گه‌لی كورده، له بیر و ڕای گه‌شتی جیهان و هه‌ستیار بوونیانه به‌رامبه‌ر به‌م كرده‌وانه‌ی كه له‌م چه‌شنه و ڕه‌نگه له داهاتوودا به سه‌ر ئه‌م گه‌له‌دا بێن. هه‌نگاوی دوای ئه‌م چالاكییانه ده‌بێ هه‌وڵدان بۆ مه‌تره‌ح بوون و ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له «كۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان» (U.N) بێ كه دیاره بایه‌خێكی ئێجگار گرینگی هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی كوردی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌بێ هه‌وڵێكی جیددیش بده‌ن بۆ ناسین و ناساندنی ئه‌م كۆمپانیا و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له ته‌یار كردنی ڕژێمی به‌عس به چه‌كه كۆمه‌ڵ‌كوژه‌كان ده‌ستیان هه‌بوو. ئه‌م هه‌وڵه ده‌بێ هاوڕێ بێ له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی كه به قوربانییه‌كان گه‌یشتووه و هه‌روه‌ها داوای لێبوردنی تاوانباران له گه‌لی كورد. بێ‌گومان سه‌رجه‌م و كۆی ئه‌م هه‌وڵ و تێكۆشانانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه له‌م جیهانه‌دا بایه‌خی خوێن و مافی ئینسانی كورد زۆرتر له‌وه بێ كه ئێستا هه‌یه و ته‌نانه‌ت له شوێنی دیكه‌ش ده‌سه‌ڵاتداران وا لێده‌كا كه پێشی پێشێل و زه‌وت كردنی مافی هاوڵاتیانی كورد، سیاسه‌ته‌كانیان «هه‌زینه ـ فایده» بكه‌ن و به شك و گومان و دوودڵێكی زێده‌تره‌وه هه‌نگاو هه‌ڵێنن. جگه له‌مانه‌ش بۆ هه‌میشه یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال وه‌ك ڕه‌مزی نه‌مری گه‌لی كورد، زیندوو ڕاده‌گیرێ. کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و یه‌ک له‌وان بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریش ده‌توانی له‌و بواره‌دا ده‌ورێکی ئێجگار گرینگی هه‌بێ.پێمخۆشه له کۆتایی دا ئه‌مه له ئاخری دا ئیزافه بکه‌م که پێک گرتنی دوو ئه‌زموونی کورد و جووله‌که به مانای هاوتا دانانی بزووتنه‌وه‌ی زایونیزم وه‌ک یه‌کی له قالبه‌کانی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی میللی – دیموکراتیک و پێشره‌وی کورد نییه.به‌ڵکوو داکۆکی له خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال وه‌ک فه‌لسفه‌ی پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی کوردیه. دیاره پشت به‌ستن به‌م فه‌لسه‌فه‌یه کومه‌ڵێک ئه‌رک‌و تایبه‌تمه‌ندی پێکدێنێ که له کارکرده‌کانی ده‌وڵه‌تی گۆڕیندا ره‌نگ ده‌داته‌وه به کورتی ئاماژه‌م پێکردن.
.. سه‌رچاوه: وبلاگی صلاح ا‌لدین خدیو |
|
|
|
|
|
|